راپۆرت

ئه‌رێ حكومه‌تى هه‌رێم بۆ وا ده‌كات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئه‌رێ حكومه‌تى هه‌رێم بۆ وا ده‌كات؟

مه‌ودا میدیا-

ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ تاكێك یان مووچه‌خۆرێكى ئه‌م میلله‌ته‌ به‌شخوراو و چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ى ده‌ستى وڵاتانى دراوسێ و ناوخۆیش نه‌مابێت، ئه‌م پرسیاره‌ى نه‌كردبێت.

ئێستا بۆ ئه‌م پرسیاره،‌ پرسیارى تر دروستبووه،‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هاوڵاتییان ده‌پرسن، تاكه‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌ وا ده‌كات؟.

با واز له‌ هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كانى تر بهێنین و ته‌نیا باسى مه‌ینه‌تی مووچه‌ بكه‌ین، چونكه‌ هاوڵاتییان خۆیانیش وازیان له‌ هه‌مووی هێناوه‌ و ته‌نیا جه‌ختیان خستووه‌ته‌سه‌ر مووچه‌ و ئه‌ویش تابێت مه‌ینه‌تییه‌كه‌ى قووڵتر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ تاوه‌كو مانگێك به‌ رێكوپێكى مووچه‌ وه‌رده‌گرن، سێ مانگ له‌ خه‌مى هاتن و چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنى  مووچه‌یه‌كى ترن.

سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌موو لێدوانه‌كانى به‌رپرسانى عیراق و هه‌رێم باس له‌ چاره‌سه‌ربوونى گرفتى مووچه‌ ده‌كه‌ن و هه‌واڵه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن ئیتر له‌م مانگه‌وه‌ مووچه‌ له‌ واده‌ى خۆیدا دێت و دوا ناكه‌وێت، به‌ڵام هه‌ر مانگ تێپه‌ڕێت و هه‌ر ئاسۆى مووچه‌ لێڵ و ناروونتر ده‌بێت.

وه‌ك ئه‌وه‌ى دیاره‌ له‌ ئێستادا هاوڵاتییان وه‌ك سه‌رده‌مانى رابردوو له‌ خه‌مى زیاتر بوونى پرۆژه‌ و خزمه‌تگوزارى نییه‌ و له‌ پرسى گه‌نده‌ڵى و چاكسازى گه‌ڕاوه‌ و ته‌نیا و ته‌نیا باس باسى مووچه‌یه‌، چونكه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌ بارى گوزه‌رانى هاوڵاتییه‌وه‌یه‌ و بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین خه‌م و حكومه‌تیش وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌باى دیبێت و نه‌باران، تۆزقاڵێك هه‌وڵى جدى نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى مووچه،‌ كه‌ جارجارێكیش هه‌نگاوێكى بۆ پێشه‌وه‌ ده‌نێت، له‌ ژێر فشارى بڕیاره‌كانى دادگاى فیدڕاڵ و حكومه‌تى عیراقه‌.

ئێستا وا له‌ مانگى 10 نزیك ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا مووچه‌ى مانگى هه‌شت دابه‌شنه‌كراوه‌ و مووچه‌ى مانگى نۆش چاره‌نووسێكى دیارى نییه‌، ئه‌و هه‌موو رۆژه‌ تێپه‌ڕێت به‌بێ مووچه‌، مه‌گه‌ر به‌س مووچه‌خۆران خۆیان بزانن چه‌ند تاقه‌ت پڕوكێنه‌، كه‌چى حكومه‌تى هه‌رێمیش مانگ نییه‌ ناردنى لیست بۆ به‌غدا دوا نه‌خات و دوای ناردنى پاره‌ى مووچه‌كه‌ش له‌ به‌غداوه‌، راگه‌یاندنى لیستى دابه‌شكردنى مووچه‌ دواده‌خات و به‌و هه‌موو داهاته‌ نانه‌وتییه‌ى به‌رده‌ستیان، بێ ئه‌وه‌ى مه‌بله‌غێكى بۆ كورتهێنانى مووچه‌ى ئه‌و مانگانه‌ به‌كار بهێنن، كه‌ به‌غدا پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات و كورتهێنانى هه‌یه‌، زۆر بێباكانه‌ و بێ ئاگا له‌ تینووى فه‌رمانبه‌ران بۆ مووچه،‌ ده‌ڵێن "تاوه‌كو ته‌واوى پاره‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ نه‌نێردرێت، مووچه‌ دابه‌ش ناكه‌ین".

ئه‌مه‌ وته‌ى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى داراییه‌ له‌ نوێترین لێدوانیدا، دواى ناردنى بڕى 572 ملیار دیناره‌كه‌ى به‌غدا وه‌ك ته‌واوكارى مووچه‌ى مانگى حه‌وت و هه‌شت.

له‌ دواى ئه‌و هه‌موو موماته‌ڵانه‌ى ده‌سه‌ڵات، دیسان ده‌پرسینه‌وه‌، ئه‌رێ حكومه‌تى هه‌رێم بۆ وا ده‌كات؟ ئه‌رێ تاكه‌ى میلله‌ت به‌م ده‌رده‌ ده‌بات؟

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan