راپۆرت

خێر بۆ خوێش، نەک بۆ دەروێش، دۆخی کارەبا لە ھەرێم پێچەوانەى ئەم پەندەيە

مەودا میدیا - سلێمانی |


خێر بۆ خوێش، نەک بۆ دەروێش، دۆخی کارەبا لە ھەرێم پێچەوانەى ئەم پەندەيە

مه‌ودا میدیا-

وەک پێشینان دەڵێت (خێر بۆ خوێش، نەک بۆ دەروێش) واتە خێر و چاکەت بۆ خزمان و کەسە نزیکەکانت بێت، نەک بۆ بێگانە. بەڵام ئەم حکومەتەی خۆمان رێک بە پێچەوانەوە تێگەیشتووە و خێرەکەی بۆ ده‌روێشه‌، واته‌ بۆ بێگانەیه‌ و زەحمەتەکەی بۆ خوێشه‌،واته‌ نزیکەکانی کە میللەتەکەی ژێر دەستی خۆیەتی، ھەر لە دۆخی کارەباکەیەوە تەماشا بکەن، ئەو راستییەیەتان بۆ دەردەکەوێت و دەڵێن: ئەشھەدو راستە.

لە ماوەی 32 ساڵی حکومڕانی حکومەتی کوردی کە ھەرچی دروشمی جوانی خزمەتگوزارییە نەماوە نەیدا بە گوێی میللەتە، ھەر دۆخی کارەبای چاک نەکرد و ھەزاران کەس لە چاوەڕوانی بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی دەسەڵاتداران بۆ کارەبای 24 کاتژمێریی سەری نایەوە.

چەندینجار به‌ڵێنىاندا به‌رهه‌مهێنانى مێگاواتی کارەبا زیاد بكه‌ن و دۆخى كاره‌با باشتر بكه‌ن، ئەو ھەموو مێگاواتە زیادی کرد و ئەو ھەموو ساڵە لە تەمەنی ھاوڵاتییان ڕۆی، ھەر ئەو ئومێدانەی لە سەريان بنەمای بەڵێنەکانیان ھەڵچنرابوون نەھاتنەدی.

زیادکردنی بەرھەمھێنانی مێگاوات سوودێکی واى بۆ ھاوڵاتییان نەبوو، چونکە حکومەت تموح گرتی و پێی حەیف بوو بە بەلاش بیدات بە میللەتەکەی خۆی لە کاتێکدا کڕیاری ھەیە و پارەی باشیان بۆ دەکات، بۆیە پشتی لە میللەت کرد و رووی کردە عیراق و لەپێناو زیاتر و زیاتر کردنی داھات و سەروەتە لە حساب نەھاتووەکەیان فرۆشتییان.

لە ئێستادا رێژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان، سێ هەزار و 989 مێگاواته‌، لەو بڕەش زیاتر لە هەزار مێگاوات لە رێگەى دوو کۆمپانیاى خۆماڵى دەفرۆشرێت بە عیراق و 350 مێگاوات دەدرێت بە کارگەکان، تەنها دوو هەزار و 639 مێگاوات کارەبا بۆ هاوڵاتییان ده‌مێنێته‌وه‌. 

ئەوەش وای کردووە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە ھاوڵاتییان کەمبێت و به‌رپرسان خۆیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ دۆخی کارەبا باش نییە و وەک ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بۆ مەودا میدیا وتی  "مه‌فروزه‌ كاره‌با باش بكرێت، کاتێکیش لێدوان له‌ سه‌ر خراپى كاره‌با دەدەین ھاوڵاتییان تەشیرمان پێدەکەن. ".

ھاوکات، وتەبێژەکەی کارەبای سلێمانیش پێدانى كاره‌باى بۆ گه‌رمترین مانگ خستەڕوو، و وتى "لە مانگی تەممووزدا به‌تێكڕا 11 کاتژمێر کارەبا دراوە بە ھاوڵاتییان و گەڕەک ھەبووە لە ناو شاردا ھەشت کاتژمێر کارەبای ھەبووە".

فرۆشتنی كاره‌با به‌ عیراق له‌كاتێكدایه‌، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سەرمادا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە هەرێم زیاد دەبێت و بەوەش پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا زۆر کەمدەکات، بۆیه‌ هاوڵاتییان له‌ رێگه‌ى موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ له‌ سه‌ر گیرفانى خۆیان بڕى پێویستى كاره‌با پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وا ده‌كات نرخى هه‌ر ئه‌مپێرێك كاره‌باى موه‌لیده‌ به‌رزتر ببێته‌وه‌ و هاوشانى كێشه‌ى مووچه‌، زینده‌گى سه‌خت بكات.

پ ح ع 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

گفتوگۆی دوو سەرۆك كۆمار بە زمانی كوردی كەم نییە

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

ژن و کارکردن لە تاقیگەکانی پزیشکیدا

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

دیکتاتۆرەکانیش بەشەڕ دێن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە