هاوژین محەمەد

هاوژین محەمەد

هەشتی مارس؛ کتێب و رۆشنبیری و ژن لە جیهانی سەرمایەداریدا



هەشتی مارس، جەژنی جیهانیی ژنان و دەرفەتێکی باشی یادکردنەوەیەکی گشتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەمەکانی سەر ژنان، وەبیرهینانەوەیەکە بۆ ئەو ژنانەی کە لە مرۆڤبوونی خۆیان لەبیرکردووە وەک مرۆڤێکی یەکسان لە ئەرک و مافدا شانبەشانی رەگەزی بەرانبەر، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یادکردنەوە بەس نییە و پێویستە زۆر کایەی گرنگ بەسەر بکرێتەوە کە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ژنانی کورد لە چوارچێوەی بزووتنەوەی گشتیی ژناندا گرنگن.

بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری خەباتی ژنان، بەلای منەوە کتێب و رۆشنبیری و هۆشیاری سەردەمیانە زۆر گرنگن، ئەو سیانە رۆڵی گرنگیان دەبێت لە پێگەیاندنی ژنی هۆشیار بە ماف و ئەرکەکانی، بۆ ئەوەی لە بڕوای تەواوە بە دۆزەکەی بەشداریی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان بکات و ببێتە کارەکتەرێکی کاریگەر لە مەیدانەکەدا.

کتێب و ژن ببنە هاوڕێی یەکتر، سەرەتایەکی گرنگ لە خۆناسین و مافناسی دەستپێدەکات، ناسین بۆ بەشداریی هەر پرۆسە و خەباتێک خاڵی بەهێزە، چونکە بڕوایی تەواو لە خوودی کەسەکەدا دروست دەکات و دواتریش رۆڵی کاریگەرانەی خۆی دەگێڕێت، ئیتر کە ئەو تاکە خۆناس و مافناسانە زۆر بوون خەباتەکە فراوانتر و کاریگەرتر دەبێت و بزووتنەوەکە زووتر لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە، دۆست و پاڵپشتیکاریشی زیاتر دەبن.

ژنی رۆشنبیر بۆ خۆی، خێزان، کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ژنانیش گرنگە، مافی خۆی دەزانێ و ئەرکی سەرشانی جێبەجێ دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا ژنی پێشەنگ و داهێنەر زۆر دەبن، بزووتنەوەکە توانای راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە و رێگەی دروست دەگرێتەبەر، ئەوکات ئامانجەکان زووتر بەدەستدێن.

بۆ ئەمڕۆی ژنانی کوردستان بە رۆشنبیریی بەرز و بڕوای تەواوە بەشداریکردن لە بزووتنەوەی ژناندا گرنگن، چاولێکەری و بانگەشەی بێ کردار بزووتنەوەکە ناباتە پێشەوە، بگرە وا دەکات سست بێت و ئەنجامی باش نەدات بەدەستەوە.

هۆشیاریی ژنان بە جیهانی سەرمایەداری دیسانەوە بابەتێکی هەستیارە و وریابوونی ژنان وادەکات ژنان پارێزراوبن لەوەی دیسانەوە بەشیوازێکی نوێ نەبنە قوربانی، جگە لە خۆ گونجاندن لەگەڵ سەردەمە نوێیەکە کە دەکرێت دەرگای گەورە لەبەردەم ژناندا بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بە حوکمی ئەو کارئاسانییەی لە رێگەی تەکنەلۆژیا و گرنگیی بەشداریی ژنان لە ئابووریی جیهان هاتووەتە ئاراوە، ژنان هەوڵبدەن بێ زیان و بەسوودەوە لەو ململانێیە دەربچن نەک بکرێنە بووکەڵە و یاری بەدەست کۆمەڵێک هەلپەرستی پارەدار لە جیهانی سەرمایەداریدا.

هەشتی مارس، دەکرێت وا کاری لەسەر بکرێت ئیرادەی لێ دروست بکرێت، میکانیزمە راستەقینەکان بۆ بەرەوپێشچوونی ئامانجەکان ئاسانتر بدۆزرێنەوە، کۆدەنگی دروست بکرێت، ئامانج روونی دیاری بکرێت، پڕ بێت لە دەنگ و رەنگی کتێب و پرۆژەی رۆشنبیرانە و سەردەمیانەی ئاشنا بە جیهانی سەرمایەداری .

یادکردنەوە دەبێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان  بەرەو باشتر و لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی قووڵ و لۆژیکیانە و دوورمەودا هەنگاوی زیاتر بنرێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەوا یادکردنەوەی نمایشکارانە لە ناوەڕۆکی دۆزی ژن دوورمان دەخاتەوە، ئەوەش زیانی بۆ بزووتنەوەی ژنان دەبێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan