کوردستانی
مەسرور بارزانی: حکومەت هەرچی لە توانایدا بێت دەیكات لە پێناو دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ 13ی ئایاری 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێکران یەکێک لەو پرسانەش دابەزینی نرخی نەوت بوو.
ئەمڕۆ 13ی ئایاری 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێکران یەکێک لەو پرسانەش دابەزینی نرخی نەوت بوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێکد رایگەیاند "لەسەرەتادی کۆبوونەوەکە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی كرد بە هیوای چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندی گشتی هاوبەش، دواتر تیشكی خستە سەر دۆخی دارایی ئێستای حكومەت و ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستانیش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت وكۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی ، وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان دووچاری دۆخێكی سەختی ئابووری بووەتەوە، بۆیە دەبێ خۆمان لە گەڵ دۆخی ئێستاو ئەو توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەستماندایە بگونجێنین و كۆی گشتی دۆخی ئابوریمان بەپێی گۆڕانكارییەكان رێكبخەینەوەو بەردەوام بین لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی".
ئەوەشخراوەتەڕوو "سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لەوە كردەوە كە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات و هەرچی لە توانایدا بێت دەیكات لە پێناو دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حوكمڕانیكردن تەنیا مووچە دابەشكردن نییە، بەڵكو پێویستە هەوڵبدەین خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجام بدرێت ئەمەش پێویستی بە رێكخستنەوەی دۆخی ئابووریمان هەیە".
لەبەشێكی دیکە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "پاشان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی خستەڕوو، جەختیشی لەوە كردەوە كە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی نوێی عیراق بەردەوامە تایبەت بەچارەسەركردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان" .
هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو "لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی رەشنووسی چەند پڕۆژە یاسایەك كرد لە بوارەكانی (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان، پرۆژە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، و پرۆژە یاسای ماف و ئەركەكانی نەخۆش) و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش راسپێردران بۆ گەڵاڵەكردنی دوا رەشنوسی ئەو یاسایانە بەمەبەستی بڕیاری كۆتایی وڕەوانەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان".
لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە لە رێزگرتن لە فرە رەنگی و مافی گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانی هەرێم. كۆبوونەوە دووپاتیكردەوە، ئەم هەرێمە بەجیاوازی پێكهاتەو رەنگەكانییەوە جوانەو مافی هەمووانیش بێ جیاوازی پارێزراو دەبێت.