کوردستانی
گەنجانی بازیان: خۆپیشاندانەکەمان بەردەوام دەبێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- گوڵالە سیروان
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمەڵێک گەنجی بێکاری ناحییەی بازیانی سەر بە شاری سلێمانی، دەستیان بە خۆپیشاندان کردو رێگەی سەرەکی بەشێک لە کارگەکانیان داخست داخست.
خۆپیشاندانەکە لەلایەن ژمارەیەک گەنجی بێکاری ناوچەکەوە کراوەو داوا دەکەن کرێکارە عەرەب و ئیزیدییەکان لە کارگەی بەرهمهێنانی چیمەنتۆی گاسن کە لە ناوچەکەیە، لە کارگە لاببرێن و کرێکاری ناحییەکە بخرێنە شوێنیان، گەنجێکی خۆپێشاندەر پێ خۆش نەبوو ناوی بهێنریت بە مەودا میدیای وت "تەنها دەمانەوێت کرێکاربین لەو کارگەیە و مافی یەزیدی و عەرەبەکانمان پێبدەن" وتیشی "خۆپیشاندانەکەمان بەردەوام دەبێت تاوەکو دەبینە کرێکار".
کارگەی چیمەنتۆی گاسن، لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی فاروقەوە درستکراوە، زەویەکەی هی کۆمپانیای وشەی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، لە سەدا 15 ی داهاتی ئەو کارگەیە بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە.
مەودا میدیا پەیوەندی کرد بە ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحییەی بازیان، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.
ناحییەی بازیان لە رووی پیشەسازی بیناسازی و بوارەکانی تر خاوەنی زۆرترین کارگەیە و بە سەدان کارگەی بچوک و مام ناوەند و گەورەی تێدایە لەبوارە جۆربەجۆرەکان.