ئابووری

ساڵى داهاتوو ته‌نیا به‌ هه‌ژمارى من مووچه‌ وه‌رده‌گیرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ساڵى داهاتوو ته‌نیا به‌ هه‌ژمارى من مووچه‌ وه‌رده‌گیرێت

مه‌ودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ڕاگەیەنراوێکدا ده‌ڵێت، له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ژمارى من، کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە و هەر کەسێک بەشداری نەکات، مووچەی وەرناگرێت.

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتمان لە هەفتەی رابردوو، لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە، بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو".

یەکەم، لە ئەنجامی رێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەک بەرپرس و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی فواد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عیراق و تەیف سامی وەزیری دارایی عبراق، وەزارەتی دارایی عیراق کۆتایی ساڵی 2025ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

دووەم، هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لەڕۆژی (17ی تەمووزی 2025) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی نێوان حكومەتی فیدراڵیی عیراق و حكومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن. بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە |لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بە کاش و لەلایەک بە سیستەمی بانکی. لە ئێستاشدا لە هەرێمی کوردستان بە رێکكەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بە کاش نامێنێت".

لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی دووپاتی کردەوە "لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنیا لەڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەکرێت، وە هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من، مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت".

ع
Qaiwan
Qaiwan