کوردستانی
مەزڵوم كۆبانێ بە نهێنی هاتووەتە سلێمانی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراونەتەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی سوپای سوریای دیموكرات بەنهێنی هاتووەتە سلێمانی و لەوێوە سەردانی بەغدای كردووە.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، فەرماندەی سوپای سوریای دیموكرات دوای ئەوەی بە فڕۆكەیەكی تایبەت هاتووەتە شاری سلێمانی، لەوێوە چوەتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی لە بەغدا كۆبوونەوەی تایبەتی كردووەو كۆبوونەوەكەش دوور لە چاوی راگەیاندنەكان بووە و بە نهێنی ئەنجامدراوە.
لەو بارەیەوە فەتحوڵا حسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بە مەودا میدیای راگەیاند "لە راستیدا هیچ زانیاریمان لەسەر ئەو سەردانە نیە".
ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەلاتی سوریا بەبێ ئەوەی هاتنی سەردانەكەی مەزڵوم كۆبانێ رەتبكاتەوە وتی "ئێمە قسە لەسەر پرسە سیاسییەكان دەكەین، هیچ زانیارییەكمان لەسەر پرسە سەربازیەكان نییە".
هەر بەپێی زانیارییەكان، پرسی سەردانەكەی مەزڵوم كۆبانێ بۆ بەغدا، لە بارەی شەری داعش و هەماهەنگی لەنێوان سوپای عیراق و هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە لە شەڕی دژ بە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش.