کوردستانی
ژینگەی ھەولێر بووەتە مۆتەکەی سەر ژیانی دانیشتووانەکەی
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
ژینگەی ئەمڕۆی جیھان ئەو پرسە گەورەیەیە کە جێی بایەخی وڵاتانە و مەترسی پیسبوونی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە،ھەرێمی کوردستانیش بەدەرنیە لەم پیسبوونە بەردەوامەی ژینگە.
ئەژین ئەحمەد رەشید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەپێی دوائامارەکان شاری ھەولێر بەپیسترین ژینگە لە عیراق ئەژمارکراوە، ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ئەو کارگە و پاڵاوگە یاسایی و نایاساییانەی کە لە دەوروبەری ھەولێر بوونیان ھەیە و مەرجی ژینگەییان تێدانیە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پیسبوونی ژینگەی ھەولێر بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر دانیشتووانی شارەکە بەجۆرێک بەپێی دوا ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە رێژەی (50٪)ی تووشبووان لە شاری ھەولێرن، چونکە شارەکە ستانداردی ھێڵی سووری پیسبوونی ژینگەیی جیھانی تێپەڕاندووە".
ئەوەشی خستەڕوو "جگە لە شێرپەنجە چەندین نەخۆشی تری وەک هەناسە تەنگیی و هەستیاریی پێست و قوڕگ و لوت و چاو، ھۆکاری پیسبوونی ژینگەی شارەکەن".
باسی لەوەشکرد "پیسبوونی ژینگەی ھەولێر کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵانیش هەیە، بەتایبەت ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی نزیک پاڵاوگە و کارگەکانن، بەشێک لە رووەکەکان وشک دەبن یاخود ئەو درەختانەی داری بەردارن بەرهەمێکی زۆر کەم بەرهەمدێنن، گەڵای درەخت و رووەکەکان و بەگشتی سەوزاییەکانی ئەم ناوچانە شێواون، هەروەها ئاژەڵانی ئەم ناوچانە تووشی چەندین نەخۆشی بوون".
ئەژین ئەحمەدوتیشی "ئەرکی حکومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێرە ژیانی ھاوڵاتیانی شارەکە بپارێزن و رێگای تووند بگرنەبەر بەرانبەر کارگە و پاڵاوگە یاسایی و نایاساییەکان و مەرجەکانی ژینگەپارێزییان لەسەر جێبەجێ بکەن و ئەوانەشی کەپێویست دەکات دابخرێن".
ب ح
بیروڕا



