راپۆرت

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سێشه‌ممه‌، ئه‌مه‌ریكاى دووشه‌ممه‌ نابینرێته‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سێشه‌ممه‌، ئه‌مه‌ریكاى دووشه‌ممه‌ نابینرێته‌وه‌
مه‌ودا میدیا-

سبەی سێشەممە 5ی 11ی 2024، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیى ئەمه‌ریکا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى پرسیاره‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، پرۆسه‌كه‌ به‌ دۆخێكى ئاساییدا تێده‌په‌ڕێت یان به‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌كى وادا ده‌ڕوات وه‌ك نووسه‌رى ئه‌مه‌ریكى پۆب ۆرۆرد، ده‌ڵێت "ئەم هەڵبژاردنە جەنگە، ده‌شڵێت "لەدوای سێشەممە ئەمه‌ریکای دووشەممە نابیننەوە". ئه‌و لێكچواندنه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ جه‌نگ، هەموو ئەو هەڕەشانەیە كه‌ ئەگەری هەیە رووبدات لە وڵاته‌كه‌، یان پێویستە ئەمه‌ریکا رووبەڕوویان ببێتەوە لەدوای هەڵبژاردن.

وەکو لە راپرسییەکاندا دەرکەوتووه‌،  دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ لە هەر چوار ئەمه‌ریکییەک، یەکێکیان پێشبینی دەکات لەدوای هەڵبژاردن پشێوی و ئاژاوە دروستببێت و 10%یان ترسی ئەوەیان هەیە، شەڕی ناوخۆ دروستببێت، بۆیە ئەمه‌ریکییەکان کەوتوونەتە دۆخێکی ناهاوسەنگه‌وە.

ئه‌گه‌رى ترس له‌ دروستبوونى شه‌ڕى ناوخۆ بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان نامۆ نییه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی 1860 دواى ئەوەی ئیبراهیم لینکۆڵن، هەڵبژاردنی بردەوە شەڕێکی ناوخۆی پێنج ساڵە لەو وڵاته‌ روویدا.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، لە دەنگدانی پێشوەختدا لە ژمارەیەک بنکەی دەنگدان شەڕ دروستبووە و کارمەندەکانی هەڵبژاردن و سەرپەرشتیارانی دەنگدان، خۆیان بۆ تووندوتیژی ئامادە کردووە و راهێنانیان پێکراوە بۆ ئەگەری تەقەکردن، ئامادەبن، هه‌روه‌ها فەرمانگە حکومییەکان کراونەتە سەنگەر و هێزی زیاتری پۆلیس لە سەرانسەری وڵات جێگیر کراوە.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، كاتژمێر 06:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی واشنتن دەستپێدەکات و تاوه‌كو کاتژمێر 08:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، كه‌ به‌كاتى هه‌رێمى كوردستان كاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی سێشەممە بۆ 04:00ی بەیانیی رۆژى چوارشەممە ده‌كات.
 
هه‌ر به‌هۆى ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ى كه‌ پرۆسه‌كه‌ بێ ته‌نگه‌ژه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت، لێپرسراوانى هەندێک ویلایەتیش هۆشداری دەدەن له‌وه‌ى كه‌ رەنگە یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان چەند رۆژێکی پێبچێت، چونكه‌ به‌پێى راپرسییه‌كان چاوەڕوان دەکرێت جیاوازییه‌كى زۆر كه‌م هه‌بێت له‌ نێوان دەنگەکانی هەردوو كاندید( دۆناڵد ترەمپی کۆماریی و کاماڵا هاریسی دیموکرات).
 
ده‌نگدانى ده‌نگده‌رانیش به‌ چه‌ند شێوازێكى جۆراو جۆره‌ و له‌وانه‌

* ده‌نگدانى ئاسایی: كه‌ ده‌نگده‌ران لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن.

* دەنگدانی ئۆنلاین: ئه‌م جۆره‌ ده‌نگدانه‌ لە ئەمه‌ریکا باوە و تێیدا دەنگدەر بە ئیمەیڵ دەنگ دەدات.
 
*دەنگدان بە پۆستە: له‌م جۆره‌یاندا، دەنگدەر دەنگی خۆی بە پۆستە بۆ بنکەی دەنگدان دەنێرێت.

جۆرێكى تر له‌ ده‌نگدان كه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، دەنگدانی پێشوەختەیه‌ و لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە هەیە، ئه‌ویش چەند هەفتەیەک پێش ده‌ستپێكردنى ده‌نگدانى گشتی، ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ى كه‌ نەخۆشن، خاوەن پێداویستیی تایبەتن، به‌ته‌مه‌نن، یان گه‌شتیان هه‌یه‌، یان کارێکی تایبەت یان بەرپرسیارێتییەکی ئایینییان هەیە، یان خزمەتی سەربازییان هەیە یان لە دەرەوەی وڵاته‌كه‌ دەژین و کار دەکەن، مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ و ده‌توانن به‌و جۆره‌ ده‌نگبده‌ن.

له‌ رووى داهاتیشه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جیاوازه‌ و لە مێژووی ئەمه‌ریکادا هاوشێوه‌ى نه‌بووه‌، كه‌ بڕى 16 ملیار دۆلاری تێدەچێت و کاندید لە هەر خولەکێکدا 9 هەزار دۆلار دەچێتە سەر حسابەکەی، ئه‌م بڕه‌ داهاته‌شه‌ ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، دواجار حەقیقەت ئەوەیە، هەر کاندیدێک براوەبێت، دژی ئامانج و ستراتیژییەتی ئەمه‌ریکا نییە لە جیهاندا، چونکە سەرۆک تەنها روخسارە و سیاسەت و پلانی ئەمه‌ریکای گەورە جێبه‌جێده‌كات کە ئیش لەسەر خۆرهەڵاتێکی نوێ دەکات لەگەڵ ئیسرائیل.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan