راپۆرت

مه‌ترسییه‌كانى پرۆسه‌ى سه‌رژمێريى له‌ كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


مه‌ترسییه‌كانى پرۆسه‌ى سه‌رژمێريى له‌ كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كرێن

مه‌ودا میدیا-

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك باسى مه‌ترسییه‌كانى پرۆسه‌ى سه‌رژمێريى له‌ شاره‌كه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "له‌ ئه‌زموونى سه‌رژمێرییه‌كانى مێژوو به‌رده‌وام رێژه‌ى كورد كه‌مى كردووه‌"، ده‌شڵێت "باشترین سه‌رژمێريى ئه‌وه‌ى ساڵى 1957ه‌".

مامۆستا حه‌سه‌ن مه‌جید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "داوایان وایه‌ و پێیان باش نییه‌ له‌ ئێستادا سه‌رژمێريى له‌ كه‌ركوك بكرێت، چونكه‌ ئه‌زموونیان له‌ سه‌رژمێرییه‌كانى مێژوودا هه‌یه‌ كه‌ چۆن كاریگه‌رى له‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كورد هه‌بووه‌ و ئێستاش ئه‌و ترسه‌یان هه‌یه‌".

وتیشى "ئه‌گه‌رچى سه‌رژمێريى له‌ هه‌موو وڵاتێك پێویسته‌ به‌تایبه‌ت بۆ زانینى ورده‌كارى نه‌ته‌وه‌ و چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، به‌ڵام به‌پێى سه‌رژمێرییه‌كان كه‌ له‌ مێژوودا كراوه‌ وه‌ك له‌ ساڵى 1927 یه‌كه‌مجار كه‌ ئه‌نجامدرا زۆر گونجاو نه‌بووه‌ و دواتر له‌ 1934 دووباره‌ ئه‌نجامدرایه‌وه‌ و نه‌توانراوه‌ ئیشى له‌سه‌ر بكرێت، دواتر له‌ 1947 ئه‌نجام درایه‌وه‌، له‌و جاره‌یاندا رێژه‌ى كورد زۆر بووه‌ و ئه‌وكاته‌ عه‌ره‌ب له‌ توركمان كه‌متربووه‌، به‌ڵام كه‌ دواتر له‌ 1957 جارێكى تر سه‌رژمێريى ئه‌نجامدرا، ئه‌وه‌ سه‌رژمێرێكى باش بوو".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "له‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ى ساڵى 1947، ژماره‌ى دانیشتووانى كه‌ركوك 258 هه‌زار و 608 كه‌س بووه‌، تێیدا رێژه‌ى كورد 55% و توركمان 28% و عه‌ره‌ب 18% و 3% نه‌ته‌وه‌كانى تر بووه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ى كه‌ كورد به‌ باشى ده‌زانێت، ئه‌وه‌ى ساڵى 1957ه‌، كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى له‌ عیراق ئه‌نجام دراوه‌ و تێیدا 388 هه‌زار و 839 كه‌س له‌ كه‌ركوك به‌شداربووه‌،  وه‌ رێژه‌ى كورد 48% بووه‌ و عه‌ره‌ب 28% و توركمان 21% و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان 3%".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "سه‌رژمێرییه‌كانى پاشتر به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى له‌ 18ى شووباتى 1963 به‌عسییه‌كان ئینقلابیان كرد  و هاتنه‌ سه‌رحكوم، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵى 1965 كراوه‌ و كارى پێنه‌كراوه‌، وه‌ له‌ 17ى 10ى 1977 ئه‌نجام درا ئه‌وكاته‌ ژماره‌ى دانیشتووان 483 هه‌زار و 977 كه‌س بووه‌، وه‌ رێژه‌كان لێره‌دا گۆڕانكاری تێدا بووه‌، به‌جۆرێك  كورد بووه‌ته‌ 38% و عه‌ره‌ب 44% و توركمان بووه‌ته‌ 16% و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان بووه‌ته‌ 2%، بۆیه‌ ساڵى 1987 جارێكى تر پرۆسه‌كه‌ كراوه‌ و ئه‌وكاته‌ كورد 229 هه‌زار و 606 كه‌س بووه‌ و رێژه‌كه‌ى 38% بووه‌، عه‌ره‌بیش 271 هه‌زار و 150 كه‌س بووه‌، كه‌ رێژه‌كه‌ى بووه‌ته‌ 45%، وه‌ توركمان 100 هه‌زار و 463 كه‌س بووه‌، كه‌ رێژه‌كه‌ى 16% بووه‌،  بزانه‌ رێژه‌كان چۆن به‌ره‌و گۆڕان ده‌ڕوات و لێره‌شه‌وه‌ تاوه‌كو بڕۆین بۆ پرۆسه‌ى راگواستن و بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ، ئیتر سه‌رژمێری تێدا نه‌ده‌كراوه‌ وه‌ به‌دروستیش ناژمێردرێن تاده‌گه‌ین به‌ كۆتا سه‌رژمێر كه‌ له‌ ساڵى 1997 ئه‌نجام درا، لێره‌دا كورد رێژه‌كه‌ى دابه‌زیوه‌ بۆ 155 هه‌زار و 861 كه‌س و عه‌ره‌ب بووه‌ته‌ 544 هه‌زار و 596 كه‌س ، وه‌ توركمانیش 50 هه‌زار و 99 كه‌س، پاش هاتنى به‌عس، به‌شێوه‌ى ترسناك راگواستن (ته‌عریب) ده‌ستیپێكرد".

"هه‌موو ئه‌وانه‌ واى كرد ئه‌وان ترسیان له‌ سه‌رژمێريى بێت، وه‌ ئێستا به‌ هۆى ئه‌و راگواستنانه‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار كه‌س و زیاتریش، له‌ شاره‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستاندان و شار نییه‌ ماڵه‌ كه‌ركوكى تێدا نه‌بێت، ئیتر چۆن ترسى كه‌مبوونه‌وه‌ رێژه‌ى كوردیان نه‌بێت". مامۆستا حه‌سه‌ن واى وت

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ "ئه‌وان پێیان وایه‌ ده‌ڵێین ماف بۆ خاوه‌ن ماف ناگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا سه‌روو 50 هه‌زار كه‌س له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب هاتووه‌ته‌ شاره‌كه‌وه‌ و زیاتر له‌ هه‌شت بۆ نۆ گه‌ڕه‌كى عه‌ره‌بى دروستكراوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سه‌رژمێرییه‌كه‌ى ساڵى 1957 ئه‌ژمار بكرێت و بكرێته‌ پێوه‌ر".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان