کوردستانی

هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان دەستپێدەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


 هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان دەستپێدەکات
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ سێ شەممە 14ی نیسانی 2020، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بە سەربەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دكتۆر ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، ژمارەیەك بەرێوەبەری گشتی پەیوەندیدار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆكی ناوەندی راوێژكاری یاسایی و ستراتیژی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون.

كۆبونەوەكە تایبەت بوو بەدانانی ستراتیژیەتێك بۆ كەرتی كشتوكاڵ بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو، بۆ به كرداری كردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كە لە كۆبونەوەی رابردووی خۆیدا لە 1/4/2020 بڕیاری دابوو، كە پاڵپشتی جووتیاران بكرێت و كەرتی كشتوكاڵ بكرێتە سێكتەری لە پێشینە بۆ پتەوكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، هەروەها رەخساندنی هەلی كار بۆ ئەوانەی كاریان لە دەستداوە لە كەرتەكانی دیكە و هەنگاونان بەرەو دابینكردنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆبونەوەكە چەندین بڕیار درا لەگەڵ چەند پێشنیارێكی گونجاو خرانەڕوو بۆ ئەوەی بە كردەیی كشتوكاڵ لە ئەولەویەتدا بێت لەوانە، ئامادەكردنی ستراتیژی كەرتی كشتوكاڵ، بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدرێت و پێشنیاری بۆردێكی باڵا بكرێت كە پاڵپشت بێت بۆ وەزارەت و كەرتی كشتوكاڵ و داخوازی و پڕۆژەكانی دوا نەخرێت، بەڵكو لەم بۆردە بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت.

لەگەڵ بەرپاكردنی شۆڕشێكی كشتوكاڵی و جاڕدانی هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و پاراستنی بەرهەمی جووتیاران و چارەسەری كێشە و گرفتەكانی جوتیاران لە تەرخانكردنی زەوی و هەژماركردنی كرێی كارەبا وەك سێكتەری كشتوكاڵ پاڵپشتی بكرێن بۆ ئەو كارگانەی لە بواری پیشەسازی كشتوكاڵی كار دەكەن، هەروەها تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵ ئامادەكراون كە پەیوەندی راستەوخۆی بە جووتیاران و بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچوانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری لەخۆ دەگرێت، ساڵانە رێكخستنی مەراسیم بۆ رێزگرتن لە جوتیارانی نمونه یی و ئەو گوندانەی زۆترین بەرهەم دەخەنە بازاڕ ئەمەش بۆ هاندانی جوتیاران و گوندەكان لەپێناو زیاتر كردنی بەرهەمی خۆماڵی و سەرپێخستنی كەرتی كشتوكاڵ وەك بنەمایەكی گرنگی ئابووری هەرێمی كوردستان.
Qaiwan
Qaiwan