ئابووری
حكومەت لە بارەی 27 ملیار دۆلار قەرزەكە روونكردنەوە دەدات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی قەرزەكانی حكومەت روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم، کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە.
دەقی روونكردنەوەكە:
لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم، کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە . لە راستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم.
دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، ھاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.
وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە کە لەگەڵ ھاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە ، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/5/26