راپۆرت
خواردنى شیرى مرۆڤ ته‌نیا بۆ منداڵ نا، به‌ڵكو بۆ گه‌وره‌كانیش سوودى هه‌یه
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا-
ره‌نگه تا ئێستا وا زانیبێتمان و به‌رگوێمان كه‌وتبێت كه شیرى دایك بۆ منداڵ گه‌لێك سوودى زۆره، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه شیرى دایك ته‌نیا بۆ منداڵ نا به‌ڵكو بۆ گه‌وره‌ساڵانیش سوودى هه‌یه و به‌شداره له چاره‌سه‌ركردنى چه‌ندین نه‌خۆشى.
تاوه‌كو ئێستا له ئه‌نجامى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ى له سه‌ر شیرى دایك كراوه یان پسپۆِران به‌دواداچوونیان كردووه، ده‌ریخستووه كه شیرى دایك چه‌ندین سوودى بۆ كۆرپه‌له هه‌یه و هه‌میشه ئامۆژگارى كراوین به‌وه‌ى له شیرى پیشه‌سازى و بازرگانى دوور بكه‌وینه‌وه و زیانهكانیشیان بۆمان ئاشكرا كردوون.
ئه‌و سوودانه‌ى كه منداڵ له كانى خواردنى شیرى دایكی‌دا به ده‌ستى ده‌هێنێت، بریتییه له كەمكردنهوهى هەوكردن بۆ نمونه پزیشكه‌كان تێبینییان كردووه منداڵانی نەبەكام، كە خۆراكیان لە شیری سرووشتیی مرۆڤ پێدەدرێت، لەجیاتى شیری پیشەسازی، بەشێوەیەكی بەرچاو مەترسیی تووشبوونیان بە "هەوكردنی ریخۆڵه" كەمترە، ئه‌وه‌ش نه‌خۆشییه‌كه مه‌ترسى له سه‌ر ژیانى منداڵانى تازە لەدایكبوو دروستدەكات، چونكه دەبێتەهۆی دروستبوونی هەوكردن لە ریخۆڵەدا و دواتریش مردنیان.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى به‌پێی توێژینه‌وه پزیشكییه‌كان سوودەکانی شیری دایک بۆ منداڵ بێسنوورە، هەموو جۆرە خۆراکێکی پێویستی تیایە به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و منداڵانه‌ی شیری سرووشتی ده‌خۆن له رووی گه‌شه‌كردن و ئاستی زیره‌كی جیاوازترن له‌و منداڵانه‌ی كه شیری وشك ده‌خۆن.
بۆ نمونه له سووده گرنگه‌كانى شیرى مرۆڤ؛ بۆ سیستمی به‌رگریی منداڵ زۆرباشه، چونكه دژه‌ته‌نی تێدایه، بڕێكی زۆرباش له ڤیتامین و پڕۆتین و چه‌وری تێدایه كه بۆ گه‌شه‌ی منداڵ زۆر پێویستن، ئه‌و منداڵانه‌ی شیری دایك ده‌خۆن رێژه‌ی توشبوون به نه‌خۆشی ره‌بۆ و حه‌ساسیه‌تیان زۆر كه‌متره.
هاوكات ده‌توانرێت وه‌ك چاره‌سه‌ریش بۆ هه‌ندێك حاڵه‌ت شیرى مرۆڤ به‌كاربهێندرێت، له‌وانه؛ بەکارهێنانی چەند دڵۆپێك لەکاتی هەوکردنی چاو یان گوێ یان شوێنی پێوەدانی مێش و مێروو منداڵ رزگار ده‌كات له ئازار و خوراندن، ته‌نانه‌ت بۆ زوو چاکبوونەوەی درِکەومێکوتە و رووشاندنى پێست ده‌توانرێت سوود له‌و شیره سرووشتییه ببینرێت.
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه، شیرى مرۆڤ ته‌نیا بۆ منداڵ به‌سوود نییه به‌ڵكو بۆ گه‌وره‌ش به‌سووده، وه‌ك زانایان ده‌ڵێن " دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بۆ چارەسەری هەندێك نەخۆشی لە گەورە ساڵانیشدا".
بەپێی گۆڤاری ئیكۆنۆمیست، لە ئێستاشدا تاوتوێی هەندێك لە پێكهاتەكانی شیری مرۆڤ دەكرێت بۆ چارەسەری هەندێك حاڵەت كە تووشی پێگەیشتووان دەبێت، وەك شێرپەنجە، نەخۆشییەكانی دڵ، هەوكردنی جومگەكان و نەخۆشییەكانی ریخۆڵە.
ئه‌مه له كاتێكدایه، تائێستا پێكهاتەی وردی شیری دایك تا رادەیەك ناڕوونە.
لە توێژینەوەیەكی نوێ‌دا كە لەسەر شیری هەزار و 200 دایك لە سێ كیشوەر ئەنجامدرا، دكتۆر میگان ئازاد، لە زانكۆی مانیتوبا لە كەنەدا و هاوەڵانی نزیكەی 50 هەزار پێكهاتەی بچووكیان دۆزییەوە، كە زۆرینەیان نەناسراون، ئەم دۆزینەوەیە بووە پاڵنەر بۆ گەڕان بەدوای ئەوەی كام پێكهاتەی دیاریكراو لە شیردا، دەبێتەهۆی پارێزگاریكردن لە گەورە ساڵانیش.
پێدەچێت شەكری شیری مرۆڤ كە ناسراوە بە (HMOs) به كاریگەرە دژەكەی لەسەر هەوكردن بەشێوەیەكی لاوەكی بەرپرس بێت لەوە، ئەمەش بیرۆكەی بەكارهێنانی هێنایە ئاراوە بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی هەوكردن لەخۆدەگرن.
گۆڤارەكە ئاماژە بە دۆزینەوەی بەكتریایەك لە شیری دایكدا دەكات كە ناوی بیفیدوباكتیریۆم-ە، زانایان ئاشكرایانكرد كە یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزكردنی ناوپۆشی ریخۆڵە و رێكخستنی وەڵامدانەوەكانی سیستمی بەرگری و رێگری لەو بەكتریایانەی هۆكاری نەخۆشین لە خۆلكاندن بە ناوپۆشی ریخۆڵەوە.
بەمەش بیفیدوباكتیریۆم بژاردەیەكی نمونەییە بۆ بەكارهێنانی لە بەرهەمەكانی برۆبیوتیك و تەواوكارییە بەكارهێنراوەكان بۆ چارەسەرى ئه‌و كێشانه‌ى تایبه‌تن بە ریخۆڵە.
لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوە دەكرێت بۆ ئاشكراكردنی سوودەكانی بیفیدوباكتیریۆم بۆ بەهێزكردنی بەرگری لە نەخۆشی هه‌موو تەمەنەكان، ئەوانەی بەدەست لاوازیی سیستمی بەرگرییەوە دەناڵێنن.
دكتۆر بروس جیرمان، لە زانكۆی كالیفۆرنیا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات "پشتگوێخستنی سوودەكانی شیری دایك بە "یەكێك لە گەورەترین كارەساتەكان لە مێژووی زانست‌دا" دادەنرێت".
پ ح ع