کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە میدیای بەرپرسیار و ئازادە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە میدیای بەرپرسیار و ئازادە
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا پەیامێک ئاراستەی رۆژنامەنوسان دەکات و رایدەگەیەنێت لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بەمیدیای بەرپرسیار و ئازادە کە لەپاڵ ئەرکە پیشەییەکەیان چاودێرێکی ورد و بەویژدانی ھەموو کایەکانی ژیان بن و ھاوکارو پشتیوان بن بۆ بنیادنانی کوردستانێکی نوێ و ئاوەدانتر.

لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە "پیشەی رۆژنامەنووسی و بواری میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم لەم ھەلومەرجەدا دەتوانێت رۆڵی گرنگتر و کاریگەرتر ببینێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بنیادنانی حکومڕانییەکی باشتر، کە لە ئاست پێویستی و داخوازی کۆمەڵانی خەڵک بێت، هەروەها لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بەمیدیای بەرپرسیار و ئازادە کە لەپاڵ ئەرکە پیشەییەکەیان، چاودێرێکی ورد و بەویژدانی ھەموو کایەکانی ژیان بن و ھاوکارو پشتیوان بن بۆ بنیادنانی کوردستانێکی نوێ و ئاوەدانتر".

ئاماژە بەوەشکراوە "ئیتر کاتی ئەوەیە بەفعلی ھاوکاری رۆژنامەنووسان و میدیاکاران بین و زەمینەی لەبارتر بۆ پیشەکەیان بڕەخسێنین و کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم ئازادی رادەربڕین نەھێڵین، بۆئەوەی ئیتر میدیای کوردی رێگای رۆشنتر و فراوانتربێت بۆ گەیاندنی پەیامێک کە راستگۆیی و بابەتی بوون و پیشەیی بوون زیاتر بەجەستەبکات و رۆژنامەنووسانیش بوێرانە لەخزمەت پیشەکەیاندا پەیامی خۆیان بگەیەنن".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو "لەیادی رۆژنامەگەری کوردیدا، ھەمووان دەبێت ئەو راستییە تەئکیدبکەینەوە، کە نابێت میدیای سەربەخۆ بقۆزرێتەوە بۆ لێدان لە ھەر لایەنێک بە مەبەستێکی سیاسی و بەبێ بەدواداچوون و بنکۆڵکارییەک". 

هاوسەرۆکی یەکێتی باسی لەوەشکردووە "ناکرێت رۆژنامەنووسێک بەناوی رۆژنامەوانی سەربەخۆوە ھێرش بکاتە سەر لایەنێک بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکی ھەبێت، لەبەرئەوەی میدیای ئازاد ئەبێت بەرپرسیاربێت بەرامبەر پەیامە میدیایی و پیشەییەکەی چونکە دواجار رایگشتی دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرھەمی رۆژنامەنووسانەوە".

لەکۆتایشدا هاتووە "بەو ھیوایەی  یادی رۆژنامەگەری کوردی یادێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و رێکخستنەوەی سیاسەتی میدیای کوردی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی رۆژنامەنووسان، چونکە تا بەتەواوی ھاوکارو پشتیوانی رۆژنامەنووسان و میدیای ئازاد نەبین ناتوانین کاروانی چاکسازی و پێشخستنی ئەزموونەکەمان و گۆڕانکاری ریشەیی لە حکومڕانیدا بکەین، بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجەش پشتیوان و داکۆکیکارێکی سەرسەختتان دەبم".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان