راپۆرت

پەکەکە و پارتى دوو حزبەکەى مانگی ئاب

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەکەکە و پارتى دوو حزبەکەى مانگی ئاب
مەودا میدیا- تاژان عوسمان

پارتى دیموکراتى کوردستان و پارتى کرێکارانى کوردستان "پەکەکە" نێوانی دامەزراندنیان لە مانگی ئابدا یەک رۆژە و لەسەر ئاستى سیاسی و سەربازییش بەردەوام پەیوەندییەکانیان خراپە و لە قۆناغی جیاوازیشدا شەڕى چەکداریى یەکیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە زارى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و موراد قەرەیڵان، ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" راگەیەنرا کە هەردوولایان بڕیاریانداوە شەڕى چەکدارى لەگەڵ یەک نەکەن و بە "حەرامی سیاسی" ناویان برد.

رۆژى 15ى ئابی 1984 پارتى کرێکارانى کوردستان دواى شەش ساڵ لە دامەزراندنى بەشێوەیەکى نهێنى و رێکخراوەیی، شەڕى چەکدارى لە دژى سوپای تورکیا راگەیاند و وا ماوەى 35 ساڵیشە شەڕەکە بەردەوامیی هەیە. بەو هۆیەیشەوە لە کورد و تورک و بەپێى ئامارەکان نزیکەى 50 هەزار کەس کوژراو و شەهیدبوون.

هەرچى پارتى دیموکراتى کوردستانە رۆژى 16ى ئابی 1946 دامەزراوە و لەماوەى 73 ساڵی تەمەنیدا بەچەند وێستگەى سیاسى و سەربازیی گرنگدا تێپەڕیوە، دیارترینیشیان رێککەوتنى 11ى ئازاری 1970 و نسکۆی شۆڕشی ئەیلولە لە ساڵى 1975.

پارتى و پەکەکە: ململانێ و ناکۆکی بەردەوام
مێژووى پەیوەندییەکانى پارتى و پەکەکە مێژوویەکى ئاڵۆزە، بەپێى لێدوانى زۆرینەى بەرپرسانى ئەو دوو حیزبە کە بۆ راگەیاندنەکان داویانە بەردەوام گرژی و ئاڵۆزی و یەکتر تۆمەتبارکردن دەبینرێت، کێرڤى لێدوان و ململانێکان بەڕادەیەک بەرزبووەتەوە کە چووە قۆناغى شەڕى براکوژی و بەو هۆیەیشەوە سەدان پێشمەرگە و گەریلای کورد شەهیدبوون.

بەشی زۆرى ململانێکانى پارتى و پەکەکە دەگەڕێتەوە:
یەکەم: پرسی خاوەندارێتى لاى پەکەکە و پارتى هەمیشە جێگاى ناکۆکی بووە، هەریەکە لە پارتى و پەکەکە بانگەشەى خاوەندارێتى لە شۆڕشی کورد و بزووتنەوەى ئازادییخوازی خەڵکى کوردستان دەکەن و ئەوەش وایکردووە دووچارى ململانێى توند ببن لەگەڵ یەکترى.

دووەم: عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە پارتى بەحزبێکى خێڵەکی دەزانن و رایانگەیاندووە کە پارتى ناتوانێ گوزارشت لە ئازارەکانى کورد
 بەوەى چینێکى خێڵەکی و بورژوازی دەستیان بەسەر پارتیدا گرتووە.

سێیەم: پارتى دیموکراتى کوردستان بانگەشەى پەکەکە رەتدەکاتەوە بۆ خاوەندارێتى لە دۆزی کورد و پەکەکە بەحزبێکى پڕۆلیتاریاى دیکتاتۆر ناودەبات، پێیی وایە پەکەکە بڕواى بەئازادی کارى سیاسی نییە و لەهەر کوێ بتوانێت رێگە بەحزبی دیکە نادات کە کارى سیاسی بکات.

چوارەم: پارتى و پەکەکە ناکۆکن لەسەر بەشەکانى دیکەى کوردستان بەتایبەت رۆژئاواى کوردستان. پەکەکە لەڕێگاى پارتى یەکێتیی دیموکراتیک "پەیەدە" و یەکینەکانى پاراستنى گەل "یەپەگە"ەوە دەستى بەسەر رۆژئاوای کوردستاندا گرتووە، هەرچى پارتى دیموکراتى کوردستان لەڕێگاى "هێزی پێشمەرگەى رۆژ" و ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لە سوریا "ئەنەکەسە"ەوە دەیەوێت بوونى خۆى لە رۆژئاواى کوردستان بسەلمێنێت و هەردوولاش هەوڵەکانى یەکتر رەتدەکەنەوە.

پێنجەم: پارتى دیموکراتى کوردستان پەیوەندی پەیەدە بە رژێمەکەى بەشار ئەسەد بە "خیانەت و دووڕوویی سیاسی" ناودەبات، هەرچی پەکەکەیە پەیوەندی پارتى و تورکیا بە "خیانەتى گەورە" وەسف دەکات.

شەشەم: سەبارەت بەبوونى پارتى کرێکارانى کوردستان و هێزەکانى پاراستنى گەل "هەپەگە" پارتى رەتیدەکاتەوە و پێیوایە هۆکارى لەشکرکێشییەکانى سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان و داواى چوونە دەرەوەى پەکەکە لە باشوورى کوردستان دەکات، لەبەرانبەردا پەکەکە ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە و پێیوایە پارتى هەوڵى لەناوبردنى پەکەکە دەدات و راشیگەیاندووە ئەوان باشوورى کوردستان دەپارێزن.
 
کوژاندنەوەى ئاگری شەڕەکە.. بارزانى و قەرەیڵان چییان وت؟
مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەروەختێکدا ململانێى حزبەکەى لەگەڵ پەکەکە لەوپەڕى توندیدایە، هەفتەى پێشوو لە وتارێکیدا کە لە لاپەڕەى بارەگاى بارزانى بڵاوکرایەوە رایگەیاند "نابێت خوێنى کورد بەدەستى کورد بڕژێت. ئەمە بووەتە مەبدەئێکى تەواو".

بەدواى ئەو قسەیەدا موراد قەرەیڵان، ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى کۆماجاڤکێن کوردستان رایگەیاند "دەفتەرى شەڕى ناوخۆمان بەشێوەیەک داخستووە کە هیچ کات نەکرێتەوە. زمانیشیمان ناگەڕێت بڵێین شەڕى ناوخۆ".

ئەو دوو راگەیاندنەى موراد قەرەیڵان لەکاتێکدایە کە ململانێکانى پارتى و پەکەکە چاوەڕوانى گرژبوونى زیاترى لێدەکرا، هاوکات لەسەر ئاستى رەسمى هیچ دانووستانێک لەنێوان پارتى و پەکەکەدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستى گشتى ئەو دوو قسەیە "هیوابەخش" بوون و وەکو دەرفەتێک بۆ نزیکبوونەوەى پارتى و پەکەکە لێکدرانەوە.


Qaiwan
Qaiwan