خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

مانەوەی ئەمەریکا و یەکەم ئەزموونی فواد حسێن

ھەفتەی دادێ، شاندی عیراق و ئەمەریکا یەکەمین دانیشتن لەبارەی چۆنیەتی مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق ئەنجام دەدەن.

دوای وەرگرتنی جانتای پرۆتۆکۆلی لە وەزیری پێشووی دەرەوەی عیراق، یەکەم ئەزموونی دیپلۆماسی لەبەردەم فواد حسێن قووت دەبێتەوە، ئەزموونێکی سەخت و دژوار، لەگەڵ ئەوەی ھێژا حسێن دکتۆرای لە پەیوەندییەکانی نێوەدەوڵەتی ھەیە، بەڵام لە ئاستی کرداردا بۆی سەخت دەبێ.

ھێزەکانی شیعی، سوننە و کورد جیاواز بیری لێدەکەنەوە، لە ئەمەریکاش جیاوازیی بۆچوون لەبارەی مانەوەی ھێزەکانیان ھەیە، دەشوترێ ئێران، سەرەڕای ھاشوھوشی مێدیایی، کەچی ھەر مانەوەی سنوورداری ھێزەکانی ئەمەریکای پێ باشە، نەبادا داعش بەزوویی لە دڵی ئێستای ئێران، مەبەستم بەغدایە، نزیک ببێتەوە و ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خوری.

ھێزەکانی کوردستان بەگشتی خواستی مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکایان ھەیە، رەنگە کاریگەریی کورد زۆر نەبێ، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەمەریکا نرخ بۆ ھەڵوێستی کورد دادەنێت، ئەگەرچی زۆریش گوێی پێ نادات.

فواد حسێن چۆن دەتوانێ گوازرشت لە سیاسەتی کوردستان بکات ئاسان نییە، بەتایبەت وی یەکێکە لە سەردەستەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و لەسەر ئاستی شەقامی شیعیی مەیلەو ئێران دڵمەند نییە.

شەو ھێشتا ماویەتی، زۆر نییە رۆژ بووەتەوە و ھێشتا وەزیرەکانی حکومەتی کوردستانی گیرۆدە بە گەندەڵی و کێشە نەھاتوونەتە نووسینگەکانیان، کاروانی سەربازیی ئەمەریکا دێنە نزیک ھەولێر و سیستمی بەرگریی پاتریۆت دادەمەزرێنن، رەنگە راست بێت بێژم من و ئێوە و وەزیری پێشمەرگە ھەروەکو یەکتر ئاگامان لەو کارەی ئەمەریکا ھەبووبێت.

عیراق و کوردستان ھێزی سەربازی و بەرخودانکاریان ھەنە، بەڵام پڕن لە ئاریشە و نائاگایی کرداری، لەسەر ئاستی شەقام زۆرینە مانەوەی ئەمەریکایان لا گرنگە، بەڵام بۆ جۆشدانەوەی بازاڕی دەنگدان بۆ شیعە شتێکی دیکەیە.

فواد حسێن ئەزموونێکی سەختی لەپێشە، دیدی ھێژا بارزانی دەکاتە ئەجێندا یان ھاشوھوشی ھادی عامری و قەیس خەزعەلی و موقتەدا سەدر، گوێچکەی ھێژا حسێن لە مستی ھەولێرە یان بەغدا، وەڵامی ئەم ریسک و پرسیارە ئاڵۆزە و رەنگە بەزووییش نەیەتە دەست، ھەرنا لەبەرئەوەی دانیشتنەکان زۆریان دەوێ، نەک ھەفتە، بگرە مانگ و ساڵیشیان پێویستە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan