کوردستانی
وەزیری كشتوكاڵ باسی خێزانێكی جوتیاری نمونەیی دەكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەخێزانێكی جوتیاری نمونەی لەناحیەی قوشتەپە دەكات كە گەنمی هەولێر دوویان چاندووە لەیەك دۆنم زەوی یەك تۆن و حەوت سەد كیلۆ بەرهەمی هەبووە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، باسی سەردانێكی دوێنێ یەكشەممە 2020/4/12 كردووە بۆ گوندی قولتەپەی یابە لەناحیەی قوشتەپە.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەكردووە "حەسەن عەبدوڵا لەگەڵ كاك مەهدی كوڕی خێزانێكی جوتیاری نمونەین، سەردانم كردن و گفتوگۆیەكی بەسوودمان ئەنجامدا".
بێگەرد تاڵەبانی رونیشكردووەتەوە "ئەم خێزانە دوو كێڵگەی پەلەوەریان هەیە و سەردانمان كردن، گوێم لەسەرنج و پێشنیارەكانیان گرت".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ژمارەیەك وێنەی سەردانەكەی داناوە و باسی لەوەشكردوە "ئەم خێزانە جوتیارە سەد دۆنم پەتاتەی چاندووە لەگەڵ سێ هەزار و هەشت سەد دۆنم گەنم، كاتێك بەرهەمی بنەتۆی هەولێر دوومان بینی كە وەزارەتمان بەرهەمی هێناوە و دابەشی كردووە بەسەر جوتیاران زۆر خۆشحاڵ بووم".
ئەم خێزانە جوتیارە بۆ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وتویەتی، ساڵی رابردوو بنەتۆی گەنمی هەولێر دوویان داچاندووە و دۆنمێك زەوی یەك تۆن و حەوت سەد كیلۆی بەرهەمی بووە.
لەكۆتایدا بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەكردوە "وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو درێغی ناكەین لە خزمەتكردنی جوتیارانمان، دەست لەناودەست بۆ پاراستن و بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ".