کوردستانی
مەکتەبی سیاسی یەکێتی: یەکی شوبات یادێکی تاڵە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی یەکی شوباتدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دووپاتیدەکاتەوە کە هێشتا برین و زامی کارەساتەکە بە تەواوی سارێژ نەبووە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند "کارەساتی یەکی شوباتی ساڵی 2004 یادێکی تاڵە لە دڵی میللەتەکەمان، هێشتا زام و برینی ئەو کارەساتە ساڕێژ نەبووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "نەیارانی ئەم میللەتە لە تیرۆریستان و دوژمنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان رەنگ و ئاماژەکان ناکەن".
دەقی پەیامەکە..
کارەساتی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ یادێکی تاڵە لە دڵی میللەتەکەمان، رۆژی تێکەڵبوونی مژدەی جەژن و خۆشییە لەگەڵ خوێن و فرمێسکی کۆمەڵانی خەڵکی هەولێردا .
کردەوەی تیرۆریستی دوژمنانی گەلی کورد لە دوو بارەگای مەڵبەند و لق کە خەڵک بۆ پیرۆزبایی جەژن و گەردەن ئازادی لە یەکتری لە مەراسیمدا بوون. دەرخەر و دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە تاڵەبوو کە نەیارانی ئەم میللەتە لە تیرۆریستان و دوژمنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەنگ و ئاماژەکان ناکەن و هەموو کورد لای ئەوان یەکە و مایەی یەک ئامانجی پەلاماردان و کوشتنن، بۆ ئەو نیازە گڵاوەش پشووی جەژن و لێبوردەیی و پێکهاتنەوە بە زیان و پێچەوانەی ویستی نەگریسیان دەزانن ، هیچ کات ، هەرگیز سڵ لە هیچ تاوانێک ناکەنەوە.
دوای بیست و یەک ساڵ لەو کارەساتەش هێشتا برین و زامی گەلەکەمان، خەمی هاونیشتمانانمان لە هەولێر، خانەوادە و کەسوکاریان قوڵپئەدا و نەڕویەتەوە و بە تەواوی سارێژ نەبووە. بێگومان هەتوانی کۆی زامەکانیش هەر یەکێتیی و پێکەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونەکەمان، هەتوانەکە هەر پتەوکردنی پایەکانی حوکمڕانیمانە لەرێی ڕاستکردنەوەی رێڕەوەکەی و مشتوماڵکردنی ئەدا و کاراکردنێتی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی خۆمان ، بێ جیاوازی بە هەموو ڕەنگەکانەوە. دەبا بۆ ئەو ئامانجە کار بکەین.
یادی شەهیدەکانی گەلەکەمان، شەهیدەکانی پایتەختی هەرێم لە یەکی شوباتدا هەر زیندوو و بەرز و بڵند بێت.
رۆحیان شاد و ئاسوودە بێت
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ب ح
بیروڕا



