عارف قوربانی

عارف قوربانی

یەکێتیى دەیەوێ کێ بکات بە پارێزگار؟

لە گەرماوگەرمى دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عیراق، لەژێر ناونیشانى 'هەڵبژاردن نیوەى رێگەکەیە، بۆ نیوەکەى دیکەى چى دەکەن؟' وتارێکم نووسى، تێیدا ئاماژەم بەوە دابوو؛ کورد لە کەرکوک لە نیوەى یەکەمدا سەرکەوتوو نەبوو، نیوەکەى دیکەى بریتییە لە دروستکردنى هاوپەیمانیێتى دواى هەڵبژاردن، بایەخى ئەم قۆناغەیان لە یەکەم گرنگتر نەبێت، کەمتر نییە و شرۆڤەى ئەوەم کردبوو با بزانین کورد دەرفەتى ئەوەى هەیە نیوەى دووەم بەرێتەوە؟ 

 بریا بۆچوونەکانم راست دەرنەچووبان دەربارەى ئەو گیروگرفتانەى خستبوومنەڕوو، کە بەشێکیان بەهۆى تایبەتمەندیی یاساکەوە دەربارەى کەرکوک، هەروەها بەهۆى دەرئەنجامە بەدەستهاتووەکان و لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ناکۆکیی نێوان پارتى و یەکێتییەوە، پێموابوو ئەگەرى وەرگرتنەوەى ئیدارەى کەرکوک بۆ کورد ئاسان نابێت. کە یەکێک لە بەڵێن و درووشم و ئامانجەکانى بەشداریی هێزە سیاسییەکانى کورد بۆ هەڵبژاردن، وەرگرتنەوەى ئیدارەى کەرکوک بوو، کە لە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 بە زەبرى هێزى میلیشیاکانى سوپاى قودسى ئێران، حیزبوڵڵاى لوبنان، حەشدى شەعبی و سوپاى عیراقەوە لە کورد سەندراوەتەوە و عەرەب شارەکە بەڕێوەدەبەن.

 بەداخەوە، وا هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق تێپەڕیکردووە و تەنها پارێزگایەک نەیتوانیوە حکومەتى خۆجێى دروست بکات بۆ بەڕێوەبردنى شارەکە، پارێزگاى کەرکوکە. مانەوەى ئەم دۆخەى کەرکوکیش بەم شێوەیە، تەنها لە بەرژەوەندیی لایەنى عەرەبیدایە، چونکە شارەکە بە رەهایى لەژێر هەژموون و ئەجێنداى ئەواندا بەڕێوەدەبرێت. 

بۆیە بەلاى عەرەبەوە کە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر کەرکوکدا سەپاندووە، نەک زۆر جێى بایەخ نییە حکومەتى خۆجێى شارەکە دروستبکرێت، بگرە ئاواتى ئەوە دەخوازن گرێى ئەم کێشەیە بە کەسیش نەکرێتەوە. ئەوەى پێویستە زۆر پەرۆشى پێکهێنانى ئیدارەى تازەى کەرکوک بێت، بە پلەى یەکەم دەبێت لایەنى کوردی بێت، چونکە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى کەرکوک لە خراپترین حاڵەتیدا بۆ کورد لەمە باشترە کە ئێستا هیچ رۆڵێکى لە بەڕێوەبردنى کەرکوکدا نەماوە، دروستکردنى حکومەتى خۆجێى، لانى کەم دەرگاى بەشدارى بۆ کورد دەکاتەوە کە ئەگەر پۆستى پارێزگاریشى نەدرێتێ، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا و قایمقام و چەند بەڕێوەبەرێتییەکى گرنگ وەردەگرێتەوە. 

 هەرچەندە بە هەموو پێوەرێک پۆستى پارێزگار مافى کوردە، رەوایەتیی ئەو مافەشە بووەتە گرێکوێرەى حکومەتى خۆجێى کەرکوک، چونکە لەلایەک عەرەب نایانەوێ بە ئاسانى ئەو مافە بە کورد بدەنەوە، لەلایەکى دیکەشەوە پارتى و یەکێتیى لەسەر ئەوەى کێ بکرێت بە پارێزگارى کەرکوک رێک ناکەون کە ئەگەر یاساى تایبەت بە هەڵبژاردنى کەرکوک بەو رەهاییە کۆتوبەندى نەخستایەتە سەر  ئەنجامەکان، بە رەچاوکردنى ئەوەى وەک لیستى یەکەم لەسەر ئاستى حزب و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکانى هەڵبژاردن، دەبوو پۆستى پارێزگارى کەرکوک بدرێتە یەکێتیى نیشتمانى کوردستان.

 سەربارى ئەوەى یاساى هەڵبژاردنەکە، سازانى پێکهاتەکانى کردووەتە بنەما لەبرى رێژەى دەنگ و کورسییە بەدەستهاتووەکانى ئەنجومەن، بەڵام هەق هەر بە لاى کوردەوەیە لە سازانى پێکهاتەکاندا پۆستى پارێزگار وەرگرێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەنێو کوردیشدا بە حوکمى واقیعى کەرکوک و پێگەى (ی. ن. ک.) لە شارەکە، هەق بە یەکێتییە پۆستەکە وەرگرێت.

 بەڵام یەکێتى شانس و کارتەکانى لاوازن. شانسى کەمە، لەبەرئەوەى هاوکێشەى عیراق بەسەر دوو جەمسەرى ناوخۆیى و هەرێمایەتى دابەشبووە، (جەمسەرى سوننە و جەمسەرى شیعە). یەکێتیى لە کەرکوک بە ئەنجامى هەڵبژاردن براوەى یەکەمە، بەڵام وەک جەمسەرى شیعە، لە هاوپەیمانێتییەکى دۆڕاودایە. لایەنەکانی دیکە لە بەرەى عەرەبى، تورکمان و لایەنى پارتیش، هەر سێ لایان لە جەمسەرى سوننەن. 

کارتى لاوازى یەکێتی بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار ئەوەیە؛ تائێستا بەشێوەى فەرمى ناوى کەسى بەربژێر نەکردووە کە دەبوو بە خوێندنەوەى ئەو گرفتانەى هاوکێشەکەى بۆ قورس کردبوو، زۆر بەزوویى ناوى کارەکتەرێکى بەهێز و پەسندکراوى بۆ ئەو پۆستە رابگەیەندایە، بۆ ئەوەى ببووایە سەرچاوەى هێز بۆ یەکێتیى لە هاوکێشەکەدا، کە دوور نەبوو بە دیاریکردنى بەربژێرێکی بەهێزى پەسندکراو، بۆچوونى هەندێ لایەنى نێو هاوکێشەکەى بەقازانجى یەکێتیى بگۆڕیبووایە و، دەبوو بەهۆى دەستەبەرى پشتیوانى بۆ یەکێتیى و ئەوکات رەنگە خەڵکانى دەرەوەى یەکێتیش لە بێلایەن و لەنێو حزبەکانى دیکەى کوردستانیش، پشتیوانیان بکردایە و ببووایەتە کارتى گوشار تەنانەت بۆ سەر پارتیش. بەڵام لەدۆخێکى وادا، کە نەزاندرێت کێ دەپاڵێورێت بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگار، نەک لە دەرەوەى یەکێتیى و لەنێو هێزە کوردستانییەکان پشتیوانى بۆ یەکێتیى دەستەبەر نەکردووە، تەنانەت لەنێو یەکێتیش هەموویان مکوڕ نین لەسەر داواى ئەو پۆستە، چونکە کەس ئامادە نییە شەڕ بۆ شتێکى نادیار بکات. ئەمەش کارتى یەکێتیى لە هاوکێشەى وەرگرتنى پۆستى پارێزگار لاوازکردووە.

لێرەدا رووداوێکم بیرکەوتەوە، پەیوەست بە یەکەم هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووک و مەبەستمە تێکەڵ بەم باسەى بکەمەوە. ئەوکات کورد لەنێوان بەشداریکردنى هەڵبژاردن و بایکۆتدا زۆر درەنگ خۆى یەکلاکردەوە کە بەشدارى هەڵبژاردن بکات، بەو هۆیەوە پەلەپرووزێیەک بە دیاریکردنى کاندیدەکانەوە دیار بوو. ئەوکاتە من بەڕێوەبەرى تەلەڤزیۆنى کەرکوک بووم، پەیوەندییەکى فراوانمان لەگەڵ هەموو چین و توێژ و لایەنە سیاسییەکاندا هەبوو بە هەموو رەنگە جیاوازەکانیانەوە، بەدەم خۆم نەیڵێم، بارەگاکەمان بووبووە ناوەندێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى، ئەوەش وایکردبوو لە دەرەوەى کاروبارى رۆژانەى تەلەڤزیۆن، بەردەوام ژوورەکەم بێ میوان نەبێت. 

 یەکێک لەوانەى لانى کەم هەفتانە سەردانى دەکردین، شێخ پیرۆت تاڵەبانى بوو، ئێوارانێکى درەنگ هات بۆ لام، پێم گوت نیو کاژێری دیکە من دەچم بۆ سلێمانى لە کەناڵى کوردسات میوانى بەرنامەیەکم. ئەویش وتى هەر هاتم هەندێ قسە بکەین، کەواتە قاوەیەک دەخۆمەوە و رۆژێکی دیکە دێمەوە. شێخ پیرۆت چ وەک کەسایەتى و وەک بنەماڵەش لە کەرکوک زۆر پەسندکراو بوون، نەک هەر لاى کورد، زۆربەى بنەماڵە تورکمان و عەرەبەکانیش بێئەندازە رێزیان دەگرت و بۆ کێشە و گیروگرفتى خۆیشیان روویان لەو دەکرد. ئومێدێکى زۆرمان لەسەر ئەو پەیوەندییانەى هەڵچنیبوو، بەشێک لە دەنگى بنەماڵە دیارەکانى تورکمان و عەرەبیش بێت بۆ لیستى برایەتى، بەدەم قاوەخواردنەوە کەوتمە موناقەشەى هەڵبژاردن و دیاریکردنى بەربژێرەکان، پێکەنى و وتى دەزانى بۆ ئەم باسە هاتبووم، ئەوە ئێستا لاى فڵان بووم و پێمى وتووە ناوى تۆش دەخەینە لیستەکەوە، لێم پرسیوە ئەى کێى دیکە کاندید دەکەن؟ وتوویەتى ببوورە ناتوانم پێت بڵێم. وتى منیش وتوومە دەتانەوێ ناوم بخەنە لیستیکەوە، دەنگى پێ کۆبکەنەوە، کە نەزانم کێی دیکە کاندیدە، نەک کارى بۆ ناکەم، خۆیشم دەنگى پێنادەم. 

مەبەستم لەم گێڕانەوەیە بۆ ئێستاى یەکێتییە، کە داواى پۆستى پارێزگارى کەرکوک دەکات و ناشزاندرێ دەیەوێ کێ بکات بە پارێزگار، بێگومان هیچ کام لەوانەى کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەر هاوکێشەکە هەیە، کارى بۆ ناکەن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan