راپۆرت

چۆن رێگری له‌ گیان له‌ ده‌ستدانى كرێكاران له‌ كاتى كاردا ده‌كرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


چۆن رێگری له‌ گیان له‌ ده‌ستدانى كرێكاران له‌ كاتى كاردا ده‌كرێت
مەودا میدیا-

ساڵانە لەکاتی کارکردندا ژمارەیەک کرێکار بریندار دەبن و گیان لەدەستدەدەن، پرسیار ئەوەیە لایەنی پەیوەندیدار چی دەکات بۆ رێگری کردن لەو حاڵەتانە و تا چەند کرێکاران ھۆشیار دەکاتەوە بە پێدانى رێنماییەکانی سەلامەتی و پابەندییان دەکات بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی خۆپارێزی؟

لەو بارەیەوە عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "سەلامەتی کرێکاران، یەکێکە لە پرسە ھەرەگرنگەکانی دۆخی کرێکاران، وە ئەوان وەک سەندیکای بیناسازی، گرنگییەکی تەواویان داوە بەو بوارە، چونکە لە یاسای کاردا لە عیراق لە  ماددەی (107 و 113) ئاماژە بە تەندروستی و پیشەیی کرێکاران کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیان لەئەمساڵدا ئەوەیە، لەپاڵ بەرنامەکانی ساڵانی رابردوو، رەنگە خاڵێکی تر زیاد بکەن".

وتیشی "لە ساڵی رابردوودا خولی ھۆشیارکردنەوەیان بۆ کرێکارانی کارگەکان و کۆمپانیاکان بەپێی توانا لە ناو شوێنەکانیاندا کردووەتەوە و ئەوەشی نەیانتوانیبێت لە دەرەوە شوێنەکانیاندا بۆیان کردوونەتەوە کە پێکھاتوون لە نۆ خول، ئەوە بێجگە لە سەردانیکردنیان بۆ شوێنی کارەکان و ھۆشیارییان پێدەدەن، لە پاڵ ئەوانەشدا نوێنەرمان ھەیە لە فەرمانگە جیاوازەکان و بەردەوام سەردانی شوێنەکانی پەیوەست بەکارکردن دەکەن و بەشێک لەو سەردانانە ھۆشیارکردنەوەن".

ئاماژەی بەوەشکرد "خاڵێکی تر ئەوەیە کاتێک رووداوێکی کار روو دەدات، بەدواداچوونێکی مەیدانی ئەنجام دەدەن بە مەبەستی ئەوەی ھۆکارەکان بزانن، وە ھەڵمەتی راگەیاندن دەکەن ئەوانەش بۆ ھۆشیارکردنەوەی خاوەن کار و کرێکارانە کە بزانن ئەو رووداوانە ھۆکارەکانی چین تاوەکو خۆیانی لێ بپارێزن، ھەروەھا دەستپێشخەرییەکی تریان دانانی گروپی ئۆنلاین و پێدانی ھۆشیار ی و رێنماییە لەو رێگەیەوە".

ھەر لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنەوەدا زیندانی روونیکردەوە "لە راستییە حکومەت و وەزارەتی کار کە داھاتێکی زۆری ھەیە بەھۆی زەمانی کۆمەڵایەتییەوە کە 150 ھەزار کرێکار زەمانی لێ وەردەگیرێت بۆ تەندروستی و خزمەتگوزاری، بەو داھاتە دەتوانن رۆژانامەیەکی تایبەت بە ھۆشیاری کرێکاران بەتایبەت لە چوارچێوەی سەلامەتییان یان بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان رادیۆی دروستبکات و سپۆنسەری بکات، جونکە سەندیکاکان ئەو توانای مادییەیان لە بەردەستدا نییە، بۆ ئەوەش پێیانمان وتوون، بەڵام کەمتەر خەم بوونە و وەزارەتی کار بەرپرسی یەکەمە".

سەبارەت بە چۆنێتی ناچارکردنی کرێکاران بە پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکانەوە، وتی "ئەوان دەتوانن تەنیا ھۆشیاریان بکەنەوە و رێنماییەکانیان پێبدەن، ناتوانن ناچاریان بکەن، بەڵام یاسا ئەرکی خستووەتە سەر خاوەن کار لە یاسای کاردا کە لە ساڵی 1987 دەرچووە لە ماددەی 107 و 108 تێیدا بە روونی دەڵێت، خاوەنکارەکان لە تابلۆیەکدا رێنماییە و مەترسییەکان بخەنەروو، وە دەبێت پێش چوونە سەر کاریش کرێکاران خولێکی چەند کاتژمێریی یان چەند رۆژی بەپێی ھەلومەرجی ئێشەکە و مەترسی شوێنی کارەکان ببینن، ھەروەھا پێداویستییەکانی کرێکار دەبین بکات، لە ئەگەری سەرپێچیکردنی کرێکاریشدا، خاوەنکار دەتوانێت خەرامەی بکات و سزای تایبەتی بدات".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan