راپۆرت

كۆلێژه‌ پزیشكییه‌ نوێیه‌كه‌ ئه‌مساڵ خوێندكار وه‌رده‌گرێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


كۆلێژه‌ پزیشكییه‌ نوێیه‌كه‌ ئه‌مساڵ خوێندكار وه‌رده‌گرێت؟

مه‌ودا میدیا-

دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا به‌ كردنه‌وه‌ى كۆلێژى پزیشكى هه‌ڵه‌بجه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ بۆ ئه‌مساڵى خوێندن، خوێندكاران له‌و به‌شه‌ وه‌رده‌گیرێن و به‌ ته‌واوه‌تى كۆلێژه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌؟.

له‌ رۆژى 22ى شوباتى 2024، له‌ میانى سه‌ردانیكردنیاندا بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، كۆمه‌ڵێك داواکاری ئاڕاستەی سەرۆکى حكومه‌ت و جێگرەکەی كرا، كه‌ یەکێک لەو داواكارییانه‌ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی ھەڵەبجە بوو، كه‌ دواجار بڕیارى له‌ باره‌وه‌ درا و له‌ رۆژى 16ى ئازار، له‌ ساڵیادى كیمیابارانكردنى شاره‌كه‌دا، فەرمانی وزاریی رادەستی سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ كرا.

له‌ ئێستادا سه‌ربارى فه‌رمانه‌ وازرییه‌كه‌، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان واژۆی کردووه‌ لە سەر پەسەندکردنی پێداویستییەکانی کۆلێژه‌كه‌ و رەزامەندی لە سەر زیاتر لە ملیار و نیوێک دراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان لە سەر بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێم.

به‌ڵام وه‌ك سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە، ده‌ڵێت "بێگومان کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی ته‌نها بە نووسراو نابێت، به‌ڵكو به‌ دابینکردنی کەرەستەی پێویست و بینا و ستاف ده‌بێت".

پرۆفیسیۆر دکتۆر مەھاباد کامل عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە بۆ مه‌ودا میدیا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "لە ئێستادا لە کاردان لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە پێداویستییەکان بۆ کۆلێژەکە دابینبکەن، لە لایەکی ترەوە لە 90%ى بیناکە تەواوبووە و لەو بڕوایەدا نییه‌ زۆری پێچێت، بیناكه‌ش تەواو دەبێت".

وتیشى "له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا لە ھه‌وڵی ئەوەدان ستاف دابینبکەن و ئه‌وانەی بۆرد و ماستەریان ھەیە و كۆلێژه‌كه‌ پێویستی پێیانه‌ لە وەزارەتی تەندروستییەوە بخرێنە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا".

له‌ باره‌ى وه‌رگرتنى خوێندكارانیش بۆ ئه‌مساڵى خوێندن له‌ به‌شه‌كه‌، ناوبراو روونیكرده‌وه‌ "هه‌ركاتێك هه‌موو كاره‌كان تەواو بوون، ئه‌وكات بڕیار دەدەن کە خوێندکار وەربگرن، چونکە له‌ ئێستادا ناتوانن بەڵێن بدەن بۆ وەردەگرتنیان له‌ ئەمساڵ، ئەوەش دەکەوێتە سەر کار و رێکارەکان، و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە". 

زیاتر وتى "ئه‌وان نایانەوێت کۆلێژێک بکەنەوە کەموکورتی ھەبێت، بۆیه‌ كردنه‌وه‌ى له‌ ئه‌مساڵدا قورسە و ئەوەندە ئاسان نییە كۆلێژێكى وا یەکسەر بخرێتە سەر پێی خۆی".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan