عیراقی

تیشكی سەروو وەنەوشەیی لە عیراق دەگاتە ئاستی مەترسیدار

مەودا میدیا - سلێمانی |


تیشكی سەروو وەنەوشەیی لە عیراق دەگاتە ئاستی مەترسیدار


مەودا میدیا-
بەپێی پێوەرەكانی رێكخراوی كەشناسی جیهانی، لە پێنج پارێزگای عیراق تیشكی سەروو وەنەوشەیی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە چەند پارێزگایەكی تریش خەریكە دەگاتە ئاستی مەترسی. 

عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسیی عیراق رایگەیاند "ئەمڕۆ لە هەریەك لە پارێزگاكانی، ئەنبار، بابل، واست، میسان و بەسرە، رێژەی تیشكی سەروو وەنەوشەیی  لە نێوان 8 بۆ 10 پلە بووە و لە پارێزگاكانی، بەغدا، كەركوك، نەینەوا، سەلاحەدین، كەربەلا و موسەنناش تیشكەكە 6 بۆ 7 پلە بووە". 

وتیشی "لەو پارێزگایانەی كە تیشكی سەروو وەنەوشەیی لە 8 پلە زیاترە، مەترسی دەكەوێتە سەر هاوڵاتییان بە تووشبوونیان بە كێشەی تەندروستی، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان لە كاتی چوونەدەرەوەیان بۆ بەر خۆر كڵاو و چاویلكە و چەتر بەكاربهێنن". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەبێتە هۆی نەخۆشییەكانی پێست و سەرەتاش سووتانەوە و چرچی لە پێستدا درووست دەكات و دواتریش ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و مەترسیدار". 
ئ.پ  

Qaiwan
Qaiwan