گێتی

پوتین وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەسەدی نەداوەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پوتین وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەسەدی نەداوەتەوە
مەودا میدیا-

بەشار ئەسەد، دوای دەستبەسەرداگرتنی شاری حەلەب لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پەیوەندیی بە روسیاوە کردووە، بەڵام مۆسکۆ وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە بۆ بەکارهێنانی بنکەی سەربازیی حەمیم تاوەکو ئێران هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ سوریا بگوازێتەوە.

کامیل سەقر، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی سوریا بە رۆژنامەی ئیندیپێندێتی عەرەبی راگەیاندووە "روسیا وەڵامی داواکارییەکانی بەشار ئەسەدی نەدایەوە بۆ بەکارهێنانی بنکەی حەمیم تاوەکو هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بگاتە سوپای سوریا، دوای داگیرکردنی حەلەب".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ماوەی 3 رۆژ پێش دەستبەسەردا گرتنی دیمەشق بەشار ئەسەد، نەیتوانی پەیوەندی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیاوە بکات، وە هەروەها روسەکان وەڵامی داواکارییەکەی ئەسەدیان نەدایەوە بۆ بەکارهێنانی بنکەی سەربازیی حەمیم لەلایەن ئێرانییەکانەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێرانییەکان ئەسەدیان ئاگادارکردووەتەوە کە روسیا دڵنیایی بە تاران نەداوە لە بەرانبەر نیشتنەوەی فڕۆکەکانی لە سوریا، وەهەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆش  بارودۆخی دامەزراوە سەربازییەکان پێش دەستبەسەرداگرتنی حەلەب خراپ بووە، ئەمە جگە لەوەی کە دۆخی ئابووری سوریا بەرەو خراپتر چووە".

وتیشی "لایەنی عیراقی لە 2024/12/6، حکومەتی سوریایان ئاگادارکردەوە کە ئەردۆغان هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەسەد رەتدەکاتەوە، پێشتر ئەسەد چەندجارێک داواکاریی ئەردۆغانی بۆ کۆبوونەوە رتکردەوە،لایەنی روسی دڵخۆش نەبوون بە رەتکردنەوەی لە داواکارییەکانی مۆسکۆ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان".

باسی لەوەشکرد "ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری سەرۆکی روسیا لە سوریا، هەوڵیداوە ئەسەد رازیبکات لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشێت، بەڵام ئەسەد رەتیکردەوە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا ئەنجامبدات".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 2024/12/2، گرووپە چەکدارەکان هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر سوپای سوریا دەستپێکرد ، سەرەتا بە دەستبەسەرداگرتنی حەلەب و دواتر لە 2024/12/8، بە کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هات لە سوریا.

ب ح

Qaiwan
Qaiwan