راپۆرت

ورده‌كاریی شێواز و چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران

مەودا میدیا - سلێمانی |


ورده‌كاریی شێواز و چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران

مه‌ودا میدیا-

به‌پێى به‌دواداچووه‌كانى مه‌ودا میدیا، فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم وه‌رگرتنى زه‌وییان له‌سه‌ر بنه‌ماى شوێنى نیشته‌جێبوون و كارتى زانیاریی ده‌بێت.

له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شاره‌وانییه‌كان، پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران خێراتر كراوه‌، به‌ڵام فه‌رمانبه‌ران ئه‌وانه‌ى تا ئێستا سودمه‌ندنه‌بوون له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى شێوازى وه‌رگرتنه‌كه‌یان روونكراوه‌ته‌وه‌.

له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ "پێویسته‌ فه‌رمانبه‌ر 8 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ژن و مێردێك تا ئێستا هیچكامیان زه‌وییان وه‌رنه‌گرتبێت، كامیان خزمه‌تى زیاتره‌، ئه‌وه‌یان وه‌ریده‌گرێت، به‌ڵام خاڵى ئه‌وى تریشیان حساب ده‌كرێت بۆى".

هه‌روه‌ها "یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كان كه‌ له‌خاڵى ده‌یه‌مى یاساكه‌ هاتووه‌ ده‌ڵێت "پێدانى زه‌وى به‌ فه‌رمانبه‌ران، له‌سه‌ر بنه‌ماى شوێنى نیشته‌جێبوون و كارتى زانیاریی ده‌بێت، به‌ڵام له‌ یاساكه‌ و له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائیع ئاماژه‌ى به‌وه‌ نه‌كردووه‌، فه‌رمانبه‌ران له‌ كوێ بێت له‌و شوێنه‌ زه‌وى پێده‌درێت".

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "گرفتێك هه‌یه‌ و تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، ئه‌ویش به‌ سه‌دان و هه‌زاران كه‌س كارتى زانیارییان ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانبه‌رن، ئه‌وانه‌ بێبه‌ش ده‌بن له‌ زه‌وى، یان هیچ رێنماییه‌ك ده‌رنه‌كراوه‌ بۆیان".

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى مه‌ودا میدیا "له‌ سنورى شارى سلێمانى زه‌وییه‌كى زۆر ئاماده‌كراوه‌ بۆ دابه‌شكردن به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به‌جۆرێك به‌شى ته‌واوى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كات كه‌ تا ئێستا سودمه‌ندنه‌بوون له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى، ناوچه‌كانیش له‌ ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامى 60 مه‌ترى ده‌بێت، به‌تایبه‌ت تانجه‌رۆ و تاسڵوجه‌".

هه‌روه‌ها تا ئێستا ئاماژه‌ به‌وه‌ نه‌كراوه‌ ئایا فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست ده‌توانن سودمه‌ندبن له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى یان نا، ته‌نها باس له‌ خزمه‌تى هه‌شت ساڵ كراوه‌، ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌ستانه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌دا خزمه‌ت ده‌كه‌ن.

دیلمان له‌تیف، به‌رپرسى به‌شى یاسا له‌ تاپۆى دووه‌مى سلێمانى به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "پرۆسه‌كه‌ خێرا كراوه‌ و له‌ فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ فۆڕمى تایبه‌ت به‌ فه‌رمانبه‌ران پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین مه‌رج و رێنمایی له‌ خۆ ده‌گرێت و ره‌وانه‌ى شاره‌وانى كراون".

ع
Qaiwan
Qaiwan