کوردستانی
لەقائیمقامی سلێمانییەوە بۆ هاوڵاتیان... گرنگ و مەترسیدار
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دوای بڕیاری كردنەوەی دوكان و بازاڕەكانی سلێمانی، رۆژانە دوای داخستنیان دەشۆردێنەوە و داواش دەكات هاوڵاتیان پێوەی پابەندبن.
لە راگەیەندراوێكی قائیمقامییەتی سلێمانی هاتووە "لەدوای بڕیاری کردنەوەی بەشێک لە دووکان و قەیسەری و گوزەرەکانی نێو بازاڕی شاری سلێمانی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی رۆژانە دوای داخستنی بازاڕ و دووکانەکان تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی و لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی شەقام و قەیسەری و گوزەرەکانی نێو بازاڕ دەرمان رێژ دەکەن".
ئەمە وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی کۆرۆنا و ھەڵمەتەکە لە رۆژانی داھاتووشدا بەردەوام دەبێت.
هەروەها، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی " سوپاسی پابەندبونی ھاوڵاتیان دەکات و داوا لە کاسبکاران و ھەموو ھاوڵاتیانی سلێمانی دەکات لەکاتی بازاڕکردن و چونە دەرەوەیان بۆ کڕینی پێداویستیەکان وەک رێکارێکی خۆپارێزی خۆیان بە دووربگرن لە ھەموو جۆرە بەریەککەوتن و کۆبوونەوەیەک و دەستکێش و دەمامک بەکاربھێنن و بەتەواوی پابەندی مەرج و رێنماییە تەندروستیەکان بن".
باسی لەوەشكردووە "هێشتا مەترسی کۆرۆنا نەڕەویوەتەوەو لە ھەر کاتێکدا ئەگەری زیادبونی مەترسیەکان دەکرێت لەبەر ئەوە داوا لە ھاوڵاتیان و کاسبکاران دەکەین بۆ سەلامەتی خۆیان و دەوروبەریان پابەندی بڕیار و رێنماییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بن".