کوردستانی
زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی یەکێتی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شاری هەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئامادەیبوون، سەرۆک بافڵ جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و رۆڵی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕی کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا پشتیوانی گەلی کورد بوون و هاوکاریی و پشتگیرییە بەردەوامەکانیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و رایگەیاند " ئێمە قەت دۆستەکانمان لەبیرناکەین کە لەگەڵمانن و جێمانناهێڵن".
"لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تاوەکو کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات".
هەروەها "دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کرایەوە لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان".
سەرۆک بافڵ جەختی لە سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی بۆ ئەم پرسە نیشتمانییە کردەوە و رایگەیاند" یەکگرتوویی کورد و پشتگیریی کردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە هانی هەموولایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن ئەمەش رێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ع
بیروڕا



