راپۆرت

هۆكاره‌كانى زیادبوونى دیپۆرتكراوان ئاشكرا ده‌كرێت"رێژه‌كه‌ش به‌و راده‌یه‌ نییه‌"

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆكاره‌كانى زیادبوونى دیپۆرتكراوان ئاشكرا ده‌كرێت"رێژه‌كه‌ش به‌و راده‌یه‌ نییه‌"

مەودا میدیا-

سەبارەت بە زیادبوونی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت لە وڵاتی ئەڵمانیا باس لەوەدەکرێت، رێژەکە گەشتووەتە 17%، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکانیش رەتیدەکاتەوە ئەو رێژەیە راست بێت و دەڵێت "لەم ساڵ رێژه‌كه‌ ناگاتە 1%یش".

لەبارەی ھۆکاری زیادبوونی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، بەکر بابانی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "لە سەرەتای ساڵی تازەوە، یەکێتی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا بەرنامەیەکیان خستەکار بۆ ئەوەی بتوانن ئەو لۆدە (فشار) زۆرەی لەسەر وڵات ھەیە بەھۆی ئەو رێژە زۆرەی پەنابەران، کەمی بکەنەوە و ئەو کەسانەی تا ئێستا کەیسەکانیان وەڵام نەدراوەتەوە، یان چاوپێکەوتنیان کردووە و رەفزیان پێدراوە، دیپۆرت بکرێنەوە".

وتیشی "مەبەست لەوەش خاڵی کردنەوەی وڵاتەکەیانە لە پەنابەران و ئەڵمانیا بەتایبەت دەیەوێت ئەوانەی لە یۆنان و ئیتاڵیاوە ھاتوون، بیانگەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتانە".

سەبارەت بەوەی دەوترێت رێژەی دیپۆرتکردنەوە گەشتووەتە 17%، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان، ئاماژەی بەوەکرد "دیپۆرتکراوان بەو شێوەیە زۆر نییە و ئەو رێژەیە یەکجار زۆرە، چونکە لە سەرەتای مانگی یەکەوە تاوەکو ئێستا ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستان دیپۆرتکراونەتەوە نەگەشتووەتە 150 کەس، کە ئەوەش رەنگە لە 1%  تەواو نەکات".

ئەوەشی ئاشکرا کرد "دیپۆرتکردنەوە پەیوەندی بە تازە و کۆنەی پەنابەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەیسەکەوەیە کە ئایا رەفزی ھێناوە یان نەیھێناوە، بەڵام ئەوانەشی تازە سەفەر دەکەن بەتایبەت بۆ ئەڵمانیا ئەگەر دیپۆرتیش نەکرێنەوە کەیسەکەیان زۆر درێژخایان دەبێت و لەو ماوەیەشدا لە کەمپە داخراوەکان دەیانھێڵنەوە و بڕێک سۆسیالی پێدەدرێت( بڕێک پارە بۆ بژێوی رۆژانەی)، و وەک ساڵانی رابردوو نییە رێگە بدەن پەنابەر کار بکات بۆ خۆشی ژیانی  خۆی".

زیاتر روونیکردەوە "وڵاتی بەریتانیاش کارئاسانی کرد بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەرنامەی رواندە، ئەیگینا زیاتر لە 75 ھەزار پەناخواز لەو وڵاتە بوو، کە کەیسەکانیان لە دادگای تێھەڵچوونەوەی لاجیھین بوو بۆ ئەوەی رەوانەی رواندە بکرێنەوە".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan