راپۆرت

سویسرا نێوه‌نگیرى نێوان رووسیا و ئەمەریکا ده‌كات و قەیرانی ئۆکرانیا چارەسەر ده‌بێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سویسرا نێوه‌نگیرى نێوان رووسیا و ئەمەریکا ده‌كات و قەیرانی ئۆکرانیا چارەسەر ده‌بێت
مه‌ودا میدیا-

سویسرا ئامادەیە نێوه‌نگیرى له‌ نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بكات و ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستى چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا.

رۆژنامەی لۆتانی سویسری رایگه‌یاندووه‌ "سویسرا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئامادەیی ده‌بڕیوه‌ میوانداری کۆبوونەوەیەک له‌ نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكى ناوبراو بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داوای لێبکەن".

نیکۆلاس بیدۆ، سەرۆکی بەشی زانیاریی لە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، كه‌ بۆ رۆژنامەکە قسه‌ى كردووه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ "پاش کۆبوونەوەی لوتکە لە بورگنستۆک، ئۆکرانیا، رووسیا و ئەمه‌ریکا، ئاگادارکرانەوە لە ئامادەیییان بۆ پشتیوانیكردنى هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی به‌ مه‌به‌ستى هێنانەدی ئاشتی".

هاوكات، رۆژنامەى لۆتانى ئاشكرایكردووه‌ "دەسەڵاتدارانی سویسرا دەستپێشخەری ناکەن، به‌ڵام ئامادەن بۆ میوانداری کۆبوونەوەیه‌كى له‌و جۆره‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ترەمپ، له‌ رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌، ئاشكرایكرد "لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ دیدار"، كۆشكى سه‌رۆكایه‌تیى رووسیاش، بڵاویكرده‌وه‌ "پوتین بەبێ ئه‌وه‌ى هیچ مەرجێکی پێشوەختەى هه‌بێت، ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە، به‌ڵام ئەوەی پێویستە بوونی خواستی یەکتر و ئیرادەی سیاسییە".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan