راپۆرت

ئه‌و كار و ره‌فتارانه‌ى له‌ كاتى گه‌شتكردن بۆ هیندستان نابێت ئه‌نجام بدرێن و قەدەغەکراون

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئه‌و كار و ره‌فتارانه‌ى له‌ كاتى گه‌شتكردن بۆ هیندستان نابێت ئه‌نجام بدرێن و قەدەغەکراون
 مه‌ودا میدیا

گه‌شت كردن بۆ زۆر وڵات ره‌نگه‌ ئاسان بێت به‌ڵام بۆ هندستان نا، چونكه‌ وڵاتێكى خاوه‌ن ئایین و کولتووری جۆراوجۆره‌ و به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ش ژمارەی دانیشتوانەکەشی گه‌لێك زۆره‌ یاساکانی هەمەچەشنتر و هەستیارترن، بۆیه‌ پێش ئەوەی گەشت بکەیت بۆ هیندستان، پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك شت بزانیت و ئه‌و چالاكییانه‌ى له‌ وڵاته‌دا قه‌ده‌غه‌كراون ئه‌نجامیان نه‌ده‌یت، تاوه‌كو گه‌شته‌كه‌ت به‌بێ كێشه‌ به‌ڕێ بكه‌یت. 

چالاکییە قەدەغەکراوەکان لە هیندستان و چۆنیەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکه‌كه‌ی یەکێکە لەو شتانەی کە پێویستە پێش گەشتکردن بۆ هیندستان بیزانیت، هیندستان وڵاتێکی جوانە و خاوەن کولتوور و نەریتی هەمەچەشنە، هەندێکیان لە کۆنترین داب و نەریته‌كانى مێژووی مرۆڤایەتییه‌، لە زۆر وڵاتدا رێسای تایبەت هەیە کە دەبێت لە کاتی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە پەیڕەو بکرێن.، لێره‌دا كۆمه‌ڵێك له‌و كارانه‌تان بۆ روونده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ نابێت له‌ هیندستان ئه‌نجام بدرێن یان ئه‌نجامدانى عه‌یبه‌یه‌ و ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ تووشى كێشه‌شت بكاته‌وه‌.

چالاکییە قەدەغەکراوەکان لە هیندستان چین؟
بەگشتی چالاکییە قەدەغەکراوەکان لە هیندستان چەند بابه‌تێك لەخۆدەگرن کە دەتوانرێت جێبه‌جێبكرێن بۆ ئەوەی مامه‌ڵه‌یه‌كى باشت لەگەڵ هیندییەکان هەبێت، له‌وانه‌:

په‌نجه‌راكێشان بۆ كه‌سێك یان شتێك
هەرگیز نابێت پەنجەت بۆ کەسێک رابکێشیت، ئەم کارە لە یاساکانی هیندستاندا بەبێ رێزى دادەنرێت، ئەگەر پێویستت بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ کەسێک یان شتێک بوو، پێویسته‌ بە هەموو دەست یان پەنجەی گەورە ئاماژه‌ى پێبده‌ى، هه‌روه‌ها ده‌ستدان له که‌س یان که‌لوپه‌ل و به تایبه‌ت کتێب و که‌ره‌سته‌ی په‌روه‌رده‌یی به‌پێی کولتووری هیندستان به‌بێ رێزی داده‌نرێت و قه‌ده‌غه‌یه.

جل و بەرگی نائاسایی لەبەر مەکە
هیندستان تێکەڵەیەکه‌ لە بیرکردنەوەی مۆدێرن و کۆنەپەرستانە و جلوبەرگی ژنان لە ناوچە جیاوازەکاندا جیاوازە، لە ناوچە شارییەکانی وەک گۆا، دەهلی یان مومبای، دەتوانیت هەر شتێک کە حەزت لێیە لەبەری بکەیت، بەڵام لە شارە بچووکەکاندا، بە تایبەت لە گوندەکانی هیندستان، جل و بەرگی گونجاوت زۆر بۆ پێشنیاردەکرێت. ئەمە نەک هەر له‌ هەندێک کەسی بێزارکەر دوورت دەخاتەوە، بەڵکو یارمەتیت دەدات لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە تێکەڵ بیت، جل و بەرگ بۆ خانمان، یەکێکە لە تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی خەڵکی هیندستان، بەهۆی گونجاوی نرخی جلوبەرگ لە هیندستان دەتوانیت جلی هیندی ناوخۆیی بە نرخێکی گونجاو بكڕیت و بۆ رۆیشتن بەناو شاردا بەکاری بهێنیت.

باسی سیاسەت و ئایین مەکە
لە کاتی گه‌شته‌كه‌ت رەخنە لە سیاسەتی وڵاتەكه‌ مەگرە یان سوکایەتی بە گروپێکی ئایینی یان نەتەوەیی دیاریکراو مەکە. هەرچەندە هیندستان وڵاتێکی دیموکراسییە و ئازادی قسەکردنی هەیە و زۆرێک لە هیندییەکان بە ئاسانی بیروڕای خۆیان دەردەبڕن؛ بەڵام نابێت دەستپێشخەری هیچ جۆرە پرسێکی ئایینی و سیاسی بکەیت، سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕی خەڵک لە هیندستان بە کارێکی قەدەغەکراو دادەنرێت.

لەپێه‌کردنی پێڵاو لەناو په‌رستگاكاندت قەدەغەیە
پەرستگاکانی هیندستان یەکێکە لە شوێنە ئاینییە گرنگەکانی وڵاتەكه‌، یەکێک لە یاسا سەرەتاییەکان بریتییە لە لابردنی پێڵاو لەکاتی چوونە ناو شوێنە ئاینییەکان. چونكه‌ به‌ پێڵاوەوە قەدەغەیە، ئەم یاسایە لە هەندێک فرۆشگاکانیشدا هەیە. بۆیە ئەگەر پێڵاوێکت بینی لەبەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی هەر شوێنێک ،باشترە پێڵاوەکانت داکەنیت، هه‌روه‌ها لە کاتی سەردانكردنت بۆ پەرستگاکان، دوور بکەوە لە لەبەرکردنی جل و بەرگی ئاسایی لەم شوێنانە؛ چونکە لە هیندستان حەرامە، جێگای سەرنجە بزانین هەندێک لە ژنانی هیندیش لە کاتی پەرستشدا سه‌رپۆش بەکاردەهێنن.

لە شوێنە گشتیەکان سۆز و خۆشەویستی نیشان مەدەن
نمایشکردنی سۆز و خۆشەویستی لەبەردەم خەڵک و شوێنە گشتییەکاندا بە کارێکی قەدەغەکراو دادەنرێت و دوور نییه‌ بۆ ماوه‌ى سێ مانگ بتخاته‌ زیندانه‌وه‌، بۆ ئەمە بێگومان هۆشداری تایبەت هەیە، بۆ نموونە دەستی هاوسەرەکەت مەگرە بۆ ئەوەی پێویست نەکات رووبەڕووی چاوی خەڵک ببیتەوە یان پۆلیسی ئەخلاقی مامەڵەت لەگەڵ بکات

هه‌روه‌ها سوکایەتی نەکردن بە خەڵکی هەژار لە کۆمەڵگا و جگەرە نەکێشان له‌ شوێنە گشتییەکان هەندێکى ترن لەو كارانه‌ى كه‌ له‌ گه‌شته‌كه‌تدا ره‌چاو بكرێت.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan