راپۆرت

ته‌واوى زانیاریی و ورده‌كارى له‌ سه‌ر مووچه‌ى خانه‌نشینان له‌ راپۆرتێكى مه‌ودا میدیادا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ته‌واوى زانیاریی و ورده‌كارى له‌ سه‌ر مووچه‌ى خانه‌نشینان له‌ راپۆرتێكى مه‌ودا میدیادا

مه‌ودا میدیا-

ته‌واوى زانیاریی و ورده‌كارى یه‌كخستنه‌وه‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ عیراق و چۆنێتى زیادكردن و جیاوازییه‌كان له‌م راپۆرته‌دا روون دەکەینەوە.

له‌ ئێستادا كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینانى هه‌رێمى كوردستان 220 هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام له‌ عیراق 500 هه‌زاره‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ زیادكردنى بڕی 100 هه‌زار دینارى تر وه‌ك گرانى بژێوى.

هه‌روه‌ها له‌ عیراق هەر فەرمانبەرێك كاتێك خانەنشین ده‌بێت بڕی 12 مووچەی تەواوەتی بە دەرماڵەكانەوە پێ‌ دەدرێت، به‌ڵام لە هەرێم شه‌ش مووچەی بنەڕەتی، به‌بێ ده‌رماڵه‌كان دەدرێت بە فەرمانبەر.

دواى چه‌ندین ساڵ له‌م جیاوازییه‌، دواجار ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم له‌ 3ى ته‌ممووزى 2024، بڕیاریدا بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عیراق، و پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و جێبەجێ‌ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، كه‌ له‌ رۆژی 22-11-2022 له‌ لایه‌ن دادگاكه‌وه،‌ بڕیاری له‌ باره‌وه‌ درا.

یاسای ژمارەی 9ی خانەنشینی عیراق لە 1-1-2014 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە  و 10 ساڵە کاری پێدەکرێت، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا له‌ هه‌رێمى كوردستانیش جێبه‌جێده‌كرێت و 227 هەزار و 541 خانەنشین لەم یاسایە سوودمەند دەبن، كه‌ به‌وه‌ش نزیکەی 50 ملیار دینار بۆ کۆی گشتیی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت.

به‌پێى یاساكه،‌ ئەوانەی بەر لە ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەکانیان لە 500 هەزار دینار کەمتر نابێت، بەڵام ئەوانەی دوای ئەو رێکەوتە خانەنشین دەبن بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژمار دەکرێت و مووچەکەیان زیاتر دەبێت.

سارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاریى خانەنشینی سلێمانی ئاشكرایكردووه‌ "ئه‌گه‌ر خانه‌نشینكراو زیندوو بێت و مووچه‌كه‌ى 500 هه‌زار دینار بێت، ئەوا 100 هەزاری تری بۆ زیاد ده‌كرێت و دەبێت بە 600 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر خۆی له‌ ژیاندا نه‌مابێت و یەك وارسی هەبێت، ئه‌وا 320 هەزاره‌ و لەگەڵ 100 هەزاره‌كه‌ دەبێتە 420 هەزار دینار".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، ئەگەر وارسی خانه‌نشینى كۆچكردوو، دوو كه‌س بێت، 360 هەزار مووچەی خانەنشینیەکەی دەبێت، لەگەڵ 200 هەزار دینار دەرماڵەی بەخشین بۆ هەریەک لە دوو وارسه‌كه‌ى، به‌وه‌ش كۆى مووچەکەى دەبێتە 560 هەزار دینار.

هه‌روه‌ها، ئەگەر وارس بریتیی بوو له‌ سێ کەس یان زیاتر، ئه‌وا مووچەکەی 400 هەزار دینار دەبێت، بۆ هەر وارسێكیش 100 هەزار دینار دەرماڵەی بەخشینی پێدەدرێت، به‌وه‌ش كۆى مووچه‌كه‌ دەبێتە 700 هەزار دینار.

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمى كوردستانیش رایگه‌یاندووه‌ "چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ته‌ممووزه‌وه‌ مووچەی خانەنشینان بەپێى یاسای خانەنشینی یه‌كگرتووى عیراق دابەشبکرێت و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیشی، هەرێمی کوردستان یان حکومەتی عیراق کەمتەرخەمی بکات، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەن".

هاوكات، بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابووری له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق ئاشكرایكردووه‌ "به‌ مه‌به‌ستى ئه‌و پرسه‌ بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەولێر دەرکراوە و دەبێت لیژنەکە لە 60 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن.

بەپێی یاسا لە عیراق فەرمانبەر لە تەمەنی 60 ساڵی و لە هەرێمی  کوردستانیش لە تەمەنی 63 ساڵیدا، خانەنشین دەبێت.

پ ح ع 
Qaiwan
Qaiwan