کوردستانی

بڕیاری دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان کاردانەوەی لێکەوتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیاری دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان کاردانەوەی لێکەوتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد 

دوێنی 26ی ئایاری 2020 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ بهێنرێت و نمرەی تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم بۆ خوێندکاران هەژمار بکرێت، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت "ئەم بڕیارە سەر لێشوانی بۆ خوێندکار و مامۆستایان دروستکردووە".

دکتۆرە سەیران تەها، مامۆستا لە بەشی یاسای زانکۆی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "مامۆستا و خوێندکار کەوتوونەتە گێژاوێکەوە کە بەدەست خۆمان نییە و ئەم بارودۆخە نالەبارە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە کە لە کوردستان و عیراق و جیهان بڵاوبووەتەوە، بەڵام دەبێت هەموو شتێک بەپلان بێت و ئێوەی ئێمە تێیکەوتوین هیچ لە هیچ پلان و ستراتیژێک نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی خوێندنی باڵا بە پلان کاری بۆ خوێندنی ئەلکترۆنی کرد و مامۆستایان سەرقاڵکرد بۆ ئامادەکردنی وانەکان بە دەنگ و ڤیدیۆ و خوێندکاران هیچ کێشەیەکیان لەگەڵدا نەبوو، بەڵام رۆژێ پێش جەژن بڕیاردرا کە هیچ لەو بابەتانە داخڵ نەبێت، دواتر بڕیاریدا بە دەرچوونی خوێندکاران درا بەبێ ئەوەی هیچ پرسێک بە مامۆستایان و ئەنجومەنی زانکۆ بکرێت".

دکتۆرە سەیران ئەوەشی خستەڕوو "ئەم بڕیارە سەر لێشوانی بۆ خوێندکار و مامۆستایان دروستکردووە، چونکە خوێندکار هەیە دەچێتە پۆلی چوار و پێنجی بنەڕەتی خوێندنەوە و نوسین بە باشی نازانێت، بەهۆی ئەوەی هەر ساڵە و کارەساتێکی وای بۆ دروست دەکرێت و دەتوانرا رێگایەک بدۆزرایەتەوە قەرەبووی ئەو دوو مانگەیان بۆ بکرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو بڕیارە بڕیارێکی زۆر خراپبوو و کارەساتێکی زۆر گەورەیە و رێز بە زانستەوە نەما، چونکە دەبوایە رای مامۆستا و شارەزاین وەرگیرایە ئینجا ئەو بڕیارە بدرایە، لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە لە سوودی خوێندکاران و سیستەمی پەروەردەیی نییە".

ناوبراو وتی "خوێندنی باڵا و پەروەردە بووە بە بڕیاری سیاسی و سەرجەم شتەکان بە سیاسیی کراون، یاخود ئەم بڕیارە بۆ ئەوەبێت کە مامۆستایان داوای مووچەکانیان نەکەن، چونکە لەماڵەوە بوون".

لەبارەی بڕینی مووچەی مامۆستایانەوە وتیشی "دەمێکە بڕیار لەسەر بڕینی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دراوە بەناوی چاکسازییەوە، بەڵام بۆ پەرلەمانتاران داوایان لێدەکرێت ئەگەر دەیانەوێت دەستبەرداری مووچەی خانەنشینیان بن نوسراو پڕبکەنەوە".
Qaiwan
Qaiwan