کوردستانی

چ بڕیارێک لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەدرێت، وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


چ بڕیارێک لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەدرێت، وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمشەو کاتژمێر 12:00ی شەو ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ کۆتایی دێت تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە نەدراوە و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە تا 15ی نیسان قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام بێت ئاماژە بەوەشدەکات لە ئێستادا کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا قۆناغێکی باش هاتووە، بەڵام لە ئێستادا کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە".

لەبارەی ئەوەی بۆچی کوردستان لە ئێستادا لە حاڵەتێکی مەترسیدار دایە  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی "رۆژ بەڕۆژ حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، هەروەها مەترسییەکەشی ئەوەیە ئەو نەخۆشییە بەبێ نیشانە دەکرێ بوونی هەبێت و بڵاوبێتەوە، لەبەرئەوەیە دۆخی ئێستای کوردستان مەترسیدارە".

وتیشی "ئەگەر ئێمە قەدەغەی هاتووچۆمان لە کوردستان رانەگەیاندایە ئەو ژمارەی تووشبووان کە ئێستا هەیە دوو هێندە دەبووە، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان بەردەوام بن و زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن".

سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی قەدە‌غەی هاتووچۆ کە ئەمشەو ماوەکەی کۆتایی دێت محەمە قادر ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە لەسەرەتادا داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە تا 15ی نیسان قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام بێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتووچۆی تا 10ی نیسان راگەیاند، بۆیە ئێمە لە دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە پێشنیازی خۆمان بۆ بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەخەینەڕوو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ".

ئەوەشی ئاشکرا کرد "دۆخی تەندروستی سەرجەم تووشبووانی کۆرۆنا جێگیرە، تەنها یەک حاڵەتمان نەبێت لە سلێمانی لەژێر هەناسەدانی دەستکردایە، هەروەها پێشبینی دەکەین ژمارەیەک لە تووشبووان لە هەفتەی داهاتوو نەخۆشخانە جێبهێڵن".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە