ئابووری

دەوڵەمەندەكانی هەرێم روو لە كڕینی زێڕ دەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەوڵەمەندەكانی هەرێم روو لە كڕینی زێڕ دەكەن


مەودا میدیا-
هەرچەندە ئێستا نرخی زێڕ بە تەواوی بەرزە و هاوڵاتییانی ئاسایی توانای كڕینیان نییە، بەڵام بەشێكی زۆر لە دەوڵەمەند و دەستڕۆشیشتووەكان روویان لە كڕین و پاشەكەوتكردنی كردووە. 

هەندرێن وەرتی، خاوەنی یەكێك لە دووكانەكانی زێڕەنگەری لە شاری هەولێر بە مەودا میدیای راگەیاند"نرخی زێڕ لە ئێستادا بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە و هەر هەفتەیەك و نرخێكی نوێ تۆمار دەكات، بۆیەش بەشێكی زۆر لە دەوڵەمەند و دەستڕیشتووەكان روویان لە كڕینی كردووە و ئەوەندەی بتوانن دەیكڕن و هەڵیدەگرن". 

وتیشی"ئێستا هاوڵاتیانی ئاسایی توانای كڕینی زێڕیان نەماوە، بەڵام ئەوەی كە هەیە بەشێكیان بەهۆی گرانی نرخەكەی و پێویستییان بە پارەكەی بە پێچەوانەی دەوڵەمەندەكانەوە لەم كاتەدا زێڕەكانیان بە ناچاری دەفرۆشن". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"ئەو كەسانەش كە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن رێژەیەكی زۆر كەمی زێڕ بۆ هاوسەرەكانیان دەكڕن، بۆ نمونە پێشتر خەڵكی ئاسایی تا 50 مسقاڵ زێڕی بە دیاری بۆ هاوسەرەكەی كڕیوە، بەڵام ئێستا كەمبووەتەوە بۆ تەنها پێنج مسقاڵ و هەندێك كات كەمتریش". 

ئەمڕۆ هەینی، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەكانی هەرێمدا بە 825,000 هەزار دینار مامەڵەی پێوە كراوە، لە كاتێكدا لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو بە كەمتر لە 400,000 هەزار دینار بووە. 
ئ پ 

Qaiwan
Qaiwan