کوردستانی

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی مامۆستایانی مانگرتوو بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی مامۆستایانی مانگرتوو بڵاوکردەوە


مەودا میدیا-

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی مانگرتنی مامۆستایان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، پشتیوانی داواکاریی مامۆستایان دەکەین.

دەقی پەیامەکە:

راگەیەندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانێكی ڕاستوڕەوانی  هەموو داخوازییەكی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێكی كوردستانە كە داكۆكی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەكەن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك بافل جەلال تاڵەبانی كۆتایی بە سەفەرەكەی لە ئەمەریكا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوشار بخاتە سەر حكومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری  یەكجارەكی ئەم ئیستحقاقەی  هاوڵاتیان بكات .

وەك یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێمان  وایە مانگرتن و چالاكی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران  لە پارێزگای سلێمانیی ، لە پێناو مووچە و قووتی منداڵەكانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە  ویستێكی مەدەنی دادپەروەرانەیە ، چونكە دیاردەی دواكەوتن و دواخستنی مووچە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت. بەتایبەتی كە بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی لە سەر ئیستحقاقی  مووچە روون و ئاشكران  و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕالی دوور لە دەست شكاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبكرێت.

یەكێتیی   وێرای داكۆكی  لەم  داخوازییە مەدەنیانە و پشتیوانی و شانازیی بەم فەزا ئازادییە شایانەی  لە دەڤەرەكە هەیە  تەئكید  دەكاتەوە  خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەكی سەرتاسەری كوردستانی و عێراقییە و پێویستە چارەسەرییەكەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەكی هاوبەشی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقی بە دواوە بێت . هەرگیز رەوا نییە كۆمەڵانی خەڵك لە دڵەڕاوكێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێكی هاوڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن.

پێویستە ئەم كێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەكجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێت.

مەكتەبی سیاسیی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٣-٢-٢٠٢٥
Qaiwan
Qaiwan