کوردستانی

قوباد تاڵەبانی بۆ هاوڵاتیان: مووچە چارەسەر دەكەين

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی بۆ هاوڵاتیان: مووچە چارەسەر دەكەين
مەودا میدیا-

بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و وێڕای پیرۆزبای جەژن لە هاوڵاتیان دەشڵێت " حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆكی حكومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەكانەوە، بە هەموو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینكردنی مووچە و چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە".

هاوڵاتیانی خۆشەویست…
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەموولایەك دەكەم، دەخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و یەكڕیزی لە كوردستان تاكو پێكەوە ڕووبەڕووی تەنگەژەكانی بەردەممان ببینەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەریی خراپیان لەسەر بەرنامەكانی حكومەت بۆ چاكسازی و بنیاتنانەوە و رەخساندنی هەلی كار دانا، گرنگیدانی ئێمەشی گۆڕی بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینكردنی مووچە.
بە هەوڵ و ماندووبوونی تەندروستكاران و هێزە ئەمنییەكان و پابەندیی هاوڵاتیان، رێگری كرا لە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا، بەڵام هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەردەوامە، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەردەوامیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان.
حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆكی حكومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەكانەوە، بە هەموو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینكردنی مووچە و چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە، لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردوە بۆ رێككەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حكومەتی ناوەند. دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر كردووەتەوە و ئێستا لێكتێگەیشتن لەهەمووكات زیاترە و گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كابینەكەی بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چارەسەركردنی بەشی زۆری كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
لەدوای 2014 وە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بووین، بەڵام هیچ كات بێخەم نەبووین و هەموو دەرفەتەكانمان قۆستۆتەوە بۆ چاكسازی و خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و لەڕێی یەكگرتوویی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەكەمان بپارێزین و لەكێشەی ناوخۆیی بەدووری خەین. جگە لەمەش، تۆماری بایۆمەتری و بە ئەلەكترۆنیكردنی هەندێ لەكارەكانی حكومەت، پڕۆژەی خزمەت و وردبینیكردنی داهاتی نەوت و یاسای چاكسازی بەشێك لەو هەوڵانە بوون كە خەریكە وردە وردە كاریگەرییەكانیان بۆ هەموو لا ئاشكرا دەبێت. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتیشدا، توانرا یاسای چاكسازی بەكردەیی پەسەند بكرێت.
لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی مووچە ، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و دابینكردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستكردنی متمانە سەرناگرێت ، نابێت دەرفەتەكان بە هۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین ، پێویستمان بە دروستكردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت، لەنێوان حكومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا.
لە كۆتاییدا خوازیارم جەژن ببێتە بۆنەیەك بۆ ئاشتەوایی سەرانسەری، بۆ پتەوكردنی تەبایی نێوانمان. جارێكیتر جەژنی هەموو لایەك پیرۆز بێت بەتایبەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكان و پەرستشی رۆژووەوانانیش قبوڵ بێت و هەمووان پارێزراو و تەندروست بن.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان