دۆزی ژن

بەهرە عوسمان، خەباتگێڕی کۆڵنەدەر

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەهرە عوسمان، خەباتگێڕی کۆڵنەدەر
مەودا میدیا- 

کۆرۆنا و خۆپارێزی، ساردی نەکردوومەتەوە لە دواندن و تیشک خستنە سەر خەبات و قوربانیدانی ئەو ژنانەی لە سەردەمی رژێمی دیکتاتۆری عیراق، گەر لە پیاوان زیاتریان نەکردبێت ئەوا کەمتریان نەکردووە، چونکە ئەوان هەم دژی رژێمی ستەمکار بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەستی خەباتیان کردووە، هەم دژی دواکەوتوویی و بەند و باوی کۆمەڵایەتی و دابونەریتی کۆمەڵگای پیاوسالاریی. 

خاتوو بەهرە، یەکێکە لەو ژنە قارەمانانەی بەتایبەت لە خەباتی نهێنیی ناوشاردا چالاکانە خەباتی کردووە.
بەهرە عوسمان محەمەد رەشید، لە ساڵی 1961 لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەرەڕای بڕوانامەی ئامادەیی، دبلۆمی لە بواری جوانکاری بەدەستهێناوە و خاوەنی سێ کچە بە ناوەکانی (تارا، نەوا، سارا).

وەک دەستپێک، دەمەوێت باسی هاوژینەکەت بکەیت، چۆن یەکترتان ناسی و ژیانی هاوسەریتان چۆنە؟
بەهرە عوسمان: هاوژینم، جەنگی عەبدوڵڵا نوری، یاریدەدەری پزیشکە، تەواوکەری ژیانمە و (38) ساڵە ژیانی خێزانیمان پێهێناوە. لە زۆربەی سەرکەوتنەکانم و بەردەوامیم لە کار و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خێزانیی، هاوکار و پشتیوانم بووە. کەسێکی رۆشنبیرە و بیری فراوانە. لەناو رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران یەکترمان ناسی. لە ساڵی 1982 بە پەیوەندیی سیاسیی دەستمان پێ کرد و بە هاوسەرگیریی پەیوەستتربووینەوە. من بە ناوی  نهێنیی (تارا) و ئەویش بە ناوی (هەڵگورد) کارمان دەکرد. زۆر تاڵی و سەختیی ژیانمان هاوشێوە بوو، خاڵی هاوبەشمان زۆر بوو بەیەکەوە، بۆیە بەردەوامین لە ژیانی خێزانی.

کەی و چۆن چوویتە ناو کایەی سیاسەت و کار و چالاکیی رێکخستنەوە؟
بەهرە عوسمان: ساڵی 1982، لە رێی هاوڕێ (خاتوو ساماڵ مانی) کە ناوی نهێنیی (رابی) بوو، ئێستا لە بواری فەلسەفەدا قاڵبووەتەوە و مامۆستای زانکۆیە لە بەریتانیا، چوومە ناو کایەی سیاسەت و پەیوەندیم کرد بە رێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانی و هەر لە رێی ئەویشەوە جەنگیم ناسی. هەروەها لەگەڵ کەریم عوسمانی خاڵم هاوڕێیەکی خۆشەویست بووین هەرچەندە خاڵ و خوشکەزاش بووین، ئەویش کاری دەکرد لەگەڵمان و هاوکارم بوو. پاشان خاتوو سەرگوڵ مەحمود، چنار سەعید، بەهار خان و دواتریش (شەهید دڵشاد مەریوانی و عوسمان شەیدا)مان لە رێی رێکخستنەکانەوە ناسی.

بەهۆی دابونەریتی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە، باری سەرشانی ئەو ژنانەی لەناو کایەی سیاسەت و رێکخستنەکاندا کاریان دەکرد زۆر گران بوو، بۆ تۆ ئەمە چۆن دەگوزەرا؟
بەهرە عوسمان: لەو کاتەدا، بۆ من، کاری رێکخستن و ئەرکی ماڵ زۆر قورس بوو، چونکە بە نەمانی دایکم باری ژیانم زۆر گرانتر بوو، ئەرکی ماڵم زۆر لەسەر شان بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ شتێک نەبووە رێگرم. 

خۆم بە خوێندنەوە پەروەردە دەکرد، لەبیرمە یەکەم کتێب کە دەستم کرد بە خوێندنەوەی و بووە هەوێنی خوێندنەوەم، رۆمانی (دایک)ی مەکسیم گۆرکی بوو، دواتر (ژانی گەل)ی ئیبراهیم ئەحمەد. باوکم زۆر هاوکارم بوو، کتێبی بۆ دەکڕیم. هەروەها گوێم لە بەرنامەکانی رادیۆ دەگرت. ئەمانە وایانکرد خۆم لە رێکخستنێکی چەپی ئەو سەردەمەدا ببینمەوە و لەگەڵ ئەو سەرکوتکردن و ترس و تۆقاندنەشدا هەر کۆڵنەدەر بووم. 

کارکردن لە رێکخستنەکانی کۆمەڵەدا کارێکی هەروا ئاسان نەبوو، بەردەوام داوای خۆڕۆشنبیرکردن و چالاکییان دەکرد، دەمەوێت هەندێک باسی ئەو کارانەمان بۆ بکەیت کە خرابوونە ئەستۆت؟

بەهرە عوسمان: ئەو کاتە دەبوایە لە ئەڵقەی رۆشنبیریدا بەشداربوویتایە بە سیمینار لە رێی کاسێتەوە، یان دوو کەس بۆ سێ کەس لە ماڵێکدا سیمینارمان بکردایە. من یەکەم سیمینارم لەسەر قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵ بوو (المشاعە البدائیە) بە کاسێت تۆمار کرا و نێردرا بۆ سەرکردایەتی ئەوکات. 

وێڕای ئەو کارانەی پێم دەسپێردرا لەلایەن رێکخستنەوە، وەک: بەیان بڵاوکردنەوە، نووسینەوەی نامیلکەکان و گەیاندنیان، بەشداریی دیوار نووسین، گەیاندنی شتومەک، گواستنەوەی چەک و هاوکاریی بۆ لایەنی پەیوەندیدار. بیرمە لەلایەن بەرپرسەکەمانەوە (شەهید دڵشاد مەریوانی) داوام لێکرا بە سووتاندنی ئۆتۆمبێلێکی حکومی لەبەر دەرکی سەرا، یان یەکێ لە شوێنە گشتییەکان. زۆر بە ئازایانە لەگەڵ هاوڕێ سەرگوڵ لەبەر دەرکی سەرا ئەنجامماندا. لەناو جانتاکەمدا عەبایەکم پێ بوو، کە کارەکەم ئەنجامدا و رامکرد بۆ کۆڵانەکان، ئەمن بەدوامەوە بوون، عەباکەم دا بەسەرما و ونبووم لێیان، چونکە ئەوان بەدوای تەنورە لەبەردا دەگەڕان. 

حەز دەکەم باسی ئەو چالاکییەش بکەم کە لە شەوی بەراتدا ئەنجامم دەدا؛ نامیلکە و بەیاننامەم دەپێچایەوە وەک چوکلێت، دەمخستە کیسەی منداڵانەوە و دەچووە هەموو ماڵێکەوە و کەسیش نەیدەزانی کێ ناردویەتی. هەروەها زۆر کاری تر کە نهێنییە و ناتوانم باسیان بکەم.

لە کاتی ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەدا هیچ کاتێ هەستتان کردووە ئاشکرا بووبێتن و بۆ خۆحەشاردان چووبێتنە دەرەوە، مەبەستم شاخە؟
بەهرە عوسمان: دوای ئەنجامدانی چالاکییەکی زۆر گرنگ لە شاری سلێمانی، هاوڕێکانم (سەرگوڵ مەحمود و چنار سەعید و هاوڕێی کوڕی مەلا کەمالی محامی) گیران، ئێمەش ناچاربووین خۆمان حەشار بدەین و نەچینە دەرەوە. 

من چووم بۆ ناوچەی رانیە، لەوێ لە پڵنگان شەهید عەلی نەبی و هاوڕێ شنۆی ژنی شەهید ئازاد هەورامیم ناسی. کاتێ شەڕی بێتواتە بوو، بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بوو، شەڕ لە هەموو لایەک هەبوو، ئەوکات خاڵم (شەهاب عوسمان) لە پڵنگان بوو، لە رێی ئەوەوە (حاکم برایم)م ناسی، کە تائێستاش برایەکی رۆحیمە. بۆ یەکەم جار بوو لە دێی گوڵان بینیم، پرسیارێکی لێ کردم، وتی: "دەمەوێ ژن بهێنم، کچێک دەناسی بەناوی شوکریە، خوشکی سەلام و شوان." وتم: "بەڵێ" وتی: "زۆر سەیرە، سلێمانی هەموو یەک دەناسن! گەورەیە یان بچووکە (سلێمانی)." وتم: "ئەوانە خەڵکی ناسراون و سیاسەتیش کۆماندەکاتەوە." دواتر مفاوەزات دەستی پێ کرد و پێشمەرگە توانی بێتەوە ناو شار، بۆیە یەکێک لەو ماڵانەی جێی متمانە بوو ماڵی ئێمە بوو، تەنانەت میوانی تایبەتیشی لەگەڵ بوایە دەیهێنا لەگەڵ خۆی، وەک: کاک جەبار فرمان کە بۆ یەکەم جار بوو بینیم، هەرچەندە سەبیحە خان و کڵپە و بڵێسەم بینیبوو کە لە ماڵی مامی جەنگی بوون ماوەیەک، بەڵام کاک جەبارم نەبینیبوو، بۆیە دوای تێکچوونەوەی مفاوەزات نەمانتوانی لە شاردا بمێنینەوە و چووینە دەرەوە بۆ ناوچەی قەرەداغ. دواتر چووینە دێی داریکەلی لە رێی پەرژینی هاوڕێمەوە، کە هاوکارییەکی باشی کردین و ژووری بۆ چاککردین. لەپێشدا جەنگی رۆیشت و دواتر من و تارای کچم، کە تەمەنی شەش مانگ بوو ئەو کاتەی چووینە دەرەوە.
بەهرە عوسمان
چەند مانەوە لەوێ؟ چونکە وەک دەڵێیت تۆ دایکت نەمابوو، هەستت چۆن بوو کاتێ دووربوویت لە خوشک و براکانت؟
بەهرە عوسمان: ساڵێک ماینەوە، سەدام لێبوردنی دەرکرد و گەڕامەوە، زۆر بەپەرۆش بووم بۆ خوشک و براکانم، بۆ یەکەم جار بوو لە ژیانمدا دوو جار لێیان داببڕێم. 

پەرژینی هاوڕێم و کۆمەڵێک کەس رێی هەندەرانیان هەڵبژارد، بەڵام من نەمتوانی دەستبەرداری خوشک و براکانم ببم هەرچەندە باوکم ژنی هێنابووەوە و ژنێکی زۆر باشیش بوو (هەزار رەحمەت لە گۆڕی بێت)، پێویستیان بە من نەبوو، بەڵام خۆم زۆر نیگەران بووم، لەبەرئەوەی من کاریگەریم لەسەر خوشک و براکانم زۆر بوو، جگە لە خوشک و برایەکی بچووکم، ئەوانی تر؛ حەمە و دارا و ژیانی خوشکیشم بووبوونە رێکخستن. بەهەمان شێوە جەنگیش دایکی نەبوو، ئەویش براکانی زۆر لا مەبەست بوو.

دواتر هاتینەوە بۆ سلێمانی، زۆر لەبەرچاو بووین، نەماندەتوانی خۆمان دەربخەین، بە ناچاریی رێگەی کەرکوکمان گرتەبەر و لەوێ لای کەسوکاری جەنگی نیشتەجێبووین. 

لەوێ بەردەوام بوون لەسەر کار و چالاکیی سیاسی؟
بەهرە عوسمان: لەوێش هەر خەریکی کاری سیاسیی بووین، هاوکار و پشتیوان بووین، چەندین کەسمان حەشارداوە لە کەرکوک و شتومەکمان دەگواستەوە. لە ماڵێکدا بووم پیاوەکە شۆفێری ئێستگەی تەلەفزیۆنی کەرکوک بوو، بەتەواوەتی ئۆتۆمبێلەکەیم ئیستغلال کردبوو بۆ گواستنەوەی خواردن بەبێ ئەوەی بزانێ بۆ کوێی دەبەم. هاتووچۆم زۆر بۆ ئاسان کرابوو، هەتا شوکریە خانیشم بەو ئۆتۆمبێلە برد. 

تا کەی لەوێ مانەوە؟
بەهرە عوسمان: لە ساڵی 1987 گەڕامەوە بۆ سلێمانی، لەوێشەوە چووم بۆ بەلەکجاڕ و هەڵدەرە بە کارێک، کە هاتمەوە بەهۆی شەڕی جاش و پێشمەرگەوە لەسەر رێی قەرەداغ لە حەوتی بەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە بەبارمتە گیراین. دواتر بە پێ گەڕامەوە سلێمانی، ئێوارەکەی گەیشتمەوە ماڵەوە. دوای کاژێر یەک، ئەمن و قوات خاسە دایان بەسەر ماڵی باوکمدا، وتم تازە کەشف بووم لەو شەڕەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان هاتبوون بۆ براکانم، حەمە لە زانکۆی موسڵ بوو، داراش لە سەربازیی هاڵهاتبوو و لە ماڵەوە بوو. 

هەر ئەو شەوە دارایان برد و حەمەش بەیانییەکەی لە زانکۆ گیرابوو و بردبوویان بۆ ئەمنی عامە لە بەغدا. ئێمەش لە ماڵەوە دەستبەسەرکراین و دواتر بردیانین. 
ماڵی باوکم زۆر گەورە بوو، پڕ بوو لە ئەمن و قوات خاسە بەدیارمانەوە، هەرچی لە دەرگای بدایە ئەویش دەستبەسەر دەکرا لەگەڵمان. لە بارێکی دەروونیی زۆر ناخۆشدا بووین، باوکم (بەڕەحمەت بێت) دەیوت: "تۆ فریادڕەسی من بوویت کە لەم کاتەدا لەلامان بوویت." دواتر کوڕی پورەکانیشم گیران، زۆر لە کەسوکار لێمان زوویر بوون، چونکە ئێمەیان بە هۆکاری ئەوە دەزانی کە چوونەتە ناو رێکخستنەکان و کاری سیاسی دەکەن. پاشان هەموویان حوکم دران بە هەتاهەتایی و بە لێبوردنی گشتیی دەرچوون.
بەهرە عوسمان
دوای ئازادکردنتان چیت کرد؟
بەهرە عوسمان: دوای ئازادبوونم لە دەستبەسەریی، چوومەوە بۆ کەرکوک، لەوێش هەواڵمان لێ درابوو کە (موخەریب)م، لە رێی برادەرێکەوە ئاگادارکراینەوە، هەڵهاتین و خۆمان دەرباز کرد. پاشان هاتینەوە سلێمانی و بە کولەمەرگیی دەژیاین. بیرم لەوە کردەوە کە کاری جوانکاریی بکەم، بۆیە لە ساڵی 1990 ئارایشتگام کردەوە لەبەر بژێویی ژیانم. لە ماوەی ساڵێکدا زۆر بە چاکیی خۆم ناساند و کارێکی زۆرم هەبوو، ئارایشتگاکەم لە گەڕەکێکی میللیدا بوو، بووبوو بە سەنتەرێکی ژنان، ئەوەشی کاری لام نەکردایە دەهاتە لام بۆ کات بەسەربردن و قسەکردن، بۆیە دەستکەوتێکی مەعنەویی باشم هەبوو بۆ خۆم و دەوروپشتم. 

لە راپەڕینەکەی ساڵی 1991 چۆن بەشداریت کرد؟
بەهرە عوسمان: لە کاتی راپەڕین، هەرزوو پەیوەندیم پێوە کرا بە مەبەستی شاردنەوەی کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی لەناو ئارایشتگاکەمدا بۆ خۆئامادەکردن، چونکە شوێنەکەی من لە (منڤمە) و تەوارییەکەوە نزیک بوو. ئەو کارانە زۆر قورس بوو، بەڵام چاونەترس بووم و بەشدارییەکی باشم کرد لە راپەڕیندا.

دوای راپەڕین بە چ شێوەیەک بەردەوامبوویت لە کاری سیاسی و حیزبی؟
بەهرە عوسمان: بەڵێ، دوای راپەڕین، لە رێی مەڵبەند و کۆمیتەکانەوە دەستمکردەوە بە کار و چالاکیی. بیرم لەوە کردەوە سەندیکایەک دابمەزرێنم بۆ ئارایشتگاکان و کۆیان بکەمەوە لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا. لە رێی خاتوو کافیە سڵێمانەوە هەوڵمدا و هاوکارم بوو، دواتر رێگریی زۆر بوو بۆ دامەزراندنی سەندیکایەکی سەربەخۆ و کردیانە لیژنەیەک سەر بە سەندیکای خزمەتگوزاری. بە بێ ئاگاداریی خۆم، مهاباد خان و کاک سەردار کاریان کرد بوو کە من هەڵبژێردرێم بۆ سەرپەرشتیی ئەو لیژنەیە. دواتر چوومە سەندیکای کرێکاران وەک ئەندامی لقی سلێمانی، سەرپەرشتیاری ژنانی سەندیکا. زۆر چالاکانە کارم دەکرد و لیژنەی زۆری ژنانم دروست کرد و نوێنەرایەتی ژنانم کردووە لە زۆر کۆنفرانس و خولی پێگەیاندنی ژنی سەرکردە و کادیری سەندیکایی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، کە زۆرینەی ژنان ئێستاش بەردەوامییان هەیە لە سەندیکا. دواتر چوومە مەکتەبی رێکخراوەکان وەک ئەندامی ئەنجومەنی مەکتەب و لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبم. بەپێی پرنسیپی حیزبی، پلەی ئۆرگانیی خۆمم بڕیوە و بۆ تەنها ساتێکیش دانەبڕاوم لە خەبات بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) بەتایبەت بۆ مەودا میدیا سازی كردووە
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە