کوردستانی
فراكسیۆنی كۆمەڵى ئيسلامى هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێمی كوردستان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لە راگەیەندراوێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هاتووە "ئەوە مانگی نیسانیش بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران و موچەخۆران بدات و هیچ پلان و هەنگاو و قسەیەکیشیان پێ نیە تا ئومێدێک بۆ خەڵک بگێڕنەوە".
باس لەوەشكراوە "ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ماوەی رابردوودا هەوڵەکانمان چڕکردەوە تا پەرلەمانی کوردستان لەم بابەتەدا کە پەیوەندی راستەوخۆی بە گوزەرانی هەموو هاونیشتمانیانەوە هەیە قسەی هەبێت و حکومەت و وەزارەتی دارایی ناچار بکات بە دەستهەڵگرتن لەم بێباکی و خەمساردییە، بەڵام بەداخەوە لاوازی رۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پاشکۆبوونی پەرلەمان بۆ سیاسەتەکانی حکومەت و زاڵبوونی هەژموونی حزب بەسەریدا گوێیان بۆ نەگرتین و لە ئاستی کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا نەبوون".
هەروەها "لە کوێی دونیادا و چی حکومەتێک هەیە کە ساڵی گەیاندبێتە نیوە و هێشتا نەیتوانیبێت موچەی یەکەم مانگی ساڵ بدات و بە خۆشی بڵێت حکومەت، ئۆباڵی ئەم دۆخە دژوارە و خراپی گوزەرانی خەڵک دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسایەی بێ پلانی و بێ باکی ئەوانەوە، رۆژ بە رۆژ ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت و کۆمەڵگە بەرەو کارەسات دەبات و هیچ کەسیش ناتوانێت خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنی خەڵک تاقی بکاتەوە و ئەنجامی چەوساندنەوە و برسیکردن ئێجگار خراپە و دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت".
"لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنین، دابینکردنی موچە سەرەتاییترین ئەرکی حکومەتە و پێویستە لە زوترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی بکات و دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکاتە پاساوی دواخستنی لەوە زیاتر، چونکە حکومەت ئەگەر خاوەن پلان و سیستمێکی کارگێڕی تەندروستی شەفافی دوور لە گەندەڵیی بوایە، دەبوو بیری رۆژێکی وا لە بەرنامەیدا بێت و پلانێکی هەبوایە کە دەستەوسانی بەردەم خەڵک و فەرمانبەرەکانی خۆی نەبێت".