راپۆرت

وه‌فایه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند "بەهادین عەبدوڵڵا" له‌ 15 هه‌مین ساڵیادى كۆچى دواییدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


وه‌فایه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند "بەهادین عەبدوڵڵا" له‌ 15 هه‌مین ساڵیادى كۆچى دواییدا

مه‌ودا میدیا-

به‌ ئه‌كادیمى نه‌يخوێندبوو، به‌ڵام رۆڵگێڕانى ئه‌كادیمى بوو.

هه‌ر به‌رهه‌مێكى پێشكه‌شده‌كرد، په‌یامى هه‌بوو.

هونەرمەند بەهادین عەبدوڵڵا ئیبراهیم، ناسراو بە "بەهادینی حەلیم"، كه‌س نییه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئه‌ودا دانیشتبێت به‌ دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ و نه‌یناسێت.

له‌ 15هه‌مین ساڵیادى كۆچى دوایی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا وه‌فایه‌ك‌ ده‌نوێنین له‌ پاى ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ى به‌ هونه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كردووه‌.

بەهادین عەبدوڵڵا، له‌ ساڵی 1953 لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، و قۆناغه‌كانى خوێندنى سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی كشتوكاڵى به‌كره‌ى جۆى ته‌واو كردووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌ خێزانێكى هه‌ژارى كوردپه‌روه‌ر بووه‌ و له‌ ساڵى 1977 لە تەمەنی 24 ساڵیدا بووەتە پێشمەرگە، له‌ ساڵی 1990یش ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.

له‌ دواى پرۆسەی راپەرین و دواى ئه‌وه‌ى کەناڵی گەلی کوردستان دامه‌زرا، لە کۆتاییەکانی ساڵی 1992 و سەرەتاکانی 1993دا، كه‌ بەرنامەی کەشکۆڵ دروستده‌كه‌ن، دەبێتە یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی تیپی کەشکۆڵ، له‌ پاش ئه‌وه‌ش تیپی هونەری رەنگاڵەیان دامەزراند و دواتریش  بەرنامەی هەمەڕەنگیان دەستپێکرد.

له‌ماوه‌ى كارى هونه‌رییدا، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی دیار و لێهاتوو كارى كردووه‌ له‌وانه‌، سیروان جەمال، کەمال سابیر، مستەفا ئەحمەد، بەرزانی قالەی خەڵوز و ماهیر حه‌سه‌ن و چەند هونەرمەندێکی دیكه‌.

هونه‌رمه‌ند به‌هادین عه‌بدوڵڵا و هاوڕێكانى له‌ ماوه‌ى كاری هونه‌رییاندا هه‌وڵیان ده‌دا كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كى هۆشیارى به‌رز ببه‌ن له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، هه‌ر به‌رهه‌مێكیان دروستده‌كرد  په‌یامێكى تێدابوو.

هونه‌رمه‌ند، له‌ پاڵ ئه‌وانه‌شدا لە چەندین فلیم و درامادا رۆڵی بینیوە، له‌وانه‌ دراماکانی (چاخانەکەی شێخە، لە گوڵێک کاڵتر و گەردەلول له‌ هه‌ردوو به‌شى یه‌ك و دوودا و رۆڵی معاون پاشاى هه‌بوو، كه‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى ناودار هادى مه‌حمود، ناسراو به‌ (حه‌مه‌تاڵ) به‌ركه‌وتنیان هه‌بوو، وه‌ له‌ هه‌ر به‌ركه‌وتنێكیشدا ئه‌وه‌نده‌ جوان و كۆمیدیانه‌ رۆڵیان ده‌گێڕا كه‌س نه‌ده‌بوو ته‌ماشایان بكات و پێنه‌كه‌نێت، مه‌خابن هه‌ردووكیان له‌ دواى ئه‌و هه‌موو پێكه‌نینه زۆره‌‌یان كه‌ پێبه‌خشین، به‌ ماڵئاوایی كردنیان دڵى هه‌مووانیان خه‌مبار و نیگه‌ران كرد). 

به‌هادین عه‌بدوڵڵا، ئیتر مه‌رگ رێگرى ده‌كات له‌ به‌رده‌وام بوونى به‌ كارى هونه‌رى و لە رۆژی 21ی ئەیلوولی 2009، هاوشێوه‌ى هاوكاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ى( به‌رزانى قاله‌ى خه‌ڵوز)وه‌ك چۆن له‌ جه‌ژنى قوربانى ئه‌مساڵدا ماڵئاوایی لێكردین، ئه‌ویش له‌ دووه‌م رۆژى جه‌ژنى قورباندا‌ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجاری له كه‌سوكارى و هاوڕێیانی و هاوادارانى كرد.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان