کوردستانی

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی، ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمـی کوردستان کرا.

سەرەتا وەزیری ناوخۆ راپۆرتی خۆی خستەڕوو، دواتر وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی وردی لە بارەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی خستەڕوو، سەرەڕای خستنەڕووی چەند داواکاری و پێشنیارێک، هەروەها دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی، لیـژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم بڕیارانەی دا: 

یەکەم: بەردەوامبوون لە رێکارەکانی خۆپارێزی و کەرەنتینەکردن و چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ تووشبووان و بەرکەوتووان و گەشتیاران و چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە. 

دووەم: سەپاندنی بەزۆر بۆ بەستنی دەمامک لە هەموو دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان و دابینکردنی بۆ هەر هاوڵاتییەک کە سەردانی فەرمانگە و دامەزراوە گشتییەکان دەکات و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 

سێیەم: خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم. 

چوارەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری پێویست پێشکەش بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەمامک و هۆکارەکانی دیکەی خۆپارێزی دەکەن تاوەکو بە ئاسانی و بە کواڵێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان. 

پێنجەم: رێگەپێدان بە وەزارەتی تەندروستی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاقیگەیی و دانانی میکانیزمی نوێ و پێویست بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەویش لە دوای دڵنیابوونی وەزارەت لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان و کواڵێتی لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزارەت و تاقیگە گشتییە تایبەتمەندەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبن لە ڕێکاری تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەردەوامی وەزارەت بۆ گەڕان بە شوێن تووشبووان و  بەرکەوتووەکان و ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێ. 

شەشەم: راسپاردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق و نووسینگەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێـراق و هەرێمـی کوردستان و کونسڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکاری و پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمـی کوردستان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

حەوتەم: بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمـی کوردستان و توندترکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی ئەم قەدەغەیە لە نێوان هەرێمـی کوردستان و پارێزگاکانی عێـراق و ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی دەوامی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەتایبەتی ئەوانەی دانیشتووی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن بە جۆرێک بتوانرێ کەمتـرین هاتووچۆ و بەریەککەوتن هەبێت، و هەمان شت ڕەچاو بکرێت لەلایەن وەزارەت و لایەنەکانی دیکە بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتەکانیان کە نیشتەجێی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان