تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی لەبارەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە شارەزوور هاتە دەنگ
مەودا میدیا - سلێمانی |
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزوور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند "ئاوی پیسی ماڵان زیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتی لە قەزای شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە کردووە، لەئێستاشدا ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، 2024/11/6، تاوەکو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی دوێنێ هەینی 2024/11/8، نزیکەی دوو هەزار و 200 کەس لە قەزای شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون".
باسی لەوەشکرد "ئەو حاڵەتانەی تۆمارکراون مەترسیدار نەبوون و هیچ کەسێک بەوهۆیەوە گیانی لەدەستنەداوە؛ بەشێکی تووشبووان پێویستییان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە، زۆرینەشیان دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە، گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان".
وتیشی"ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی، دەریخستووە، هۆکاری سەرەکی تووشبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی شارەزوور بە سکچوون و رشانەوە ئاوی پیسی ماڵان بووە".
ئەوەشی خستەڕوو "داوا لە هاوڵاتییانی شارەزوور و دەوروبەری دەکەن تاوەکو دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن، ئاوی تانکی ماڵان بەکارنەهێنن ".