راپۆرت

حكومه‌تى هه‌رێم به‌هێنانى بانكى تى بى ئاى فه‌رمانبه‌ران فریو ده‌دات

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومه‌تى هه‌رێم به‌هێنانى بانكى تى بى ئاى فه‌رمانبه‌ران فریو ده‌دات

مه‌ودا میدیا-

له‌كاتێكدا بانكى تى بى ئاى بانكێكى بازرگانییه‌ و نیمچه‌ حكومیی سه‌ر به‌ عیراقه‌، به‌ڵام سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پارتی به‌ دیاریكراویی ده‌یه‌وێت به‌هێنانى ئه‌و بانكه‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم فریو بدات.

بانكى تى بى ئاى، هاوشێوه‌ى بانكى ره‌شید و رافیده‌ین بانكى حكومى نییه‌ له‌ژێر فه‌رمانى حكومه‌تى عیراق كار بكات، زیاتر بانكێكى بازرگانییه‌ وه‌ك هه‌ر بانكێكى ترى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌دواى قازانج و سودى خۆیه‌تى کاردەکات.

هاتنى بانكى تى بى ئاى بۆ ناو پرۆژه‌ى هه‌ژمارى من، پلانێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران فریو بدات و چیتر بێده‌نگبن له‌ به‌رانبه‌ر ته‌وتینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ردوو بانكى ره‌شید و رافیده‌ینى حكومه‌تى عیراق كه‌ زامنى هه‌موو مافێكى فه‌رمانبه‌رانیان تێداكراوه‌.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى مه‌ودا میدیا "حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى ساڵه‌كانى رابردوو زیاتر له‌ چوار ملیار دۆلارى بانكى بازرگانى ناسراو به‌ تى بى ئاى راكێشاوه‌ و بووه‌ته‌ قه‌رز له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم و تا ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ بانكه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت رێككه‌وتنى هه‌ردوولا بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌و رێگه‌وه‌ بانكه‌كه‌ مافى خۆى وه‌ربگرێته‌وه‌ و حكومه‌تیش قه‌رزه‌كه‌ى بداته‌وه‌".

ئه‌وه‌ى گرنگه‌، بانكى تى بى ئاى، جیاوازه‌ له‌ بانكه‌كانى ره‌شید و رافیده‌ین و هه‌تا ئه‌و كاته‌ى حكومه‌تى عیراق مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نه‌نێرێت و وه‌زاره‌تى دارایی پاره‌ نه‌خاته‌ سه‌ر هه‌ژمارى بانكه‌كه‌، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى له‌ بانكى تى بى ئاى خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن ناتوانن مووچه‌ رابكێشێن، له‌ كاتێكدا له‌ بانكى ره‌شید و رافیده‌ین له‌گه‌ڵ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمیش داده‌به‌زێنێت و فه‌رمانبه‌ران راسته‌وخۆ ده‌توانن مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.

واته‌ بانكى تى بى ئاى هیچ سودێكى بۆ فه‌رمانبه‌ران نییه‌ ئه‌گه‌ر بێت و به‌غدا پاره‌ى مووچه‌ نه‌نێرێت، هیچ جیاوازییه‌كى له‌گه‌ڵ بانكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نییه‌.

فه‌رمانبه‌ران هه‌ر زووى به‌و پلانه‌ى حكومه‌ت و بانكى تى بى ئای یان زانى و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌وه‌یان راگه‌یاند "هاتنى ئه‌و بانكه‌ هیچ جیاوازییه‌كى نییه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كانى ترى هه‌رێم كه‌ كارى هه‌ژمارى من ده‌كه‌ن و ده‌بێت له‌ بانكى ره‌شید و رافیده‌ین ته‌وتین بكرێت".

له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر ئاستى فراكسیۆنه‌كه‌ى و له‌سه‌ر ئاستى حزبى له‌ به‌غدا، له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ هه‌رچى زووه‌ بانكه‌ عیراقییه‌كان ته‌وتینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكه‌ن، پێشتریش سكاڵایان له‌و باره‌وه‌ تۆماركردووه‌ له‌ دادگاى كه‌ره‌خى به‌غدا".

Qaiwan
Qaiwan