ئینستتیوتى نارین
تورکیا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
تورکیا چەندین رێگای دیبلۆماسی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا گرتووەتەبەر، لە بەرانبەردا حکومەتی دیمەشق مەرجی پێشوەختەی هەیە.
هاکان فیدان، وەزیری دەروەی تورکیا بە رۆژنامەی حوڕییەتی راگەیاند "حکومەتی سوریا هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەنکەرە رەتدەکاتەوە".
هاکان فیدان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دیمەشق نایەوێت لەگەڵ ئەنکەرە نزیک ببێتەوە و کۆتایی بە شەڕی وەکالەت بهێنێت".
وتیشی "ئێمە خوازیاری ئاشتیین لەنێوان حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکان لە باکوور و رۆژئاوای سوریا".
ناوبراو باسی لەوەشکرد "داوا لە حکومەتی سوریا دەکەن، پەیوەندییەکی جیاواز لەنێوان ئەنکەرە و گرووپە چەکدارەکان بونیاد بنێت".
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، سەبارەت بە پەیامەکەی فیدان رایگەیاند "دیمەشق و ئەنکەرە خوازیاری گفتوگۆ و دانوستانن، بەڵام بوونی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئەنکەرە لە باکووری سوریا، ئاستەنگی سەرەکی بەردەم گفتوگۆکانن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و کۆتاییهێنان بە پشتیوانی گرووپە تووندڕەوەکان لەلایەن ئەنکەرە لە باکووری سوریا، مەرجی پێشوەختەی حکومەتی دیمەشقە بۆ دانوستان".
ئەمە لە کاتێکدایە. هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا کردبوو کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا داواکارییەکانی ئەنکەرە بۆ گفتوگۆ و دانوستان قەبوڵبکات.
ب ح