ئینستتیوتى نارین

بەهار مەحمود: رۆژانە خەڵک پەیوەندی دەکات بۆ ئەوەی فێری زمانی ئاماژە بێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەهار مەحمود: رۆژانە خەڵک پەیوەندی دەکات بۆ ئەوەی فێری زمانی ئاماژە بێت
مەودا میدیا-

لە دنیای پڕ لە بەربەست و ئاستەنگدا، کەسانێک هەن ژیانیان تەرخان دەکەن بۆ رووخاندنی ئەو دیوارانەی کۆمەڵگە لە نێوان مرۆڤەکاندا دروستی کردوون. خاتوو بەهار، یەکێکە لەو کەسانەی بێوچان کاری کردووە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان جیهانی دەنگدار و بێدەنگی... ئازارەکانی کردووەتە هەوێن و هێزی بزووێنەری خزمەت و بەخششەکانی.

لەم چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخەینە سەر ژیان و کارە بەرچاوەکانی ئەم خاتوونە، کە خزمەتێکی بێوێنەی بە توێژی کەڕولاڵ و بێسەرپەرشتان کردووە. وەک چالاکوانێکی دڵسۆز، رۆڵێگی گرنگی گێڕاوە لە پەرەپێدانی زمانی ئاماژە و بەشداری کردووە لە ئامادەکردنی فەرهەنگی زمانی ئاماژەی کوردیدا، کە هەنگاوێکی مەزنە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و تێگەیشتنی نێوان توێژەکانی کۆمەڵگە...

خۆت بناسێنە؟
ناوم بەهار مەحمود محەمەدە، خێزانەکەمان بە "چاوماران" یاخود "سابوونچی" ناسراوین. لە 21ی ئازاری 1962 لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی لەدایک بووم.

ئەو دوو نازناوە لە چییەوە هاتوون؟
چاوماران؛ لە باپیری باوکمەوە بۆمان ماوەتەوە، دەڵێن چاوی زۆر تیژ و جوان بووە. وەک باسی دەکەن، لەسەر گۆیژە سوارێکی ببینیایە، دەیوت ئەوە فڵانە کەسە. 
سابوونچییەکەش بەهۆی پیشەی باوکم و باپیرمەوە بەسەرماندا بڕاوە، چونکە سابوونیان دروست دەکرد. 

یەک جۆر سابوونیان دروست دەکرد، یاخود جۆراوجۆر بوون؟
جۆراجۆر بوون، لە جۆری سابوونی گەورە، سابوونی شام و سابوونی سەرکەف.

دەزانیت چۆن سابوونیان دروست دەکرد؟
بەڵێ، چەوریی حەیوان لەگەڵ قڵیە کە لە موسڵەوە دەیانهێنا، دەیانخستە مەنجەڵێکی زۆر گەورەی ئاسنەوە کە لەژێرەوە بۆرییەکی پێوە بوو، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ئەو تێکەڵەیەیان دەکوڵاند، کاتێک شل دەبووەوە، بۆرییەکەی خوارەوەی بەرمیلەکەیان دەکردەوە و شلەکە دەڕژایە رێڕەوێکی وەک جۆگەلە کە لە تەختە دروست کرابوو. پێش ئەوەی بچێتە خوارەوە، سەرکەفەکەیان دەگرت و دەکرا بە سابوونی "سەرکەف"، ئەوە پێویستی بە هەتاو بوو بۆ وشککردنەوە، کاتێک هەور یان باران بوایە، خەمیان لێ دەهات. هەندێک جار چەوری کەم بوو، بە گۆشتەوە دەیانکڕی و گۆشتەکەیان لێ دەکردەوە و دەکرا بە تاسکەبابی و زۆر خەڵک هەبوو دەهاتن و دەیانبرد، یاخود بەشیان دەکرد.

سابوونەکانیان لە کوێ دەفرۆشت؟
لەناو سلێمانی، جاری واش هەبوو دەبرانە شارەکانی تری عیراق.

تا کەی لەسەر ئەو کارە بەردەوام بوون؟
تا ساڵی 1958 – 1959.

ئەو مەنجەڵانەتان ماوە کە سابوونیان پێ دروست دەکرد؟
تا ساڵی 1971 مابوومان. لەو ساڵەدا ئینگلیزەکان دوو جار چاوپێکەوتنیان لەگەڵ باوکم کرد لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی سابوون و پێکهاتەکانی.

سابوونکەران بە کفتەش بەناوبانگ بوون، هیچ کەسێکی ئێوە کفتەی دەکرد؟
بەڵێ، نەنکم کفتەی دەکرد. تا ئێستاش کە باسی کفتەی سابوونکەران دەکرێت، نەنکم بیر دەکەوێتەوە. نەنکم ناوی رەعنا رەشید بوو، بە کفتەی سابوونکەران بەناوبانگ بوو. وەک دەیانگێڕایەوە؛ جارێکیان باپیرم (محەمەدی چاومار) شازدە کەس لە پیاوەکانی شێخ مەحمود داوەت دەکات، نەنکم سێ هۆقە و نیو گۆشت دەخاتە ناو یەک کفتەوە و شەش هێلکەش دەخاتە ناوەڕاستی قیمەی ناو کفتەکەوە، کە هێلکەکان بە مێخەک دەڕازێنرانەوە. جا ئەو کفتەیە ئەوەندە گەورە بوو، لە نێو توورەکەدا لێ دەنرا. دەڵێن دوای ئەوان ماڵی باوکیشم لێیان خواردووە.

باسی ژینگەی ئەو سەردەمەی ماڵی خۆتانم بۆ بکە...
سەرەتای ژیانم لەگەڵ ماڵی باپیرم، وەک هەموو خێزانەکانی ئەو سەردەمە دەژیاین؛ خانووەکەمان گەورە بوو، کارێزێکی تێدا بوو. دوو نهۆم بوو، نهۆمی سەرەوە خۆمانی تێدا دەژیاین، نهۆمی خوارەوە ژوور ژوور بوو، دەدران بە کرێ. هەر ماڵێک لەوانە بەردەمی ژوورەکەیان سەکۆ بوو، ئێواران سەماوەریان دادەنا و جێگەیان دادەخست و وێری یەکتریان دەکرد. بە دەوری کارێزەکەشدا ژنان و کچانی گەڕەک کۆ دەبوونەوە. لە هەموو دراوسێکانماندا تەنیا یەک ماڵ بۆریی ئاوی هەبوو، ئەوانی تر دەهاتنە ماڵی ئێمە بۆ کاری پێکەوەیی وەک: دروستکردنی ترشیات، ساوەر کوڵاندن، یاخود جل شۆردن... لە هاویندا لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا سێ قەرەوێڵە دادەنرا، پەردەکوللەی بۆ دەکرا و ئێمە لەوێدا دەخەوتین. بەڕاستی ژیانێکی زۆر قەرەباڵغ بوو.

دوای ئەوە وازیان لە دروستکردنی سابوون هێنا، باوکت چ کارێکی دەکرد؟
بەرگدروویی دەکرد.

دایکت چ کارێکی دەکرد؟
ژنی ماڵ بوو، کاروباری ناوماڵ و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ.

ناوی چی بوو؟
 ناوی لوتفیە عەبدولکەریم بوو.

تۆ چەندەیەم منداڵی خێزانەکە بوویت؟
من نۆبەرەی باوکم بووم، بۆیە هەموو ئیشێکی بازاڕیان بە من دەکرد، باوکم دەیناردمە حەوزەوشکەکە بۆ کڕینی قۆپچە و کەلوپەلی دروومان و هەر لە سەرەتای تەمەنمەوە بەرپرسیارێتیم وەرگرتووە.

ئەمە زۆر گرنگە بە لامەوە، زیاترم بۆ باس بکە، بۆ نموونە ئەو شتکڕینانە چۆن بوو؟
پێش مەلابانگدان و پێش ئەوەی نانەواخانەکە بیکاتەوە، من و کچێکی ماڵەکە دەچووین بۆ نانکڕین، یاخود دایکم دەیناردم بۆ بازاڕ بۆ کڕینی کەلوپەلی خواردن، کە ئێوارانیش دادەهات، لە خوار سابوونکەران بەرانبەر سەرا نانی خۆماڵی (تیجاری) هەبوو، دەمانکڕی، یاخود بەرانبەر حەمامی موفتی فڕن هەبوو، تەشتێک و قاپێک رۆنیان دەدامێ و لەوێ کولێرەبەڕۆنیان بۆ دەکردین، بەرەجەژنانیش کولیچەیان پێدا دەناردم بۆ هەمان فڕن بۆ برژاندن، یاخود چەرەس، وەک نۆک و گوڵەبەڕۆژە بۆ برژاندن. ئەم دۆخە بەردەوام تا چوومە پۆلی شەشی سەرەتایی.

لە سەرەتایی لە چ خوێندنگەیەک بوویت؟
لە خوێندنگەی گۆیژەی کچان بووم. 

لە خوێندنگەش چالاک بوویت؟
بەڵێ، لە پۆلی شەشی سەرەتایی چالاکیی هونەری و وەرزشیم دەست پێ کرد. لە رووی وەرزشییەوە، وەک یاریکەرێکی بالە چوومە هەڵبژاردەی شاری سلێمانییەوە و ماوەیەکی زۆر لەگەڵیان بەشدار بووم. جگە لەوە، یارییەکانی تریشم دەکرد و بەشداریی وەرزشەکانی گۆڕەپان و مەیدانم دەکرد. لە رووی هونەرییشەوە، لە شانۆگەریدا بەشدار دەبووم. 

ئەی لە رووی خوێندنەوە و چالاکیی سیاسییەوە چۆن بوویت؟
باوکم شیوعی بوو، بەهۆی باوکمەوە منیش تێکەڵاوی سیاسەت بووم. لە شەشی سەرەتایی بووم بە ئەندامی حزبی شیوعی، نازانم لەو تەمەنەدا چۆن وەریانگرتم. بەشداریی چالاکییەکانیان دەبووم و زۆر شتیان لێوە فێر بووم. هەروەها بەهۆی باوکمەوە خولیای خوێندنەوەم هەبوو، بە پارەی رۆژانەکەم، یەکەم کتێب کە کڕیم؛ رۆمانی "ژانی گەل" بوو.
لە پۆلی یەکی ناوەندی کتێبەکانی (کارل مارکس و فیدریک ئەنگلس)یان دامێ بیانخوێنمەوە. جارێکیان خەریکی خوێندنەوەیان بووم، دراوسێیەکمان لێی پرسیم: "ئەوە تۆ لەو کتێبانە تێدەگەیت؟" وتم: "بەڵێ"، هەندێک پرسیاری لێ کردم و ئافەرینی لێ کردم.

لە کوێ کتێبەکانت دەکڕی؟
ئەوسا مامۆستا ئەنوەر برزۆ لە بەردەم لقی چواری ئێستا کۆشکێکی کتێبفرۆشیی هەبوو، دەچووم لای ئەو کتێبم دەکڕی، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی فرۆشتنیان قەدەغە بوو، ئەو بۆی پەیدا دەکرین.

لە ناوەندی لە چ خوێندنگەیەک بوویت؟
لە ناوەندیی ژین بووم.

بۆ ئامادەیی چوویتە کوێ؟
چوومە ئامادەیی بازرگانی.

لە ئامادەییش بەردەوام بوویت لە خوێندنەوەی کتێب؟
بەڵێ، ئەوکات جگە لە خوێندنەوە، کتێبەکانی نەوال سەعداوی دەرچووبوون، دەمکردن بە کوردی و بەسەر کۆمەڵێک گەنجدا دابەشم دەکردن. 

چۆن بوو چوویتە ئامادەیی بازرگانی؟
خۆی دەمویست بچمە خانەی مامۆستایان (دارالمعلمات)، بەڵام دەبوو ببمە بەعسی، بۆیە نەچووم. کەچی کە چووشمە ئامادەیی بازرگانی، بەرپرسی خوێندکارانی بەعسی هات وتی: "دەبێت ببیتە ئەندام لە حزبی بەعس". ناویان پرسیم و وەڵامم دانەوە. وتی: "تۆ لە خێزانی کەمال چاومار نیت؟" وتم: "بەڵێ". وتی: "یان دەبێت ببیت بە بەعسی، یان دەبێت لێرە بڕۆیت". وتم: "من هاتووم بۆ خوێندن، نەهاتووم بۆ سیاسەت و حزبایەتی".

ئەی چیت کرد؟
بۆ بەیانییەکەی چووم بۆ لای بەڕێوەبەر و داوای فایلەکەی خۆم کردەوە، وتی: "بۆ؟" منیش بابەتەکەم بۆ باس کرد. ئیتر وتی: "کەس ناتوانێت دەرت بکات" و نەیهێشت بڕۆم. ئەو عەرەب بوو، کوردەکەی خۆشمان کە بووبوون بە بەعسی، لەوان خراپتر بوون و هەڕەشەیان لێ دەکردم.

لە وەرزش و شانۆ بەردەوام بوویت؟
نەخێر.

بۆچی؟
لە پۆلی دووەمی بازرگانی بووم، حەفتەیەک پێش تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ، لەگەڵ هاوڕێکانم دانیشتبووین گوڵەبەڕۆژەمان دەخوارد، ئەو ناوەمان پیس کردبوو، وتم خۆم گسکی دەدەم. لە کاتی گسکدانەکەدا قۆڵم زۆر ئازاری هەبوو، کە چوومە ماڵەوە، سەیری خۆمم کرد، بینیم قۆڵم ئاوساوە. هاوڕێکانم هانیان دام بچم بۆ لای پزیشک. باوکم خۆی بەرگدرووی نەخۆشخانە بوو، پێم وت ببمە بۆ لای پزیشک، بردمی بۆ لای دکتۆر ئومێدی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە. دەیان پشکنینیان بۆ کردم و وتیان نیو کاتژمێر دەخایەنێت، کەچی شەش مانگ لە نەخۆشخانە کەوتم. 

کێشەکەت چی بوو؟
چونکە یاریزانی بالە بووم، یاریزانی بالە ئەگەری ئەوەی هەیە خوێنهێنەری تووشی خەستبوونەوەی خوێن بێت، منیش تووشی ئەوە بووبووم.

ئەوە بۆ من هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو، کاریگەریی زۆری لەسەرم دانا و ئیتر نەمتوانی یاری بکەم.

حەبی (وارفرین)یان بۆ نووسیبووم بۆ خوێنڕوونکردنەوە، دەبوایە رۆژانە لەژێر چاودێریی پزیشکدا بیخۆم، بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر سەروەر چاودێریی دەکردم. دکتۆر سەروەر نەخۆش کەوت و جەڵتە لێی دا، لە خۆمەوە لە 48 کاتژمێردا هەمان رێژەم خوارد، بەوەش باری تەندروستیم تێک چوو و بەپەلە پوورم هەڵساند و بردمی بۆ نەخۆشخانە، لەوێ ڤیتامین (K)یان بۆ هەڵواسیم. کاتی تاقیکردنەوەی سەری ساڵی دواپۆلیشم بوو. دوای دوو رۆژ لە نەخۆشخانە دەرچووم، نە دەمتوانی بنووسم و نە دەمتوانی یاری بکەم. هەستێکی زۆر ناخۆش بوو. 

ئەی چۆن تاقیکردنەوەکانت ئەنجام دا؟
یەکێکیان بۆ دانام، من وەڵامەکانم پێ دەوت و ئەو دەینووسین.

ئاستت باش بوو لە تاقیکردنەوەکاندا؟
بەڵێ زۆر باش بووم، دەرچووم و لە دە یەکەمەکان بووم. لە کۆلێژ وەردەگیرام، بەڵام لە بەغدا لە نەخۆشخانە بووم، تەلەفۆنم بۆ هاوڕێکانم کرد فۆرمم بۆ وەربگرن، کەچی بەداخەوە، قسەکەمیان بەهەند وەرنەگرتبوو، چونکە نەخۆش بووم.

باشە چیت کرد بۆ ئەوە؟ چوویتە زانکۆ یان نا؟
ئەو ئارەزووەم لە دڵدا هەر هەبوو، بۆ ساڵی دواتر چوومە شەشی وێژەیی و یەک وانە دەرنەچووم، مامەوە بۆ خولی دووەم. دیسان لە کاتی تاقیکردنەوەدا تووشی خوێنبەربوون بووم، لە نەخۆشخانە بووم و نەمتوانی بەشداری بکەم. ویستم بە بڕوانامەی ئامادەیی بچمە کۆلێژی کچان لە بەغدا، بەڵام وەرنەگیرام. هەوڵی زۆرم دا، لە هیچ شوێنێک وەرنەگیرام.

لە ساڵی 1997 کۆلێژی بازرگانی لە سلێمانی کرایەوە، لە بەشی ژمێریاری وەردەگیرام، بۆیە نەمخوێند، چونکە خوێندن بە پارە بوو. ئیتر ساڵی 2005 دەستمکردەوە بە خوێندن، لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری، لە بەشی ئابووری وەرگیرام. لە ساڵی 2009 دەرچووم و ئەو ئاواتەم هاتە دی. 

کەی هاوسەرگیریت کردووە؟
چیرۆکی هاوسەرگیریم، چیرۆکێکی جیاوازە، چیرۆکێکی خەمگین و پڕ لە ناسۆر و ئازارە، چیرۆکی ژیانێکی شکستخواردووە، چونکە پاش دوو جار هاوسەرگیری و چەند جار تۆران و ئاشتبوونەوە، ئەوەی مایەوە لە دوو هاوسەر و دوو کوڕ؛ تەنیا یادگاریی تاڵ و پڕ لە ئازارە. یەکەم جار کە هاوسەرگیریم کرد، لەگەڵ خاڵۆزایەکی باوکم بوو، بەناوی محەمەد، هەرچەندە خۆمان هاوڕێ بووین و تێکەڵ بووین، بەڵام ماڵی ئێمە و ئەوان لە بیرکردنەوەدا جیاواز بووین؛ خێزانی ئەوان زۆر ئایینخواز بوون و ئێمەش شیوعی. پاش جیابوونەوە لە محەمەد، لەگەڵ کەسێکی تر هاوسەرگیریم کرد بەناوی جەلال، لە هەولێر دادەنیشتین، ئەویش پاش ئەوەی منداڵێکم لێی بوو لە 17ی حوزەیرانی 1991، پاش دوو مانگ لە لەدایکبوونی کوڕەکەمان (بەهێز)، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

وتت دوو کوڕ، کوڕەکەی ترت لە کاک محەمەدە؟
بەڵێ، پێشتر لە 24ی کانوونی یەکەمی 1986 یەکەم منداڵم (شاباز) لەدایک بووە.

باشە کوڕەکانت لای تۆ نەماوە وا دەڵێیت تەنیا یادگارییان ماوە؟
کوڕەکان لای خۆم بوون، بەڵام بەداخەوە هەردووکیان بە کارەساتی دڵتەزێن جوانەمەرگ بوون. 

بەداخەوە، هەرچەندە کولانەوەی ئەو برینە زۆر بەئازارە، بەڵام ئەگەر دەکرێت باسێکی ئەو رووداوانەمان بۆ بکەیت...
کوڕە گەورەکەم (شاباز)، لە 5ی ئایاری 1995 ئێوارەکەی چووە شەقامی سەهۆڵەکە و ئۆتۆمبێل لێی دا و کۆچی دوایی کرد. ئەم رووداوە زۆر کاریگەر و رووخێنەر بوو لە ژیانمدا. 

ئیتر هەموو هیوایەکم خستبووە سەر بەهێزی کوڕم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و نەهامەتییەی کە رووبەڕووم دەبوونەوە. بەهۆی بەهێزەوە بڕیارمدا کۆڵ نەدەم و ژیانێکی تازەم دەست پێ کرد. بەهێزم خستە خوێندنگە تورکییەکە و ناوەندیی لەوێ تەواو کرد، بۆ ئامادەییش خستمە خوێندنگەی رۆشنبیری. 

ئەی رووداوەکەی بەهێز چۆن بوو؟
دوای ئاهێکی گەرمی جەرگبڕ، وتی:
ساڵی 2010 یادی لەدایکبوونی 20 ساڵەی جوانەمەرگ بوو، وتی: "هیچ دیارییەکم بۆ مەکڕە". نیوەڕۆکەی نانی خوارد و داوای کرد بۆ ئێوارە برنجی بۆ لێبنێم. بەهێز ئامۆزایەکی هەبوو دوو ساڵ بوو ناسیاوێتییان پەیدا کردبوو، چەند پێم دەوت قسەی لەگەڵ مەکە، بەڵام دەیوت: "نا دایکە، ئامۆزامە". ئێواران لە باخچەیەکی بەردەمی ماڵی خۆمان کۆدەبوونەوە، ئەو ئێوارەیە ئەویش دێت پرسیاری کوڕێکی لێ دەکات، بەهێز دەزانێت ئەو ئامۆزایەی کەسێکی شەڕانییە، بۆیە دەڵێت نەهاتووە. ئەویش شەقازلەیەک لە بەهێز دەدات، بەهێزیش پەلاماری دەداتەوە و دەیدات بە زەویدا، هاوڕێکانی هەڵیدەستێننەوە و دەڕوات. ئەوەندەی پێ ناچێت تەلەفۆن بۆ بەهێز دەکات و دەڵێت ئێمە ئامۆزاین، با ئاشت بینەوە، دەگەڕێتەوە و باوەشی پێدا دەکات و بە دەمانچە نۆ فیشەکی پێوە دەنێت و کۆتایی بە ژیانی هێنا.

بکوژەکە گیرا؟
بەڵێ، گیرا و حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا درا، بەڵام بەداخەوە دوای حەوت ساڵ بە لێبووردنی گشتی ئازاد کرا. ئەو ئازادە و منی جەرگسووتاو کرد و ئەو کوڕە نازدارەمی بەو دەردە برد.

ئەو کوڕە ئەو دەمانچەیەی لەکوێ بوو؟
لە لقی 21ی پارتی بە دیاری وەریگرتبوو.

خۆت دۆخت چۆن بوو دوای ئەو کۆستە گەورەیە؟
لەدوای کۆستەکەی بەهێزی جوانەمەرگ، تووشی ئازارێکی بەهێز بوو، چووم بۆ لای پزیشک، وتیان دەبێت (فتح صدر)ت بۆ بکەین. لە 6ی حوزەیرانی 2013 لە هیندستان نەشتەرگەرییان بۆ کردم، چونکە دەمارێکی دڵم گیرابوو. دوای ماوەیەک کە هاتمەوە، رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبووم، بۆ جاری دووەم لە مانگی تەمووزی 2014 لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی (فتح صدر)یان بۆ کردمەوە، بەڵام هەر بەرەو خراپتر دەڕۆیشتم. دوای سێ ساڵ، جارێکی تر شەبەکە و باڵۆنیان بۆ دانام. وتیان هەردوو نەشتەرگەرییەکەت بە هەڵە بۆ کراوە. 

لە رووی کار و وەزیفەوە چۆن بەردەوام بوویت؟
زۆر بیرم کردەوە چی بکەم دوای دووجار جەرگسووتان، بۆیە بڕیارم دا دەوام بکەم بۆ ئەوەی نزیک بم لە منداڵە بێسەرپەرشتەکان و ئەوان ئارامیم پێ ببەخشن. دوای ئەوەی بووشم بە سکرتێری کۆمەڵەی کەڕولاڵەکان، ئیتر هەموو کاتەکانی خۆم بۆ ئەوان و بۆ نایستەکان تەرخان کرد و زیاتر لێیان نزیک بوومەوە.

زۆر باشە، تۆ خزمەتێکی گەورەی چینی بێسەرپەرشتان و خاوەن پێداویستیی تایبەتت کردووە، با ئێستا بێینە سەر باسی کار و چالاکییەکانت لەو رووەوە، سەرەتا دەپرسم یەکەم جار لەکوێ دامەزرایت؟
کە لە ئامادەیی بازرگانی دەرچووم، لە ساڵی 1981 لە خانەی کچان دامەزرام لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. تازە خانەی کچان کرابووەوە، پێویستیان بە چاودێری شەوان بوو. کاتی دەوامم لە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ بۆ 8ی بەیانی بوو، دەبوو شەوێک لەوێ بم و دوو شەویش لە ماڵەوە. لەبەر ئەوەی شارەزای یاساکان نەبووم و چاودێری تریان نەبوو، هەموو رۆژێک دەوامیان پێ دەکردم، رۆژی 16 کاتژمێر بەبێ ئەوەی کاتژمێری زیادەم بۆ ئەژمار بکەن. من زۆر هۆگری کچەکان بووبووم، زۆربەی کات چێشتلێنەرەکەم دەناردە ماڵەوە و دەموت وەرن با بەیەکەوە چێشتەکە لێبنێین، بۆ ئەوەی وا هەست بکەن لە ماڵی خۆیاندان. 

هەموو تەمەنێکی تێدا بوو؟
بەڵێ، تەمەنی جیاوازی تێدا بوو؛ هەندێکیان لە تەمەنی خۆمدا بوون و هەندێکیشیان زۆر منداڵ بوون. کچی وای تێدا بوو منداڵ بوو، حەفتەی دوو جار حەمامیان بۆ دادەخستن، دەمبردنە حەمام دەمشتن. هەندێک جار منداڵ هەبوو کە رۆژانی هەینی خێزانەکانیان نەدەهاتن بەدوایاندا، لەگەڵ خۆم دەمبردنەوە بۆ ماڵی خۆمان. 

ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ هیچ یەکێک لەوان ماوە؟
بەڵێ تا ئێستاش لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندیم ماوە، هەیانە بووە بە نەنک. کاتی خۆشی پەیوەندییەکی زۆر باشم هەبوو لەگەڵیان، تا ئەوەی ئەگەر کچێک داواکاری بهاتایە بۆ شووکردن، دەیانوت بچن بۆ لای بەهار. 

تا کەی لەوێ مایتەوە؟
تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1988 چوومە شاری هەولێر، لەوێ گواسترامەوە بۆ پەیمانگەی هیوای نابیستان. 

هەستت چۆن بوو کاتێک تێکەڵاوی چینی نابیستان بوویت؟
بۆ من زۆر قورس بوو، یەکەم جارم بوو بەرکەوتەم لەگەڵ نابیستاندا هەبێت، تووشی سەرسوڕمان بووم، هەر بیرم لێ دەکردەوە کە چۆن بتوانم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەم. مامۆستایەک لەوێ وتی وەرە لەگەڵم بۆ پۆل، کە چووم، نەمتوانی هیچ بڵێم. ئەو شەوە لە ماڵەوە خەوم لێ نەکەوت. بەیانی کە چوومەوە بۆ دەوام، هەر لەگەڵ ئەو مامۆستایە، مامۆستا ئاواز، ئێستا لێپرسراوی یاساییە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، زۆر یارمەتیدەرم بوو و وردە وردە خۆم فێری ئاماژە دەکرد، پرسیارم دەکرد تا بتوانم وانەیان پێ بڵێمەوە. 

لەوێ زۆر مایتەوە؟
نەخێر، لە ساڵی 1990 گواسترامەوە بۆ (پەیمانگەی ئاوات بۆ بیرکۆڵان). لە هەمان ساڵ خولێکی شەش مانگی کرایەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ناونیشانیان مامۆستا نییە و لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک لەو پەیمانگەیانە وانە دەڵێنەوە، من یەکێک بووم لەو فەرمانبەرانەی کە ئەو خولی (مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت)مان بینی. بەهۆی شەڕی کوەیت و راپەڕینەکەوە خولەکە ساڵێک زیاتری خایاند.

تا کەی لە هەولێر بوویت؟
لە ساڵی 1992 (کۆمەڵەی رۆژ)ی تایبەت بە کەمئەندامانمان دامەزراند من و سێ کەس لە هەولێر بووین بە ئەندامی کۆمەڵەی رۆژی هەولێر. پاشان لە مانگی کانوونی یەکەمی 1992 جارێکی تر گەڕامەوە سلێمانی.

کە گەڕایتەوە سلێمانی، چوویتە کوێ؟
چوومە پەیمانگەی هیوای نابیستان. لەوێ بەردەوام هەموو وانەیەکم وتووەتەوە، خۆم زۆر لە نابیستەکان نزیک کردبووەوە، بەردەوام پرسیاری وشەی تازەم لێ دەکردن، تا وردە وردە شارەزا بووم.

 تۆ یەکێکیت لەوانەی فەرهەنگی زمانی ئاماژەی کوردیتان داناوە، باسی ئەوەم بۆ بکە چۆن بوو؟
لە ساڵی 2000 یەکێک بووم لەو مامۆستایانەی کە هەڵبژێردرام بۆ دانانی یەکەم فەرهەنگی زمانی ئاماژەی کوردی لەسەر ئاستی کوردستان، لە هەر شارێک لیژنەیەک لە مامۆستای شارەزا و کۆمەڵێک نابیست بەشدار بوون. فەرهەنگەکە پێک هاتبوو لە 2500 وشە. ئەمە بۆ من ئەزموونێکی تر بوو. وردە وردە لای نابیستان زۆر ناسرام و تا دەهات ئەزموونم زیاتر دەبوو و شارەزاتر دەبووم. لە ساڵی 2013 بۆ جاری دووەم لەگەڵ هەولێر و دهۆک و سلێمانی هەڵبژێردرام وەک مامۆستایەکی شارەزا بۆ دانانی چوار فەرهەنگی مەنهەجی کوردی و بیرکاری و کۆمەڵایەتی و ئایین. 
ئێستاش لیژنەیەک لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و خوێندنی باڵا دانراوە بۆ دانانی فەرهەنگێکی ئاماژەی کوردی، من وەکوو شارەزایەک لە زمانی ئاماژە، سەرپەرشتیاریی دەکەم. هەروەها لیژنەیەک لە زانکۆی واشنتۆن دی سی لەگەڵ نابیستانی کوردستان بە هەمان شێوە وەک شارەزایەک لە زمانی ئاماژە کاریان لەگەڵ دەکەم.

کەی و چۆن بوویت بە سکرتێری کۆمەڵەی کەڕولاڵان؟
بەهۆی کارەکانمەوە لەناو نابیستاندا زۆر ناسرام، بۆیە لە ساڵی 2010 داوام لێ کرا ببمە سکرتێری کۆمەڵەی کەڕولاڵان.

ماوەی چەند لەو ئەرکەدا بەردەوام بوویت؟
 تا ساڵی 2013، ئیتر ئەوەبوو تەندروستیم خراپ بوو و دەستم لە کار کێشایەوە.

ئەو ئەرکە ئەزموونێکی چۆن بوو بەلاتەوە؟
 ئەزموونێکی تازە بوو، چونکە لە دەرەوەی خوێندنگە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، گفتوگۆکان زۆر جیاواز بوو. بەردەوام نابیستەکان وەک مامۆستا وابوون بۆ من، هەمیشە شتی تازەیان لێ فێر بووم. 

جگە لە ئەرکە فەرمییەکە، لە زۆر رووەوە خزمەتی ئەو چین و توێژەتان کردووە، باسی ئەو چالاکییانەتم بۆ بکە کە لەو بوارەدا ئەنجامت داون و شانازییان پێوە دەکەیت...
- لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە پەیمانگە، خولی زمانی ئاماژەمان کردووەتەوە بۆ مامۆستایانی پەیمانگەی هیوای نابیستان، کە هەموو فەرمانبەرانی پەیمانگەکانی سەر بە کار و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، هەروەها کەسوکاری خوێندکارانی نابیست و مامۆستایانی کەلار و کفری بەشدارییان کردووە و سوودیان لێ بینیوە. جگە لەوەش، خولمان کردووەتەوە بۆ دەزگای مین و تەقەمەنی، رێکخراوی  MAG و خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی قۆناغی چوارەم، هەروەها خولێکی درێژخایەن بۆ 19 فەرمانبەر بە سەرپەرشتیی وەزارەتی کار و هاوبەشیی  CDO و کونسڵی ئەڵمانیا. ئێستا هۆشیاریی زیاترە بەرانبەر نابیستان و رۆژانە خەڵک پەیوەندی دەکات بۆ ئەوەی فێری زمانی ئاماژە بێت.
- ساڵانە لە زانکۆی سلێمانی بەشی پەروەردەی تایبەت محازەرەم هەبووە لەسەر ئەم بابەتە، لە زانکۆی ئەمەریکییش بە هەمان شێوە. 
- لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بەردەوام بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، یاسایی و بۆنەکان من لەگەڵیان بووم، جاری وا هەبووە شەو کاتژمێر 11 و 12 پەیوەندییان کردووە، چ لەلایەن نابیستەکان یان خێزانەکانیان یان پۆلیس، یان بۆ کاروباری یاسایی و دادگە... بەردەوام چووم بەدەنگیانەوە، چونکە دەمزانی کەسی تر نییە یارمەتییان بدات، بۆیە هەرگیز گوێم نەداوە بە پشووی خۆم. جاری وا هەبووە بۆ دەرەوەی شاریش چووم.
- لە ساڵی 2009وە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی رۆژی کەمئەندامان و لێپرسراوی بەشی نابیستان، هەروەها ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارائۆڵۆمپی بووم و تا ئێستاش بەردەوامم. 
- ئەندامی بزاڤی ئاشتیم، هەروەها ئەندامی هاوپەیمانیی ژنانی کوردستانم.
- لە ساڵی 2021 لەگەڵ کۆمەڵێک دڵسۆزی خۆبەخش رێکخراوێکمان دامەزراند بەناوی رێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، دوای شەش مانگ لە دامەزراندنی رێکخراوەکە، یەکەمین کۆنفرانسی بەهاری نابیستانی نێودەوڵەتیمان ساز کرد، بە بەشداریی ستافێکی زانکۆی گالودیت لە واشنتۆن دی سی و وڵاتی قەتەر، شارەکانی عیراق و کوردستانیش بەشدار بوون. 
- گرووپی شاخەوانیی نابیستانمان هەیە کە سەر بە رێکخراوەکەیە، هەروەها لە چەندین چالاکیی تواناسازیی گەنجان و ژنان و کەمئەنداماندا کارمان کردووە. هەروەها چەندین چالاکیمان کردووە بە بەشداریی نابیستانی هەولێر و سلێمانی و گەرمیان بەبێ جیاوازی.

یەکێکی تر لەو کارانەی جێگەی شانازیمە و لە ئێستادا کاری تێدا دەکەین، ئەوەیە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی زانکۆ پۆلەتەکنیکی سلێمانی ئەپڵیکەشنی ئاماژەمان دروست کردووە، کە ئەوە یەکەم جارە لە عیراق و کوردستان ئەپڵیکەشنێکی وا دروست بکرێت بۆ زمانی ئاماژەی کوردی. هەرچەندە تەنیا 100 وشەی تێدایە، بەڵام کار دەکەین بۆ ئەوەی بیکەین بە سێ هەزار وشە، ئەگەر فەندمان دەست بکەوێت.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan