گشتی
لەم مانگەدا دیاردەیهكی سرووشتی روودەدات و دوو كاتژمێر دهخایهنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
شارەزایهكى بواری کەشناسی و گەردوونناسی رایدهگهیهنێت "وا چاوەڕوان دەکرێت لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشهممهى ههفتهى داهاتوو 18-9-2024، دیاردهى مانگگیران رووبدات و بهگشتى ماوهى مانگگیرانهكه نزیكهى شهش كاتژمێر و له ههرێمى كوردستانیش دوو كاتژمێر دهخایهنێت".
سالار حاجی عەلی، شارەزاى بواری کەشناسی و گەردوونناسی بۆ مهودا میدیا رایگەیاند "بەرەبەیانی رۆژى 18ی ئهم مانگه، مانگگیران لە جیهان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان روودەدات، كه لەم ناوچانە لانیکەم هەندێک بەش لە مانگگیرانەکە دەبینن؛ ئەوروپا، زۆربەی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمهریکای باکوور، ئەمهریکای باشوور، زەریای هێمن، ئەتڵەسیی، زەریای هیندی، جەمسەری باکوور، جەمسەری باشوور".
وتیشى "ئەو ناوچانەی کە سێبەری سووکتریان بەجێماوە (رۆژئاوا)ی ناوەندەکە دوای هەڵهاتنی مانگ/خۆرئاوابوون، تووشی مانگگیران دەبن، ئەو ناوچانەشی کە سێبەری سووکتریان هەیە راست (رۆژهەڵات)ی ناوەندەکە تا مانگ ئاوابوون/خۆرهەڵاتن، ئەزموونی مانگگیرانەکە دەکەن، وه بینینی راستەقینەی مانگگیران بەندە بە بارودۆخی کەشوهەوا و هێڵی بینین بۆ مانگ، بۆیه لە هەندێک شوێنەوە تەواوی مانگگیرانەکە دیار دەبێت، لە هەندێک ناوچەی دیکەشدا مانگ لە کاتی مانگگیرانەکەدا بەرز دەبێتەوە یان ئاوا دەبێت، وەک هەرێمی کوردستان".
ئهو كهشناسه، ئاشكراشیكرد "کاتێک مانگگیران لە سەرانسەری جیهاندا روودەدات، مانگگیرانەکان دەتوانرێت لە هەموو شوێنێکی دیوی شەوی زەوییەوە ببینرێت، ئەگەر ئاسمان ڕوون بێت".
روونیشیكردهوه "مانگگیران لەسەر ئاستی پایتەختى ههرێم، بەشێوەیەکی هەستپێکردنی تارمایی بۆ بەشهکی دەبینرێت، لەکاتژمێر(03:41) مانگ دەچێتە نێو (Penumbra) بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە (Penumbra )دەمێنێتەوە، وه لە کاتژمێر (05:13) دەچێتە نێو (Umbra)، لەکاتژمێر (05:44) دەچێتە ناوەڕاستی (Umbra )کە لە سەدا 08 مانگگیران دەبێت، ئەو بەشەی بەڕەنگی سوور دێت، کاتی مانەوە لە نێو (Umbra) (01:03) دەمێنێتەوە، تاوهكو کاتژمێر (06:16)، دواتر جارێکی تر بۆ دەرچوون دەچێتەوە نیو (Penumbra) و چەند کاتژمێرێك دەمێنێتەوە".
ئهوهشى خستهڕوو "تاوهكو کاتژمێر 07:47 بەردەوام دەبێت دواتر کۆتایی دێت، هەموو مانگگیرانەکە لە جیهان (05:44:15) پێنج کاتژمێر و چلوچوار خولەک و پانزە چرکە دەبێت، وه لە هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی پایتەخت (02:03) دوو کاتژمێر و سێ خولەک دەبێت".
سالار حاجى عهلى، زیاتر وتى "هەندێک وڵات بەر رۆژژمێری 17ی مانگ دەکەوێت بە پێى جوگرافیای وڵاتەکەی، وه ئەم مانگگیرانە کەرتی بەشەکی ناو دەبرێت به رهنگ کاڵ، بەو پێیەی سێبەری زەوی لە سەدا 08 (Umbra) لە سەر رووی مانگ دەردەکەوێت، لە هەرێمی کوردستان بە چەند خولەک ئەوبەشەی (Umbra) دەبینرێت، ئهویش بە ئامێری زووم کردنی تایبەت لە کاتی نزیک فەجری بەیانی بەرەو خۆرهەڵات".
ئاماژهى بهوهشكرد "مانگگیران دیاردەیەکی سرووشتییە، زەوی دەچێتە بەر تیشکی خۆر دوور یان نزیک یان ئاڕاستەی رێک یان لار سێبەری بڵاو دروستدەکات لە سەر رووی مانگ، هەروەها جارێکی تر له ساڵی داهاتوودا گەورەترین مانگگیرانی سووری خوێنی روودەدات لە شەوی 07ی مانگی 09ی 2025، لە هەموو جێهان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان دەبینرێت".
پ ح ع