نەرمین عوسمان
ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی
ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی (EnvironmentalPerformace)، بریتییە لە بەهای ژمارەیی و پێوەرێکی ئاوێتەییە بۆ کۆکردنەوەی زیاتر لە یەک نیشاندەر، یان ئامارەکانی دۆخی ژینگەیی بەیەکەوە، کە یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرچاوڕوونیی دۆخی ژینگەیی و وەسفکردنی و پەیداکردنی زانیاری، تا بتوانرێت بەدواداچوون بکرێت و بە تێپەڕبوونی کات چاک بکرێت، هەروەها دەتوانرێت فراوانتر بکرێت و لەسەر ئاستی جوگرافیای ناوخۆیی و نیشتمانی، ئیقلیمی و جیهانی بەکاربهێنرێت.
ئەگەر ئاماژەکان بە رێگە زانستییەکان کرابن، ئەوا چەندین لایەن سوودی لێ وەردەگرن، لەوانە زانا و لێکۆڵەرەوەکان بۆ فراوانکردنی لایەنی دیکەی زانستی، هەروەها بڕیاردەرە سیاسییەکان، چونکە ئاماژە ژینگەییەکان ئامرازێکی گرنگ و پاڵپشتێکی دروست و بەرچاوڕوونییەکە لە پلاندانان و بڕیارە سیاسییەکانی دەوڵەتدا، بەکارهێنانی توانا و سەرچاوە بەردەستەکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگە. بۆ خەڵکیش بەشێوەیەکی گشتی، لە رووی تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە سوودی لێ وەردەگرن، بۆ نموونە؛ بوونی زانیاری دەربارەی رادەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی و رادەی جۆری و پاکیی هەوا...
ئاماژەکانی ژینگەیی، لەسەر ئاستی جیهان چەند بابەتێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە:
- جۆرەکانی بایۆلۆژی: ئەمە گرنگە بۆ چاودێریی دۆخی ئێستا و دەستنیشانکردنی گۆڕانکارییەکان کە لە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکاندا روو دەدەن بە ئەرێنی و نەرێنییەوە، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەدەنەوە، لەوانە: جۆرەکانی بایۆلۆژی لە دارستانەکان، لەناو دەریا و رۆخی دەریاکان...
- جۆرەکانی کشتوکاڵ.
- پۆلێنی جۆرەکانی خاک لە رووی وشکانی و شێدارییەوە.
- جۆرەکانی خۆراک و بەرهەمی خۆراک.
- تێکڕای پلەی گەرمی و پلەی گەرمیی گۆی زەوی.
- چڕیی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا.
- دانیشتووان.
- کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان.
- ئاو.
- تەنکبوونەوەی چینی ئۆزۆن و هتد...
ئامادەکردنی راپۆرتی ئاماژە ژینگەییەکان، ئەرکێکی ئاسان نییە، ئەویش بەهۆی کەمیی زانیاری و داتا و ئامارە ژینگەییەکان، هەروەها کەموکوڕی و نەبوونی راپۆرتی ئاماژە ژینگەییەکان کە کاردانەوەی لەسەر ئەدای ژینگەیی دەبێت، چونکە پشت بەو ئاماژانە دەبەستن.
راپۆرتی ئاماژەکانی ژینگە، بەسەر دوو بەشدا بەش دەبن:
یەکەم: ئاماژەکانی دۆخی ئێستا.
دووەم: ئاماژەکانی ئەداکردن لەسەر ئاستی سیاسەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
رۆڵی ئەدای ژینگەیی، ئەوە روون دەکاتەوە کە توانای دەوڵەت لە باشکردنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە پیسبوون و گۆڕانکاریی کەشوهەوا چەندە.
ئاماژە ژینگەییەکان سێ پرس لەخۆ دەگرن: ئیدارەدانی ژینگە، ژینگەیەکی تەندروست و گۆڕانکاریی کەشوهەوا، هەر بابەتێکیش کۆمەڵێک توخم و هەر توخمێکیش کۆمەڵێک نیشانە لەخۆ دەگرێت.
ژینگە بەپێی ستانداردی ئاماژەکان دەپێورێت، کە لە سفرەوە بۆ خراپترین ژینگە تاکوو سەد بۆ باشترین ژینگە، پۆلێن دەکرێن. 180 وڵات لە دنیادا پێوەرەکان دەیانگرێتەوە، لە باشترین ریزبەندییەوە دانراوە بۆ خراپترین، واتە ئەگەر وڵاتێک لە کۆی سەد نمرەکەدا، نمرەی باش بەدەست بهێنێت، پلەی نێودەوڵەتیی باشترینە. عیراق لە کۆی سەد نمرە، (30.4) نمرەی وەرگرتووە و لە ریزبەندی (172)هەمینە لە کۆی 180 وڵات، کە لە ساڵی 2024 جێگیر کراون (داتاکانی پەیوەست بە ساڵانی پێشوو)، ئەمەش لە نێو وڵاتاندا لە رووی ئەدای ژینگەییەوە خراپە و ساڵ بە ساڵیش بەرەو خراپتر چووە. لە ساڵی 2018 کۆی نمرەکانی (43) نمرە بووە، واتە لە ماوەی شەش ساڵدا (12.6) نمرە دابەزیوە، کە ئەمەش زۆر زۆرە.
خ.غ
خ.غ