کوردستانی
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێکران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد.
لە کۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ سێشەمە 2/ 6/ 2020 لە هەولێر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد، هەروەها هەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. یوسف گۆران بەشدار بوون، بە گرنگییەوە باس لە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا کرا و بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە و مەترسییەكانی داعش تاوتوێ كران.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عیراق کرا کە بڕیارە لەم مانگەدا بە بەشداری هەریمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەمبارەیەشەوە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، هەرێم دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لەسەرخستنی ئەم دیالۆگەدا.
لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی، بۆچوونی حکومەتی هەرێمی سەبارەت بە چۆنیەتی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا شیکردەوە، باڵیۆزی ئەمریکاش پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی.