راپۆرت

زووتر ناردنى لیستى مووچه‌ بۆ به‌غدا، نه‌پاره‌ى له‌ واده‌ى خۆیدا نارد و نه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌شى پێش خست

مەودا میدیا - سلێمانی |


 زووتر ناردنى لیستى مووچه‌ بۆ به‌غدا، نه‌پاره‌ى له‌ واده‌ى خۆیدا نارد و نه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌شى پێش خست

مه‌ودا میدیا-

مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنى مووچه‌ى مانگى ته‌ممووزدان و چه‌ند رۆژێكیشه‌ به‌ سه‌ر واده‌كه‌یدا تێپه‌ڕیوه‌ و مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌، حكومه‌تى هه‌رێمیش چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كات پاره‌ بنێرێت.

ئه‌گه‌رچى بۆ ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زووتر به‌راورد به‌ مانگه‌كانى رابردوو لیستى مووچه‌ى ره‌وانه‌ى به‌غدا كرد به‌ مه‌به‌ستى وردبینى كردن، كه‌ ئۆمێدى به‌خشى به‌ مووچه‌خۆران كه‌ ئه‌م مانگه‌ زووتر مووچه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو.

له‌ پاڵ ئه‌وه‌ى باسله‌وه‌ ده‌كرێت كه‌موكورتى له‌ لیسته‌كه‌دا هه‌بووه‌ و گۆڕانكارى له‌ ناوى فه‌رمانبه‌رانى چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌ك كراوه‌ ئه‌وه‌ش گرفتى دروستكردووه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كرێت كه‌ وردبینى له‌ لیستى مووچه‌دا ته‌واو بووه‌، واته‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بووبێت چاره‌سه‌ر كراوه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند "كێشه‌ى مووچه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌ و پرۆسەی وردبینیی کاتی دەوێت، رەنگە هەندێک تێبینی مابێت، ئەوەش چارەسەر دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت".

هاوكات، د. جه‌مال كۆچه‌ر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "لایه‌ن روون نییه‌ كه‌ى به‌غدا پاره‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆران ده‌نێرێت و ناتوانن پێشبینى ئه‌وه‌ش بكه‌ن هه‌فته‌ى داهاتوو پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت یاخودا نا".

سه‌باره‌ت به‌ دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانیش له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی عیراق، ده‌بێته‌ هۆى زیاتر دواخستنى ناردنى پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم و په‌یوه‌ندى به‌و پرسه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ناوبراو، چه‌ختى كرده‌وه‌، پێی وا نییه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆى دواخستنى ناردنى پاره‌، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان په‌یوه‌ندى نییه‌ به‌و پرسه‌وه‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، له‌ ئێستادا کێشەی نەختینە هه‌یه‌ لە عیراق، و بۆ دابەشکردنی کۆتایی مووچەش واژۆی ته‌یف سامى، وەزیری دارایی پێویستە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومه‌تى هەرێمی کوردستان، رۆژی 21ی تەممووزی 2024، بڵاویکردەوە، لیستی مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابورییه‌وه‌ رادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کرا، به‌ڵام وا هه‌شت رۆژ له‌ مانگى تازه‌ش تێپه‌ڕى، نه‌ پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ نێردرا و نه‌ مووچه‌ش دابه‌شكرا

پ ح ع 
Qaiwan
Qaiwan