کوردستانی

لەناو خێزانی شاهانەى سوريا چى دەگوزەرێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەناو خێزانی شاهانەى سوريا چى دەگوزەرێت؟
مەودا میدیا- هێمن سەعید

لە سەرەتای ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، ناكۆكی كەوتووەتە نێوان بنەماڵەی ئەسەد رۆژنامەی گاردیان لە راپۆرتێكدا باس لە ناكۆكیی پشت پەردەی ناو بنەماڵەكە دەكات لە نێوان بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا و رامی مەخلوفی، سەرمایەداری سوری و خاڵۆزای بەشار ئەسەد.

لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی گاردیان هاتووە "رامی مەخلوف، ملیاردێری سوری، ماوەی 20 ساڵە هاوكاریی دارایی بەشار ئەسەد دەكات و لە ساڵی 2012وە هاوکارییەکانى زۆر زیاتر کردووە." 

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە "مەخلوف، سەرمایەكەی بە بەهای دەیان ملیار دۆلارە، زیاتر لەسەدا شەستى ئابووریی سوریای كۆنتڕۆڵ كردووە و بە ئیمپڕاتۆری كار ناسراوە لە بوارەكانی بازرگانیی نەوت و پەیوەندی و خانووبەرە و رێگاوبان."

ئەوەشخراوەتەڕوو"ناكۆكییەكانی نێوان ئەسەد و مەخلوف كاتێك پەرەیسەند كە روسیا نیگەران بوو لە درێژەكێشانی گرفتەكانی ئەسەد و لاوازیی لە كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ناوخۆی سوریا." 

باس لەوەشکراوە "لەئێستادا روسیا دەیەوێت بەرهەمی هەوڵەكانی خۆی بچنێتەوە، لە لایەك گوشار دەخاتە سەر ئەسەد بۆ تەنازولكردن لە ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆی ئاشتی بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی لەپێناو دانپێدانانی نێودەوڵەتی. لە لایەكی تریشەوە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی سوریا بۆ روسیا وەك خەزێنەیەكی شاراوە وایە كە لە داهاتوودا پێویستی پێیەتی."

لە تازەترین ڤیدیۆیدا، مەخلوف پەیامێك ئاڕاستەی ئەسەد دەكات، کە تیایدا هۆشداریی دەداتێ لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ناتەندروستی نامرۆڤانە بەرانبەر هاوڵاتییەكان و كارمەندانی كۆمپانیای رامی مەخلوف و دەڵێت "ئەوانە خەڵكی خۆتن و هاوڵاتیی وڵاتەكەتن، ئەگەر بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، زۆر خراپ دەبێت و وڵات دەكەوێتە مەترسییەوە."

 هەروەها بەپێی هەندێك لە سەرچاوە عەرەبییەكان، خانمی یەكەمی سوریا (ئەسما‌ ئەسەد)، رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە دروستكردنی درز لە نێوان بنەماڵەكەدا و دەیەوێت خۆی وەك سەركردەیەك رۆڵی هەبێت لە ئاڕاستەكردنی رووداوەكان، بەتایبەتی دووبارە ژیاندنەوەی ئابووریی سوریا.

لە راپۆرتێكی واشنتۆن پۆستدا، رامی مەخلوف بە بزوێنەری سەرەكیی دارایی بنەماڵەی ئەسەد دادەنێت و دەڵێت "لە ساڵانی جەنگی ناوخۆدا، مەخلوف، گەورەترین پاڵپشتی دەزگای ئەمنیی سوریا بووە. لە ئێستادا ئەسەد داوای پارەیەكی زۆری لێ دەكات و ئەویش وەك خۆی دەڵێت توانای نییە ئەو بڕە پارە زۆرە بدات."

بەپێی وتەی رامی مەخلوف، حكومەتی سوریا داوای بڕی 180 ملیۆن لیرەی سوری لێ دەكات وەك باجی سەر كۆمپانیاكانی. هەروەك خۆی دەڵێت؛ ئەو رازییە بە پێدانی ئەو باجە، بەڵام بەشێوەی قیست نەك بەسەریەكەوە.

لە نوێترین هەواڵدا، پێگەی ئەلجەزیرە رایگەیاندووە "ململانێی نێوان ئەسەد و مەخلوف زۆر لە وەرگرتنی باجی كۆمپانیاكان زیاترە، بەڵكوو ناكۆكییەكانی نێوانیان لەسەر بڕی زياتر لە 120 ملیار دۆرلارە كە لە دەرەوەی سوریایە".

هەر بەپێی راپۆرتەكەی جەزیرە؛ گەورەترین بەڕێوەبەری كۆمپانیاكانی مەخلوف لە سوریا، دەستبەسەر كراوە و رێگای چوونەدەرەوەی لێ قەدەغە كراوە.

هەروەها پێگەی ویكلیكس، ساڵی 2011، ئاماژەی بە بڕی 10 ملیار دۆلاری سوری كردووە لە یەكێك لە لقەكانی بانكی جنێڤ. 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان