راپۆرت
پانۆراماى رووداوه‌كانى ساڵى 2024، ساڵێك پڕ له رووداوى گرنگ و جیهانیی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا-
ساڵى 2024، ساڵێك پڕ له رووداو و ساڵى شه‌ڕ و ئاژاوه و گۆڕانكارییه‌كان، جیهان كۆتایی به ساڵى 2024 ده‌هێنێت و پێ ده‌نێته نێو ساڵێكى نوێوه، به‌ڵام کۆمەڵێک رووداوی گرنگ لەسەر ئاستی جیهان روویاندا و کاریگەرییان لەسەر تەواوی جیهان و ناوچەکە هەبووە.
گرنگترین ئه‌و رووداوانه‌ى له ئه‌مساڵدا روویاندا چى بوون؟
له 19-5-2024 هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ى ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران كه‌وته‌خواره‌وه و بووه هۆى گیان له ده‌ستدانى، له رۆژى 5ی تەممووزیشدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئه‌و وڵاته بەڕێوەچوو، كه تێیدا مه‌سعود پزیشكیان، وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامیی ئێران هه‌ڵبژێردرا.
له 12ی ئەیلولیشدا بۆ یه‌كه‌مجار و وەك یەكەم سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران له مێژوودا، پزیشكیان سەردانی هەرێمی كوردستانى كرد.
زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ نەیارەکانی پەرەی سەند و شەڕ و رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان و ئێران روویدا و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیار له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه كوژران، له‌وانه حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا، ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حه‌ماس و یەحیا سنوار كه له شوێنى هه‌نیه دانرابوو، له رۆژی 16-10-2024 له ناو باڵاخانه‌یه‌كدا كرایه ئامانج و كوژرا..
لە سووریاش گۆڕانکاری ریشەیی روویدا و رژێمی ئەسەد دواى 53 ساڵ له حكومڕانى كۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى هات روخێنرا.
ساڵى 2024، به ساڵى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش داده‌نرێت، چونكه زیاتر لە 80 وڵات هه‌ڵبژاردنى تێدا ئه‌نجام درا كه دیارترینیان ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و فەرەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و هیندستانه، له هه‌ڵبژاردنى رووسیاشدا ڤلادیمێر پوتین بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرایەوە و دۆناڵد تره‌مپیش له رۆژى 5ى11ى 2024، بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژێردرایه‌وه، ئه‌گه‌رچى له ماوه‌ى بانگه‌شه كردنیدا هه‌وڵى تیرۆركردنى درا، به‌ڵام رزگارى بوو.
هاوكات ژمارەیەک حزبی دەسەڵاتدار لەلایەن دەنگدەرانەوە سزادران و دەنگیان پێنەدرایەوە، لەوانەش حزبەکانی دەسەڵاتدار لە وڵاتانی هیندستان، یابان و باشووری ئەفریقا، هه‌روه‌ها دەنگدەرانی کۆریای باشوور ئۆپۆزسیۆنیان هێنایە پەرلەمان و لەوێ زۆرینەی دەنگیان پێکهێنا و ئەمەش بووە هۆی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک یۆن سووک یول.
شانبه‌شانى ئه‌وانه‌ش هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەچوو
له 20ى 10ى 2024یش، هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو كه بۆ یه‌كه‌مجار كورسییه‌كانى په‌رله‌مان كەمكرایەوە بۆ 100 كورسی و له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقه‌وه سه‌رپه‌رشتى كرا..
هه‌ر له‌ئه‌مساڵدا و له 20 و 21ى 11، دواى 27 ساڵ له ئه‌نجام نه‌دانى، سەرژمێریی گشتی لە عیراق و هەرێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له رووى ئابووریشه‌وه گۆڕانكارییه‌كى به‌رچاو و جیاواز روویدا كه بەهۆی ئاڵۆزییە هەرێمی و جیهانییەکان و نزمبوونەوەی هەڵاوسان و رێکخستنەوەی سیاسەتی درایی سیستمی بانکی ئەمه‌ریکا و جیهان، نرخی زێڕ بەرێژەی 33٪ به‌رزبووه‌وه و نرخی پشکە داراییەکانیش بەرێژەی 17٪ به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه بینى.
پ ح ع