ئابووری

ڤایرۆسی کۆرۆنا یاری بە بەهای دۆلار دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ڤایرۆسی کۆرۆنا یاری بە بەهای دۆلار دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری دروستکرد لەسەر بەهای دۆلار لە بەرانبەر دراوە جیهانیەکان و دیناری عیراقیدا شارەزایەکی بواری دارایی و بانکیش دەڵێت لە ئێستادا نرخی دۆلار جێگیرە.

جەبار گۆران، شارەزای بواری دارایی بانک لەبارەی دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بە مەودا میدیای راگەیاند " دوو جۆر گۆڕانکاری لە بەهای دۆلاردا هەیە یەکێکیان لەسەر ئاستی هەموو دراوە جیهانییەکان و ئەوی دیکەشیان لەسەر ئاستی دیناری عیراقی".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی دۆلار لەبەرانبەر بەهای سەرجەم دراوە جیهانییەکاندا نزمتربوو، بەڵام لە دوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهای دۆلار بەرزبووەوە بەرامبەر نەوت و سەرجەم دراوە جیهانییەکان، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو ترلیۆن و دوو سەد ملیار دۆلاری کردە ناوبازاڕەکانەوە بۆ پاڵپشتکردنی ئەو کۆمپانیانیەی بەهۆی ڤیارۆسی کۆرۆنا لەکار کەوتوون و پاشان بۆ هاوکاری سێکتەری تەندروستی، ئەمەش وایکرد تاڕادەیەک بەهای دۆلار لەبەرانبەر دراوە جیهانییەکان بە ئاستێکی کەم دابەزێت".

جەبار گۆران وتی "ئەگەر لەسەر ئاستی عیراق سەیری بکەین بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانەش، داخستنی بازاڕەکانی دۆلار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەروەها زیادبوونی قەبارەی دیناری عیراقی لە بازاڕەکاندا و کەمی خستنەڕووی دۆلار، ئەمەش بەهای دۆلاری بە رێژەی لە 2.5% بەرزکردەوە و دابەزینی نرخی نەوت یەکێکی دیکەبوو لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی".

لەبارەی ئەوەی نرخی دۆلار لە ئێستادا چۆنە ئەو شارەزایەی بواری دارایی بانک ئەوەی خستەڕوو "لە ئێستادا نرخی دۆلار جێگیرە بەجۆرێک نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر 122 بۆ 122 هەزار و 500 دیناری عیراقییە".
Qaiwan
Qaiwan